قەیوم ماڵ و موڵکی شارەوانیی ڕادەستی دامودەزگاکانی دەوڵەت کردووە

قەیومی ڕژێمی ئاکەپە شارەوانیی جەزیری خستووەتە ژێر قەرزێکى ٢٦٠ ملیۆن لیرەوە. ماڵ و موڵکی شارەوانی، کە بەهاکەیان ملیۆنان لیرە دەبێت ڕادەستی دامودەزگاکانى دەوڵەت کردووە.

لە کوردستان لە پاش هەڵبژاردنی خۆجێی ٣١ی ئادار، لێکۆڵینەوە لەبارەی تێچوو و خەرجییی قەیومەکان لەسەر شارەوانییەکان دەکرێت. ئەو شارەوانیانەی لە جزیری شرنەخ بوون و لەلایەن پارتی دیموکراتیکى هەرێمەکانەوە (دەبەپە) بەڕێوە دەبرا، بە بڕیاری دەوڵەتى تورک لەلایەن قەیومەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرا. ئێستا بەپێی لێکۆڵینەوەکان، پێش ئەوەی قەیوم بەسەر شارەوانیی جزیردا دابسەپێنن، ٣٢ ملیۆن لیرەی تورکی لە قاسەی شارەوانیدا بوو، بەڵام لە دوای هاتنی قەیوم و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکە، قەرزێکى ٢٦٠ ملیۆن لیرەیەى هێناوەتە سەر شارەوانی.

هەروەها ئاشکرابوو ماڵ و موڵکی شارەوانی کە بەهاکەیان ملیونان لیرە دەبێت بێبەرامبەر و بەبێ پارە ڕادەستی بارەگاکانی دەوڵەت کراون. محەمەد زیریگ هاوسەرۆک شارەوانیی جزیر لە دژی ئەو ڕادەستکردنە رایگەیاند، قەیوم زیانێکی گەورەیان لە شارەوانی داوە و وتی، ئەوەی قەیوم کردی هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی شارەوانی.

زیریگ لەبارەی ئەوەى ماڵ و موڵک و کەلەپول و کەرەستەکانى شارەوانی بەبێ بەرامبەر ڕادەستی دامودەزگاکانى دەوڵەت کراون وتی، "بینای شارەوانییەکەمان ڕادەستی قائیمقام کراوە. مرۆڤ چۆن دەتوانێت دامەزراوەیەکیی گەل ڕادەستی خۆی بکات. زۆر نمونەی تری گاڵتەجاری هەیە، بۆ نمونە قەیوم قەسابخانەیەک کە بۆ خزمەتکردنی گەل دروست کراوە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردەی نەتەوەیی کردوە. ئێمە تێناگەین بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردە چ پەیوەندییەکی بە قەسابخانەوە هەیە."

زیریگ باسی لەوەشکرد، ناوچەی جمهوریەت لە جزیر یەکەم ناوچەى هەرێمەکەیە و ئەو ناچەیە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایش کراوە و لەو ناوچەیەدا قەرەقوڵ و بنکەى سەربازی دروست دەکەن. وتیشی، "بە کورتی قەیوم لە دژی دەستووری بنەڕەتی تاوانی ئەنجام داوە. بۆ لەناوبردنی شارەوانی گورزی وەشاندوە و کودەتاى ئەنجامداوە."

ژ.ت