قەرەسوو: هەڕەشەکردن لە قەندیل بۆ پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنە

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە وتارێکیدا لە رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا، شیکاریى بۆ هەڕەشەکانى رژێمى ئاکەپە – مەهەپەی لە دژى قەندیل کردووە.

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) رایگەیاند، هاوپەیمانیى فاشیزمى ئاکەپە ماوەى ٣ ساڵە بە هەموو تواناکانییەوە هێرش دەکاتە سەر بزووتنەوەى ئازادیى گەلی کوردستان، بەڵام هەر چی دەکات ناتوانێت ئەنجامێک بە دەست بهێنێت و ئێستا خۆى بەرەوە هەڵوەشانەوە دەڕوات.

قەرەسوو راشیگەیاند، دەسەڵاتى ئاکەپە - مەهەپە لە ساڵی ٢٠١٨دا هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە زۆر تەنگاو بووە. سەربارى ئەوەى هێرشیان بۆ سەر عەفرین بۆ ئەوە بوو لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، بەڵام ئەو هێرشە پشتیوانیی کۆمەڵگەى لەو ئاستەدا بۆ ئاکەپە دەستەبەر نەکردووە، کە لەسەر دەسەڵاتدا بیهێڵێتەوە.

مستەفا قەرەسوو ئەوەشى خستەڕوو، هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە بۆ پێشگرتن ڕووخانیان و بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا سەرباری هەموو هێرش و پەلامارەکانیان، سیاسەتى هاندان و دنەدانى شۆڤێنیزمیشیان گرتووەتەبەر.

بڕیارێکى نوێ لەبارەى منبجەوە نییە، منبج لەلایەن منبجییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت

 قەرەسوو ئەوەشى راگەیاند "چاوپێکەوتنى وەزیرى دەرەوەى تورکیا و وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەبارەى منبجەوە زیاد لە پێویست گەورە کراوە. ئەو گەورەکردنە لە کاتێکدایە، کە هیچ شتێکى نوێ لەبارەى منبجەوە لە گۆڕێدا نییە. ئەو رێککەوتنە، کە لایەنەکان پێش شەڕی منبج (شەڕی رزگارکردنى منبج لە دەستى چەتەکانی داعش لەلایەن شەڕڤانانەوە) لەسەرى رێککەوتبوون، جارێکیتر جەختى لەسەر کراوەتەوە. بڕیارى رێککەوتنەکەش بەمشێوەیە: دواى ئەوەى داعش لە منبج دەرپەڕێندرا، منبج لەلایەن خودی منبجییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ئەرکى پاراستنى منبج لە ئەستۆ دەگرێت. ئەوەى کە ئێستا لە منبج روو دەدات، هەر ئەوەیە. منبج لەلایەن منبجییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ئەرکی پارێزگاریى منبج ئەنجام دەدات. دەوڵەتى تورک بێزارە، چونکە ئەو منبجییانەی منبج بەڕێوە دەبەن، هەڵگرى عەقڵییەتى چەتەکانی ئەوان نین. منبجییەکان سیستمێکى دیموکراتیک، کە پشتى بە نەتەوەپەرستیى ئایینى نەبەستووە و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و بیروباوەڕەکانى کۆمەڵگا بەشێوەیەکى ئازادانە لە باوەش گرتووە و ژیانى هاوبەش بونیات دەنێن و ئەو ژیانەیان ئافراندووە. ژیانێکى کۆمەڵایەتى، سیاسی و رۆشنبیرییان لە منبج دامەزراندووە بۆ سەرتاسەرى سوریا بووەتە نمونە. تورکیا دەیەوێت ئەو مۆدێلە، کە رووى راستەقینەنى بەڕێوەبەرێتیى فاشیستیانە و نا دیموکراتییانەى ئەوان ئاشکرا دەکات، هەڵبوەشێنێتەوە. ئەوێ لە ژێر دەستى بەێوەبەرایەتیى پەیەدە دا نییە و لە کۆنترۆڵى یەپەگەشدا نییە. تەنانەت ئەنجوومەنى سەربازیى منبج رایگەیاند، دوایین ڕاوێژکارەکانى یەپەگە لە منبج چوونەتە دەرەوە".

دیارە گەورەکردنى بابەتى منبج بەشى بەدەستهێنانى دەنگی نەکردووە، بۆیە هەڕەشە لە قەندیل دەکەن

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە ئاماژەى بەوەشکرد، دیارە گەورەکردنى بابەتى منبج بەشی ئەوەى نەکردووە، کە ئاکەپە بتوانێت لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت، بۆیە ئێستاش ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى لە دژى قەندیل هێناوەتە پێشەوە و زەقى دەکاتەوە.

قەرەسوو ئەوەشى وت "بێگومان ئەگەر دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە لە توانایدا بێت، ئەوە بۆ ساتێکیش راناوەستن و خێرا ڕوو لە قەندیل دەکەن. ئەگەر تاوەکو ئێستا ئەوەیان نەکردووە، هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێیان ناکرێت و لە توانایاندا نییە. یاشار بیوکانت سەرۆک ئەرکانى گشتیى تورکیا، پێش چەند ساڵێک وتبوی 'چوون بۆ ئەوێ ئاسان نییە، چونکە ئەوەندە دۆڵ و چیاى هەیە، کە  باڵادەستیى تیادا دروست نابێت' بەو قسەیە ئاشکرای کردبوو، کە لەبەر چى ناتوانن بچن بۆ قەندیل. ئێستا تەیب ئەردۆغان دەڵێت 'ئێمە دەڕۆین بۆ قەندیل'. دەوڵەت باخچەلیش چەندین ساڵە دەڵێت 'ئەڕۆین بۆ قەندیل'، لەبەر ئەوە حەزیان بۆ چوونە قەندیل شتێکى نوێ نییە".

"ئێستا ئۆپراسیۆن لە دژى قەندیل کراوەتە ئامڕازێک بۆ پڕپاگەندەى هەڵبژاردن"

 مستەفا قەرەسوو باسى ئەوەشیکرد، رژێمى ئاکەپە لە ترسی دۆڕاندنى دەسەڵاتەکەى ئەوەى لێدەوەشێتەوە، کە هەموو جۆرە کارێکى شێتانە بکات و لە بەردەوامیى بابەتەکەیدا نووسیویەتى "ئەو هەڕەشەیەى کە ئێستا لە قەندیلى دەکات پڕوپاگەندەیە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا. ئەگەر بڕوایان بە خۆیان هەبێت و لە توانایاندا بێت، ئەوە یەکڕاست دەچن بۆ قەندیل، بەڵام لە ترسی ئەوەى بەرخۆدانیان لە دژى بکرێت و تێکبشکێن، بە ئاسانى کارێکى لەو شێوەیە ناکەن. هەوڵ و جموجوڵێکى لەو شێوەیە دەگۆڕێت بۆ قۆناغى شەڕێک لە نێوان بزووتنەوەى ئازادیى کورد و دەوڵەتى تورکدا، کە ئەنجام و گۆڕانکاریى سیاسی و مێژوویى لێدەکەوێتەوە".

قەرەسوو ئەوەشى خستەڕوو، لەم بارودۆخەى ئێستادا ئۆپراسیۆن لە دژى قەندیل ئامڕاز و کەرەستەیەکە بۆ پڕوپاگەندە لە هەڵبژاردندا و لەو بارەیەوە ئەوەشى نووسیوە "ئێستا لە باشوورى کوردستان داگیرکارییەک هەیە. لە خواکورک هەندێک گرد داگیرکراون. گەریلا قارەمانانە لە دژى ئەو داگیرکارییە خۆڕاگرى دەکات. لەو گردانەدا سەربازەکان گورزى قورسیان لێدەدرێت و لەبەر ئەوەى بەرگە ناگرن، سەربازى تردەخەنە شوێنەکانیان. هاتوون و تووش بوون، نەکشاندنەوەشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هێرشەکەیان لێ بووەتە بابەتى ناموس و کەلەڕەقی. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت سەربازانى تورکیان وەک کاڵایەک بۆ سەلماندنى دڵسۆزیى خۆیان بۆ شەڕەکەیان، خستووەتە بەردەستى گەریلا. لە ئۆپراسیۆنى دژ بە قەندیلدا لە خواکورک خراپتریان بەسەردا دێت، چونکە داگیرکارى بەرفراوان بەرخۆدانى بەرفراوانى لێدەکەوێتەوە. نەک تەنها گەریلا، بەڵکو هاوشان لەگەڵ گەریلا، گەلی باشووریش لە دژى داگیرکاریى تورک، خۆڕاگرى دەکات".

ئەوە قەندیل لە شوێنى خۆیەتى ئەگەر دەتوانن با کڵاوەکەیان بکەنە سەر و بێن

قەرەسوو لە بەردەوامیى نووسینەکەیدا ئاماژەى بە شەڕی دەروونی لە میدیاکانى تورکیادا کردووە و لەوبارەیەوە نووسیویەتى "قەندیل لە شوێنى خۆیەتى. کێ دەیەوێت دڵنیا بێتەوە، ئەوا با دەست لە پڕوپاگەندەى دەروونى هەڵگرێت و کڵاوە سوور، شین و رەشەکانیان بکەنە سەریان و بە سرودى 'مەهتەر - mehter' (سرود و مۆسیقاى سوپاى عوسمانییەکان) بەرەو قەندیل بکەونەڕێ. ئێمە نازانین ئەوانەى بە سرودی مەهتەرەوە دێن، بە چ سرودێکی ترەوە دەگەڕێنەوە. وەک دەزانرێت لە ساڵی ٢٠٠٧دا و لە کاتى هەوڵیان بۆ داگیرکردنى زاپ، گەریلا لەبارەى راکردنى سەربازەکانى تورکیاوە وتبوی 'بە سواری هاتن و بەپێخاوسی رایانکرد'.

بە کورتی ئێستا ئۆپراسیۆن لە دژى قەندیل بۆ پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنە، بەڵام ئێستا لە باشوور داگیرکەری هەیە و دەیانەوێت ئەو داگیرکەرییە بەرفراوان بکەن. هەر خۆى ماوەیەکى زۆرە باشوور لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە داگیرکراوە. زیاتر لە ١٥ بنکەى سەربازیى دەوڵەتى تورک لە باشوورى کوردستاندایە. هەروەها هەندێک شوێنى تریان داگیرکردووە، بەڵام لە باشوور بەرخۆدانێکیش لە دژى داگیرکەرى دەستیپێکردووە. ئەو بەرخۆدانە لە دژی داگیرکەریى تورک تاوەکو ئەو ئاستە بەردەوام دەبێت، کە پێیان بوترێت 'بە سواری هاتن و بەپێخاوسی رایانکرد'،".

ر.م