ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبهری پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوران كاڵكان بەشداری لە بەرنامەی «ئولکەدەن»ی تەلەفزیۆنی «مەدیا هابەر» کرد و وەڵامی چهندین پرسیاری دایهوه دهربارهی قۆناغی ئێستا.
كاڵكان پیرۆزبایی هەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژاڤای کرد و گوتی، «هەڕەشە بەردەوامە. لە سنوور سەرباز زیاد دهكات و دەڵێت، خاپوور دەکەم و کۆتاییان پێدێنین. ئێمە دڵنیاین کە ڕۆژاڤا لە دژی ههموو هێرشه فاشیستی و سهركوتكارییهكان خۆی دەپارێزێت، ژیانی ئازاد لەسهر هێڵی نەتەوەی دیموکراتی بونیاد دەنێت.»
كاڵكان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی پرسووس-یشدا یادی شەهیدانی بەرز ڕاگرت و باسی لەوە کرد، ئەوە یهكهم کۆمەڵکوژی نییە کە بە دەستی داعش لەلایەن میتەوە کراوە. كاڵكان هێرشەکانی ئامەد و چوکورۆڤا-ی وهبیرهێنایەوە.
«ئیتیحادی، سەرچاوەی داعش و ئاکەپە - مەهەپەیە»
دووران كاڵكان ڕایگهیاند، لە بەڕێوەچوونی کارەکانی دادگهییکردنی داعش لە ڕۆژاڤا بێهیوایی بەدی دەکەن. ئاماژەی بۆ ئهوه کرد، دەبێت ڕاستیی داعش بەدروستی دهرکی پێ بکرێت. سەرنجی ڕاکێشایە سەر عەقڵیهتی ئیتیحاد و تەرەقی کە بەرهەمێکی هاوبەشی ئەڵمانیا و تورکیایه. گوتی، «فاشیزمی دەوڵەتی نەتەوەیی لە سەر بنەمای قڕکردنی کورد، ئەرمەن، ڕۆم، ئاشووری – سریانیدا لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەمدا سهریههڵدا و مۆری خۆی لە سەدەی بیستەم دا. مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستەمدا تێكۆشا؛ هیتلەر و مۆسۆلینی لەناوبرد، بەڵام ڕزگاری نەبوو لە کانگەی ئهم زیهنیهت و سیاسهته. ئاکەپە – مەهەپە نیشانەی ئەو عەقڵیهت و سیاسەتەن لە تورکیا. داعش بەشێکیەتی کە لە سعوودیە دروست بوو. بۆیە داعش، نووسره، ئاکەپە – مەهەپە نیشانەی ئەو هێڵەن. بههۆی ئهوهی سهرچاوهی ئەو عەقڵیهت و سیاسەتە کوێر نەکرایەوە، مرۆڤایەتیش ڕزگاری نەبوو. بۆیە لە ڕێگەی داعشەوە دەستی بە هێرش کرد. دوای ئەوەی داعش لە کۆبانێ تێکشکا، یەکسەر پشتگیرییان له ئاکەپە – مەهەپە کرد. لە ٢٤ی تهمووزی ٢٠١٥ وایان کرد کە ئاکەپە – مەهەپە لە باکوور هێرش بکەن. دواتر لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٦ ڕوویان پێ له ناوچهكانی باب، جەرابلووس و عەزاز كرد. لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ کاتێک داعش لە ڕەقا تێکشکا، لە لایەكهوه هێرشیان کردە سەر کەرکووک، لەلایەکەی دیکەشەوە هێرشیان كرده سەر عەفرین. ئێستا لە ناوچەکانی عەفرین، شەنگال، کەرکووک، مەخموور و برادۆست ئەو هێرشانە بەردەوامن. دەبێت ڕاستیی هێرشی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بەو شێوەیە هەڵسەنگێنرێت. ئەگەر مرۆڤ سەرنج بداتە ئەوە، دەبینێت کە شوێنی هێرشەکان ئەو شوێنانەن کە داعش ویستی لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیان بەسەردا بگرێت. دوای ئەوەی کە داعش لە مەخموور، شەنگال، کۆبانێ و ڕۆژهەڵاتی فورات تێکشکێنرا، لایهنه ڕاستەقینەكه هاته مهیدان. هێزی سهرهكی هاتە مەیدان، واتە فاشیزمی دهوڵهتی تورک، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە. لە عەفرینەوە هەتا ناوچهكانی برادۆست، شەنگال و مەخموور بهردهوامی به هێرشە داگیرکارییەکانیان دهدهن. بەردەوامی بەو هێرشە داگیرکارییانە دەدەن کە لە لایەن داعشەوە دەستی پێکرابوو. ئەوەی کە داعش نەیتوانی بیکات دەیەوێت خۆی بیکات. کەواتە داعشی ڕاستەقینە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەیە. ئەوە ئیتیحاد و تەرەقییە. ئەمڕۆ ئەردۆغان و باخچەلی ڕۆلی تەڵعەت و ئەنوەر دەبینن، ئەوە ئاشکرایە. ئەگەر ئەو ڕاستییە نەبینرێت و لەو چوارچێوەیەدا تێکۆشان نەکرێت، کەواتە سەرکەوتن نابێت. ئەوانەی کە تێکۆشان لەدژی داعش وەکو تێکۆشان لەدژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە نابینن، نە دەتوانن تێکۆشان بەهێز بکەن نە دەشتوانن داعش بە تەواوی تێکبشکێنن و مەحکومی بکەن. ئەگەر ڕووبەڕووی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ببنەوە، ئینجا دەتوانرێت فاشیزم تێکبشکێنرێت و مرۆڤایەتی لە فاشیزم ڕزگاری بێت.»
«دیکتاتۆرهتیی ئەردۆغان – باخچەلی هەوڵ دەدات بە کۆمەڵکوژییەکان بهردهوامی به مانهوهی بدات»
دوران كاڵكان ڕایگهیاند، ئیدی دەمامکیان كهوتووه. گوتی، «به درووشمی [ئێمە دوژمنی کوردین] هێرش دەکەن. وەکو ئەوەی کە ئەجەلی هاتووە، هێرشی هەموو شوێنێک دەکات. ئێستا وەکو سەدام هێرش دەکەن. ڕێبەر ئاپۆ گوتی، [دوای هەڵبژاردن دۆخەکە ڕوون دهبێتهوه]. هەموو شت دەرکەوت. ئەردۆغان – باخچەلی هەوڵ دەدەن بە کۆمەڵکوژی، داگیرکەری و قڕکردن، بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن.»
كاڵكان سەرنجی ڕاکێشایە سەر بەربەستهكان لە بەردەم چاوپێكهوتنهكان لەگەڵ ئۆجالان و گوتی، «مانگێک تێپەڕی، هێشتا چاوپێکەوتن له ئیمڕاڵی ئهنجام نهدراوه. بەڵێنیان دابوو چاوپێکەوتنهكان بهڕێوهبچن. لێدوان و بەڵێنیان دا. هەزاران چالاكی مانگرتوو کۆتاییان بە چالاكییهكهیان هێنا. دەبوایە چاوپێكهوتنی بنەماڵە و پارێزەرەکان له ئیمڕاڵی بهڕێوهچووبایه. ئەو یاسایانەی تورکیا هەیەتی دەبوایە لە ئیمڕاڵی جێبەجێ كرابوایه. ئاشکرا بوو كه هەمووی درۆیه و یاریی شەڕی تایبەته. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ پێشنیازەکانی بۆ چارەسەری دهستنیشان کرد، هەموو كهسێك پهسهندی کرد. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە كه ئهمهی ڕەت کردەوە، ئاشکرابوو کە سەرقاڵی یاری و پیلانگێڕییه. ئامانجە بنەڕەتییەکەیان ئەوەیە کات بەفیڕۆ بدەن، هێزەکەیان کۆ بکەنەوە، بەرانبەرەکەیان لاواز بکەن و هەوڵ دهدهن نەیارەکەیان لەناو ببەن. ناهێڵن چاوپێکەوتن لە ئیمڕاڵی بکرێت. لە هەموو ناوچەیەکی باکووری کوردستان ئۆپەراسیۆن هەیە. ڕۆژانە لە دەیان ناوچە هاتووچۆ قهدهغه دهكرێت. خەڵکی سڤیل و منداڵ دەکوژرێن. هەڕەشە لە ڕۆژاڤا دەکات، سەرباز لەسهر سنووری کۆبانێ و گرێسپی جێگیر دەکات. تۆپباران دەکات. هەوڵ دهدات داگیرکاریی عەفرین بهرفرهوانتر بكات. هێرش دهكاته سهر شەنگال و مەخموور. داگیرکاری له ناوچەی خواکورک و برادۆست فرهوانتر دهكات. دهیهوێت بە شەڕێکی دڕندانە، بەردەوامی بە هەبوونی خۆی بدات.»
«درێژە بە داگیرکاری و تاڵانکاریی عوسمانییهكان دەدات»
كاڵكان سەرنجی ڕاکێشایە سەر پەیوەندیی هێرشکاریی ئایدیۆلۆژی و ستراتیژیی دیکتاتۆرهتیی ئەردۆغان- باخچەلی بە خەیاڵی «عوسمانی» و ڕایگەیاند، «لەبەرئەوەیە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە وەکو هێزێکی سەرەکی لەناو شەڕی لیبیادا هەیە. لەبەرئەوە نابێت مرۆڤ دۆش دابمبێنێت لە بەرانبەر هێرشەکان لە دژی باشووری کوردستان. تورکیای خستە ناو شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕێکی جیهانی. ئەوه داگیرکاری و تاڵانکاریی ئایدیۆلۆژی و ستراتیژییە.»
«هێرشەکان ڕێکخراوتر و تووندترن»
دوران كاڵكان له درێژهی لێدوانهكهیدا سەرنجی خسته سەر لایەنی ئایدیۆلۆژیی ئەو ستراتیژییە داگیرکارییەی دژی کورد و گوتی، «دوژمنایەتی کورد دەکات و سهركوتی دەکات. بە گوتنی [من لە دژی پەکەکەم] هەوڵ دەدات کورد بخەڵەتێنێت. دوای ئەوەی کۆتایی بە پەکەکە هێنا، ئیدی ئەوانی دیكه لەناو دەبات. ئامانجی سهرهكیی ئەو هێرشەی کە لە ساڵی ١٩٨٣ەوە لە دژی باشووری کوردستان دەستی پێکردووە، ئەوەیە. ئەو جهنهڕاڵانهی کە لە ساڵەکانی ١٩٩٢-٩٥-٩٧ سهرپهرشتی ئهو هێرشە گەورانەیان کردووە، بەئاشکرا گوتیان، [ئێمە دەمانەوێت پەکەکە لەناو ببەین، پەدەکەش کۆنترۆڵ بکەین]. دەبێت ههموو کورد ئهم شته ببینن و ئەوە بزانن. ئەو هێرشانەی ئێستا دهكرێن ڕێکخراوتر وسهختترن.»
كاڵكان شەهیدکردنی دیار غەریب ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە و ئەندامانی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکەی وەبیرهێنایەوە و گوتی، «دەوڵەتی تورکیا دەڵێت سوپا و میت پێکەوە کاریان کردووە. لە قەندیل و بادینان میت چی دەکات؟ ڕێکخستنێکی پەکەکە لەوێیە، ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەیە. بەئاسانی ناتوانن بگەنە ئەو ناوچانە. کەواتە هەندێک کەس لەو ناوچانە هاوکارییان کردوون، ئەوە ئاشکرایە. ئەگەر میت هاوکاری لە پەدەکە و یەنەکە وەرنەگرێت، ناتوانێت هێرش بكاته سهر قەندیل. ئەو دۆخە ئاشکرایە. شەهیدکردنی هاوڕێ هەڵمەت بەو شێوەیەیە.»
«ئێوە لایەنگری هاوڕێ هەڵمەتن یان لایەنگری ئەردۆغانن؟»
دوران كاڵكان گوتی، «ئێمە ئەو پرسیارە دەکەین؛ ئێوە لایەنگری ئەو هێزانەن کە کورد سهركوت دەکەن، یان لایەنگری کوردن؟ ئێوە لایەنگری هاوڕێ هەڵمەتن کە لهپێناو ههبوون و ئازادی بەرخۆدانی کرد یان لایەنگری تەیب ئەردۆغانن؟ دەبێت بەئاشکرا ئەوە ڕابگهیهنن. ئەگەر لە ناویاندا هەندێک کەس هەیە کە خزمەتی تورکیا دەکەن و ناتوانن کۆنترۆڵیان بکەن، ئێمە دەتوانین پێکەوە هەڵوێست نیشان بدەین و له دژیان تێبکۆشین. ئەگەر بەو شێوەیەش نییە، کەواتە بەرپرسیارن. بە شێوەیهکی خراپ دەچنە مێژووەوە. ئێمه چاوەڕوانی ڕوونکردنەوەیهكین.»
«پەکەکە لەسەر هەمان هێڵە»
كاڵكان ڕایگهیاند، «بۆ نموونە؛ لە کۆبانێ هاوپەیمانهتیی دژبه داعش دروستبوو. لە شەنگال، مەخموور و کۆبانێ هەڵوێستێک نیشان درا. بەو شێوەیە داعش تێکشکێنرا. ئێمه ئێستاش لهسهر هەمان هێڵین. هەندێک لەو هێڵە دەرچوون. حكوومهتی بەغدا دهیگوت، پەکەکەییەکان مرۆڤایەتییان ڕزگار کردووه. بارزانی لە مەخموور سوپاسی پێشكهشی گهریلا کرد. گەریلا چووە شەنگال، پێشمەرگە چووە کۆبانێ. له دژی داعش بەرخۆدانێكی کوردان نیشان درا. ئێستا لەنێوان داعش و ئاکەپە – مەهەپەدا جیاوازییەک نییە. ئەوەی وای کرد داعش هێرش بکات، ئاکەپە – مەهەپە بوو. ئێستا ئاکەپە – مەهەپە خۆی هێرشهكه دەکات. پەکەکە لە دژی داعش بەرخۆدان دەکات، لە دژی ئاکەپە – مەهەپەش بەرخۆدان دەکات. كهواته ههر نهبێ، دەبێت هاوکاری ئەو بەرخۆدانە بکەن. دەبێت لایەنگریی ئەو بەرخۆدانە بکەن. نابێت لایەنگری داعش بن، نابێت هاوکاری هێڵی داعش بكهن.»
باسی لهوهش كرد، ئەگەر پەکەکە لەناو بچێت، هەموو لەناو دەچن. دەکەونە ناو دۆخێکی خراپ. كاڵكان بانگهوازی ئاراستهی حكوومهتی هەولێر و بەغدا، پەدەکە و یەنەکە كرد کە بە ڕاستهقینهیی هەڵسوکەوت بکەن و هەڵوێستێکی ڕاست نیشان بدەن و ڕۆڵی ههمان ڕۆحیهتی بەرخۆدانی کۆبانێ، مەخموور و شەنگال بگێڕن.
«یان پێکەوە ئازاد دهبین یان هەرگیز ئازاد نابین»
له كۆتایی قسهكانیدا دوران كاڵكان گوتی، «با کەس نەڵێت [ئێمە باشووری کوردستانمان ڕزگار کرد، با پارچەکانی دیکە خۆیان له ئێمه بەدوور بگرن. با كهس بهلای ئێمهدا نهیهت و ئێمه لێرە بەئاسوودەیی دهژین]. ژیانێکی بەو شێوەیە نییە. تا ئهو كاتهی لە باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات كوردبوون سهركوت بکرێت، باشوور ناتوانێت بەئازادی بژی. ئەوە مومکین نییە. یان هەموومان پێکەوە ئازاد دەبین، یانیش کەس ئازاد نابێت. دەبێت هەموان لەوە تێبگەن، مەترسییهكان ببینن، له دژی سیاسەتی هەڵە بوهستنهوه، بهڕێوهبهرایهتییه سیاسییەکانیان بەرەو ڕاستی ببەن. نابێت ڕێگە بە هەواڵگری و سیخووڕهكانی توركیا بدرێت. لەکوێ بیانبینن دەبێت بچنە سەریان. ئەوان دوژمنی کوردن، دەبێت لەناو خۆیاندا نەیانهێڵن. دەبێت هەموو ئەو کەسانەی کە بۆ تورکیا سیخووڕی دەکەن، وەکو سیخووڕی سەدام مامهڵهیان لهگهڵ بکەن و بەو شێوەیە بچنە سەریان.»
s.m