قەرەسوو: بەرخودان بۆ کۆتایهاتنە بە گۆشەگیری نەک ئەنجامدانى دیدارێک

‌"کۆتایهێنانی گۆشەگیری بۆ گەلی کورد گرنگە. بەرخودێران و گەلی کورد بۆ دیدارێک لەگەڵ پارێزەران، یان کەسوکاریان بەرخودان ناکەن، بەڵکو بۆ ئەوە بەرخودان دەکەن، کە گۆشەگیری بەتەواوی کۆتایی پێ بێت".

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا شیکاریى بۆ واتای بەرخودان لەدژی گۆشەگیری کرد.

قەرەسوو ئاماژەی بەوەکردووە، کۆتایهێنان بە گۆشەگیری بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە و وتی: "گەلی کورد نایەوێت بە گۆشەگیری و لەگەڵ گۆشەگیری دا بژی. تیکۆشانی پێداگرانە و بە بڕیاری لەیلا گیوڤەن، بەرخودێرەکانی زیندان و دایکانی لەچک سپی سووربوونە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری. بەرخودێران تەنها بەرخودان بۆ دیدارێک لەگەڵ پارێزەران، یان کەسوکاریان ناکەن، بەڵکو بەرخودانەکەیان بۆ ئەوەیە گۆشەگیری بەتەواوی کۆتایی پێ بێت. بەرخودانی هەزاران کەسی  چەندین مانگە بەردەوامە و ئەوەش ئەو واتایە دەبەخشێت. بەرخودان لە زیندانەکان و دەرەوە و هێزی رای گشتی دیموکراتیک وایکرد، کە پارێزەر بتوانن رێبەری گەلی کورد ببینن. ئەوەی ئەو دیدارەی دروستکرد، بەرخودانی دژ بە گۆشەگیرییە".

قەرەسوو ئاماژەى بەوەشکرد، سەرباری دروستبوونی ئەو دیدارەش گۆشەگیری بەردەوامە و وتیشی: "هاوپەیمانیی ئاکەپە -  مەهەپە لە بەرانبەر بەرخودان دا سەختی و زەحمەتى دەکێشن. بۆ ئەوەی زەمینەی یاسایی و رەوایەتیی تێکۆشان لەدژی گۆشەگیریی لاواز بکەن هەنگاوێکی تاکتیکییان نا. خۆی رێبەر ئاپۆش وتبوی، 'ئەگەر لەو دیدارەدا توانیم تێڕوانینەکانی خۆم بخەمەڕوو ئەوا ئەو کاتە بەشداری لە دیدارەکەدا دەکەم' و بەو شێوەیەش بەشداری دیدارەکە بوو. بەو شێوەیە رێبەر ئاپۆ لەدیدارەکەدا پەیامێکی ٧ خالیی بۆ دیموکراتیبوونی تورکیا و چارەسەریی پرسی کورد پێشکەشکرد. ئەگەرنا ئەو پەیامە  تەنها لەبەر وتوێژ یان دیدارێک لە ئیمرالی نەهاتووەتەگۆڕێ. دەسەڵاتی ئاکەپە بەهۆی ئەوەی لەبەردەم بەرخوداندا تووشی زەحمەتی بووە، گەیشتە ئەو باوەڕەی کە دیدار بەکەڵکی ئەوانیش دێت، بۆیە بڕیاری دا دیدار ئەنجام بدرێت".

قەرەسوو سەرنجی راکێشایە سەر هەڵوێستی بەرخودێران و رایگەیاند "بەرخودێران ئاشکرایان کرد، کە تەنها بە دیدارێک گۆشەگیری کۆتایی پێ نایەت".

قەرەسوو ئاماژەی بە لێدوانی عەبدولحەمید گیول وەزیری دادی تورکیا کرد، کە بانگەشەی ئەوەی کردبوو، قەدەغەکاریى سەر دیدار و چاوپێکەوتنى پارێزەران لابراوە و راشیگەیاند: "ئەگەر بەو شێوەیە بێت، دەبێت ئەو کاتە لێداوانێک بدات و رایبگەیەنێت لە ئێستا بە دواوە پارێزەر و بنەماڵە بەبێ هیچ بەربەست و رێگرییەک دەتوانن لەگەڵ رێبەری گەلی کورد چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، چونکە ئەوەیان لێدەوەشێتەوە، کە ئەمڕۆ ڕێگە بە دیدارێک بدەن و چەندین مانگ و ساڵیش رێگە بە ئەنجامدانى دیداری تر نەدەن".

قەرەسوو پەیامە ٧ خاڵییەکەی ئۆجالانی هەڵسەنگاند و رایگەیاند، رێبەری گەلی کورد پێشبینیی خۆی بۆ تورکیا و کوردستان خستووەتەڕوو.

قەرەسوو ئەوەشی وت: "ئەوەی کە پێویستە گەلی کورد و هێزە دیموکراتییەکان بیکەن، خاوەنداریکردنە لە پەیامە ٧ خاڵییەی رێبەر ئاپۆیە، کە بۆ رای گشتیی ئاشکرای کرد. بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەو پەیامە پێویستە تێبکۆشن. خاوەنداریکردن لەو پەیامە و بەدیهێنانی ئامانجەکانی، بۆ هێزە دیموکراسییەکان دەبێتە سەرکەوتنێکی مەزن".

ر.م