قەرەسوو باسی ئەوە دەکات چۆن لە زینداندا لە هەڵمەتى ١٥ى ئاب ئاگادار بووەتەوە

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە باسى ئەوەیکرد، کە چۆن لە زینداندا لە دەستپێکردنى هەڵمەتى ١٥ى ئاب ئاگاداربووەتەوە. سەرنجیشى خستە سەر ئەنجامەکانى ئەو هەڵمەتە.

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە میوانى بەرنامەى "دلستان" بوو لە رادیۆ دەنگى وڵات و وەڵامى پرسیارەکانى پەیامنێر جوان تونج دایەوە.

قەرەسوو بەبۆنەى ٣٤هەمین ساڵیادی هەڵمەتى ١٥ى ئابەوە لێکدانەوەى بۆ شەڕی گەریلایى کرد. ئەوەشی بە بیرخستەوە لەوکاتەدا عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد، کە گەریلاکانى رەوانەى چیاکانى کوردستان کرد پێى وتن "ئێوە دەبنە ئاوی ژیان بۆ رۆح وشککراوەکەى کوردستان".

قەرەسوو راشیگەیاند، هەڵمەتى ١٥ى ئاب وەک یەکەم فیشەکە کە نرابێت بە پاشکەوتوخوازیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە.

قەرەسوو یادى فەرماندەى ئەفسانەیى هەڵمەتى ١٥ى ئاب عەگید (مەعسوم کۆرکماز) و سیبمولی تێکۆشانى ئازادیى ژن بێریتان (گوڵناز کاراتاش) کردەوە و وتى "ئێمە پێشتر ١٥ى ئابمان وەک گولـلەى یەکەم لە دژى پاشکەوتویى تورکیا و کوردستان پێناسە دەکرد، بەڵام لە سەردەمى ئێستادا پێویستە ئەو پێناسە بەرفراوان بکرێت. ١٥ى ئاب گولـلەى یەکەم لە دژى پاشکەوتویى سەرتاسەری رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە".

قەرەسوو وتیشی، هەڵمەتى ١٥ى ئاب تەنها چالاکیى سەربازى نییە، بەڵکو لایەنى ئایدۆلۆژی، سیاسی و سەربازیشی هەیە. ١٥ى ئاب هەڵمەتێکى مێژووییە، کە مێژوویى کوردستان، تورکیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گۆڕیوە.

چەند مانگ پێش دەستپێکردنى هەڵمەتى ١٥ى ئاب هەستم بە هەڵمەتەکە کردبوو

مستەفا قەرەسوو یەکێکە لە بەرخودێرەکانى زیندانى ئامەد. ١٥ى ئابی وەک وەڵامى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد و پەکەکە بۆ بەرخودانى زیندانی ئامەد و وەک هەڵمەتى تۆڵەکردنەوەى پێناسەکرد. ئەوەشى وت، کاتێک لە کانوونی دووەمی ١٩٨٣دا وەک بەرخودێرێکى مانگرتن لە مردن بردویانە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری بۆ کراوە، کەسێک چووە بۆ لاى و پێى وتوە "هەڤاڵان سڵاویان هەیە، چوونەتە سەر چیاکان و ئێستا خۆیان ئامادە دەکەن. دەست بە تێکۆشان دەکەن". لەبەر ئەوەى بابەتەکە هەستیار بووە ئەوەى لەلای کەس باس نەکردووە.

هەواڵی هەڵمەتى ١٥ى ئاب لە تەلەفزیۆنى زیندان بڵاوکرایەوە

قەرەسوو باسى ئەوەیکرد، رۆژی دووەم یان سێیەمى هەڵمەتى ١٥ى ئاب بوو، کە لە هۆڵی زینداندا لە تەلەفزیۆنەوە هەواڵی هەڵمەتى ١٥ى ئاب خوێندرایەوە و بەو شێوەیە لە هەڵمەتەکە ئاگادار بوونەتەوە. لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "تەلەفزیۆنەکە باش دیار نەبوو. ژوورەکانی نهۆمی چوارەم لە چەند بەش پێکدەهاتن. تەلەفزیۆنەکە بچووک بوو، تەنها دەنگی دەهات. کاتێک لە تەلەفزیۆن هەواڵ بڵاوکرایەوە و لە هەواڵەکاندا باسی هەڵمەتى ١٥ى ئاب کرا، گفتوگۆکان دەستیان پێکرد. سەرەتا هەندێک کەس بڕوایان نەدەکرد، کە گەریلاکانى پەکەکە چالاکییان ئەنجامدابێت. دەیانوت لەبەر ئەوەى کادیرەکانى دەستگیر و زیندانیکراون و لە بۆتانیش کار و رێکخستنێکى بەهێز نەکراوە. ئیتر من لەو کاتەدا هەواڵى ئەنجامى چالاکییەکە کە پێشتر بیستبووم لە زینداندا بڵاوکردەوە. بەو شێوەیە هەڤاڵان تێگەیشتن چالاکییەکە چالاکیى ئێمەیە. ئیتر لەو کاتە بە دواوە هەستمان بە ساڕێژکردنى ئازارەکانمان کرد و ئیتر ئەو ئازارەى لە زینداندا کێشابوومان و ئەو بەرخۆدانە کە ئەنجامدرابوو، زیاتر ماناداربوونی خۆى بۆ دەرخستین.

١٥ى ئاب بووە بەربەست لە بەردەم ئەنجامدانى سزاى لە سێدارەدان

قەرەسوو ئەوەى خستەڕوو، پێش هەڵمەتى ١٥ى ئاب هاوڕێکانیان لە زینداندا سزاى لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو و دۆسیەکەیان لە سەر مێزى دادگاى باڵابوو. قەرەسوو لەوبارەیەوە وتى "لە فاشیستەکان و لە رێکخستنە چەپەکانى تر هەندێک کەس لە سێدارەدران. تەنها لە رێکخستنى ئێمە کەس لە سێدارە نەدرا. هۆکارەکەشی ئەوەبوو بزووتنەوەکەمان بە تەواوی سەرکوت و پاکتاو نەکرابوو. لەبەر ئەوەش لەسێدارەدان دەبووە هۆی ئەوە تێکۆشان بەهێزتر بێت".

قەرەسوو ئاماژەى بەوەشکرد، لە هەڵمەتى ١٥ى ئابدا تێکۆشان بناغەى خۆى پتەو و قایم کرد و وتیشی "تێکۆشانى گەریلا کە پشتبەستوو بوو بە گەل دەستیپێکرد. لەگەڵ دەستپێکردنى هەڵمەتەکە باردۆخى مێژوویى زیندانەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات. ئیتر بەرپرسیارێتى گەورە کەوتە سەر شانى گەریلا".

قەرەسووی باسى ئەوەشیکرد، گەلی کورد بۆ ماوەى چەند ساڵێک تەنها سەیری هەڵمەتەکەى دەکرد و دەیخواست بزانێت ئەویش وەک راپەڕینەکانى پێشترە یان نا. دواى ئەوەى گەل بۆى دەرکەوت ئەو بزووتنەوەیە جیاوازە، ئیتر گەل راپەڕی.

دەبێت یادداشت و بیرەوەرییەکانى عەگید بخوێندرێنەوە

قەرەسو وتى "١٥ى ئاب رۆڵی هەیە لە هەموو دەستکەوت و رووداوەکانى کوردستاندا. لە ماوەى ٣٥ ساڵدا ئێمە دەستکەوتى گەورەمان بەدەستهێنا. گرنگە ئەو راستییە لەلایەن هەموو کەسێکەوە ببینرێت. دوژمن بۆ ئەو هەموو زیندانە دروست دەکات؟ چونکە تێکۆشانى ئێمە زۆر پێشکەوتووە و گەشەى سەندووە، لەبەر ئەوەش زیندانى زۆر دروست دەکات. چونکە لە نێوان ئێمە و دەوڵەتى تورکدا شەڕێکى قورس لە ئارادایە. لەبەر ئەوەش ئەو هەموو مرۆڤە دەستگیر و زیندانى دەکات".

قەرەسوو ئەوەشى بە بیرخستەوە "١٥ى ئاب لە هەلومەرجێکى قورسدا دەستیپێکرد و گەریلا بە بیر و بڕواى خۆى قورسی و دژوارییەکانى تێپەڕاند. من پێشنیازى ئەوە بۆ هەموان دەکەم، کە یادداشت و بیروەرییەکانى عەگید (مەعسوم کۆرکماز) بخوێننەوە. لە هەڵمەتى ١٥ى ئابەوە تاوەکو ئێستا بۆ گەریلا سەرکەوتووە، سەربارى ئەو هەموو هێرشانە چۆن تێکۆشانى ئازادى بەڕێوەدەبات؟ وەڵامى ئەو پرسیارانە لە یادداشتەکانى عەگید دایە و ئەو رۆحە لە یادداشتەکاندا دەبینرێت".

ژیانى ئازاد و دیموکراسی نزیکە

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لە کۆتایى قسەکانیدا وتى "لە کوردستان ژیانى ئازاد و دیموکراسی نزیکە. بە بەرخۆدانیش نەک تەنها لە تورکیا بەڵکو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رێگا بەڕووی دیموکراسی و ئازایدا دەکرێتەوە".

ر.م