فەرماندەیى گشتیى یەبەشە: تۆڵەى مام زەکى دەکەینەوە

فەرماندەیى گشتیى یەبەشە رایگەیاند، بە هێرشکردنە سەر مام زەکى شەنگالی دەیانخواست فەرمانە نیوەناچڵەکەیان بۆ کۆمەڵکوژکردنى ئێزدییەکان تەواو بکەن. راشیگەیاند، تۆڵەى مام زەکى شەنگالی دەکەنەوە.

 فەرماندەیى گشتیى یەکینەکانى بەرخۆدانى شەنگال (یەبەشە) لەبارەىى هێرشى تورکیا بۆ سەر شەنگال و شەهیدبوونى مام زەکى شەنگالی ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى گشتیى کۆمەڵگەى ئێزدییەکان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى یەبەشدا هاتووە، لە هێرشەکەى تورکیادا بۆ سەر شەنگال ٣ شەڕڤانى یەبەشە برینداربوون.

دەقی راگەیاندراوەکەى یەبەشە

"لە ١٥ى تەباخ (ئاب)ی ٢٠١٨دا و ساڵیادى کۆمەڵکوژیى گوندی کۆچۆدا لەلایەن دەستە بەرپرسیارەکانى فەرمان و کوشتاری سەر کۆچۆ، هێرشێکى تر ئەنجامدرا. لەو هێرشە نەگریسەدا ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى گشتیى کۆمەڵگەى ئێزدى مام زەکى شەنگالی شەهید بوو. ئەو هێرشە شومە لە کاتژمێر ٤ى ئێوارەدا و کاتى گەڕانەوە لە مەراسیمى کۆچۆ دا ئەنجامدرا. لە هێرشەکەدا ٣ هەڤاڵ کە لەگەڵ هەڤاڵ زەکى شەنگالی دا بوون و ئەرکى دابینکردنى ئاسایشیان بەڕێوەدەبرد، بریندار بوون. چیرۆکى خیانەتکردن لە کۆچۆ خۆى جارێکیتر زیندوو کردەوە. کوشتاری کۆچۆ لە ١٥ى ئاب دا بە عەقڵییەتى دوژمنایەتى و زوڵمکردن لە گەلی سەر ئەم خاکە ئەنجامدرا.

 هێرشەکەى ١٥ى تەباخی ٢٠١٨ و هێرشەکانى تر و شێوازەکانیان، پلانى دوژمن بووە بۆ سەر رەسەنایەتى و هۆشى مێژووییمان. هەموو ئەو هێرشانە بە درێژایى مێژوو کراونەتە سەر بە پلان ئەنجامدراون، بۆیە بە روونی لە ماناکانى هێرشەکەی ١٥ى تەباخ تێدەگەین.

"هێرشەکە بۆ تەواوکردنى فەرمانەکەیە"

هێرشەکە لە دژی مام زەکى شەنگالی کەسایەتیى رەنجدەر و بونیاتنەر و رێبەری تێکۆشانی ئێمە، بەردەوامیى هێرشە قورس و توندەکانى مێژووە بۆ تۆڵەکردنەوەى مێژوویی لە ئێزیدخان، گەلی بندەست و کۆمەڵگەى ئازادیخواز. بە هێرشکردنە سەر مام زەکى شەنگالی خواستیان پلان و خەونیان بۆ فەرمانى سەر ئێزدییەکان تەواو بکەن. کەسایەتیى مام زەکى لە دژی فەرمان راوەستا و هەوڵی دا بە شێوەى زانستى رێکخستن و یەکێتیى گەلەکەمان دروست بکات و هەموو بوونى خۆى خستە خزمەت ئەو ئامانجە و لەبەر ئەوەش کرایە ئامانج.

"بە دڵنیاییەوە تۆڵەى مام زەکى دەکرێتەوە"

ئێمە وەک یەکینەى بەرخۆدانى شەنگال (یەبەشە) و یەکینەکانى ژنانى شەنگال (یەژەشە) رایدەگەیەنین، ئەو هێرشەى سوڵتانەکەى داعش، کە بە عەقڵییەتی شوم و نەگریس و دوژمنکارانەى ئەردۆغان ئەنجامدراوە و بووەتە هاوکاری داعش، لە کەسایەتی مام زەکى شەنگالی دا هێرشى کردووەتە سەر کۆمەڵگەى ئێزدی و دەبێت باجەکەى بدەن. بە دڵنیاییەوە تۆلەى مام زەکى دەکرێتەوە. وەک یەبەشە بە تێکۆشان و بەرخۆدانى خۆمان سەلماندوومانە کە هەر دڵۆپێکى خوێنى شەهیدان، ئێمە گەورەتر دەکات و هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوەمان دەبات. هەر دۆڵۆپێک خوێنى شەهید دەبێتە کۆڵەکەیەکى یەکێتیى گەلەکەمان و گەورەبوونى یەبەشە و یەژەشە.

"دەبینە درێژەپێدەرى ریگاکەى مام زەکى"

هەروەها پێویستە هێزە پەیوەندیدارەکان لەبارەى ئەو هێرشەوە هەڵوێست خۆیان روون بکەنەوە. ئەو هێرشەى دەوڵەتى تورک و هاوکارەکانیان بۆیان نامێنێتەوە و ناچێتە سەر. ئێمە هەڵوێست و تێکۆشانى مام زەکى دەکەینە هێز و هەڵوێستى یەبەشە و یەژەشە. هیچ هێرشێک بۆ سەر ئەم خاکە بێ وەڵام نامێنێتەوە. ئێمە تاوەکو دوا دڵۆپى خۆێنمان گەلەکەمان و بەهاکانی گەلەکەمان دەپارێزین. ئێمە دەبینە درێژەپێدەری رێگاکە و خەونەکەی مام زەکى و هێزى پاراستن و بەرگریکردنمان مەزنتر دەکەین و ئازادیى ئەم خاکە مسۆگەر دەکەین. بەڵێنى تێکۆشان و مسۆگەرکردنى سەرکەوتن دەدەینە مام زەکی. ئێمە بە مامی خۆمان دەڵێین، ئێمە تۆڵەت لە دوژمن دەکەینەوە".

ر.م