له‌ ئاكرێ هاوڵاتییه‌ك وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات خۆی كوشت

شه‌وی ڕابردوو هاوڵاتییه‌ك له‌ چیایه‌كی ئاكرێ له‌ كاتی په‌خشی ڕاسته‌وخۆی له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا.

شەوی ڕابردوو هاوڵاتییه‌ك به‌ ناوی سوبحی عەبدوڵا ناسراو بە حاکم گۆران لە چیایه‌کی سنووری قه‌زای ئاکرێی سەربە پارێزگه‌ی دهۆک له‌ باشووری كوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە. هاوکات له‌ په‌خشه‌كه‌دا به‌سه‌ختی خۆی بریندار كرد و بەهۆیەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا. لە کاتی پێشکەشکردنی پەیامەکەیدا، ناوبراو درووشمەکانی «یەکڕیزی، چاکسازی و سەربەخۆیی» بەرزکردبوویه‌وه‌.

حاکم گۆران لە کاتی ڕیفراندۆمەکەی باشووری کوردستان چووە سەر یەکێک لە چیاکان و نزیکەی دوو ساڵ لە چیا مایەوە. هۆکارەکەشی دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی تا کورد سەربەخۆیی وەرنەگرێت ئەو نایەتە خوارەوە، تا دواجار و لەسەر داوای چەند کەسێک هاتە خوارەوە.

«كاربه‌ده‌ستانی په‌ده‌كه‌ وه‌ڵامیان نه‌دامه‌وه‌»

لە پەیامەکەی شەوی ڕابردوودا حاکم گۆران دەڵێت: «کاتێک لە چیا هاتمە خوارەوە ئامانجم ئەوەبوو بەردەوام بم لە مانگرتن و خەباتی خۆم له‌نێو شاری دهۆک. ویستم له‌ هەموو شارەکان بگەڕێم بەڵام دەسەڵات ڕێگەی نەدا. زیاتر لە مانگێک چاوەڕوانی وەڵامی جەنابی بەرپرسی لقی پارتی و پارێزگارم کرد به‌ڵام وەڵامی منیان نەدایەوە. من ناچاربووم بچمە شاری سلێمانی، بۆمن جیاوازی نییە بچمە زاخۆ یان سۆران چونکە هەمووی کوردستانە.»

حاکم گۆران ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد ئه‌و هەموو کات دژی دووبەرەکی کورد بووە. گوتی، «کاتێک چوومە سلێمانی یەک ئامانجی سەرەکیم هەبوو ئەویش بڵاوکردنەوەی نەهێشتنی دژایەتی ناوماڵی کوردی لە هەموو شارەکانی کوردستان. هیچ جۆرە ئامانجێكی کەسی تێدا نەبوو. لەسەر ئەمانەش ڕەخنەم لێ ده‌گیرا.»

حاكم گۆران: ئامانجم یه‌كڕیزی ناوماڵی كورده‌

لە پەیامە ڕاستەوخۆکەدا حاکم گۆران باس لەوە دەکات، کە ئەو ئامادە بووە دەستوپێی هەموو سەرکردەکانی کوردستان ماچ بکات، بەو مەرجەی دژایەتیی یەکڕیزی ناوماڵی کوردی نەکەن و وه‌ڵات بەرەو یەکڕیزی و چاکسازی بڕوات. «چونكه‌ كوردستان هەر کوردستانە. چ دهۆک و چی هەولێر و چی زاخۆ هەر کەسێک وەکو من ئامانجی یەکێتی ناوماڵی کورد بێت دەبێت دەستی خۆی بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان درێژ بکات، لەبەر خاتری بەرژەوەندیی ئەم وه‌ڵاتە.»

ناوبراو باسی ناکۆکییەکانی نێوان په‌ده‌كه‌ و یه‌نه‌كه‌ی کرد و گوتی، «دژایەتیی یەکێتی بۆ پارتی دژایەتییەکی مێژووییە كه‌ دەگەڕێتەوە بۆ ٣١ی ئاب و هیچ کات لەبیری ناکەن. یەکێتی هیچ کات دەستی ڕاستی و دروستی بۆ پارتی درێژ ناکات. بەهەمان شێوە پارتی لە یەکێتی خۆشنابێت لەسەر ١٦ی ئۆکتۆبەر.»

«من كوردێكی نیشتمانپه‌روه‌رم»

حاکم گۆران کە خاوەنی ڕەگەزنامەی هۆڵەندایە، باسی لەوە كرد کە نەگەڕاوەتەوە کوردستان بۆ پۆست وەرگرتن. گوتی، «من کوردێکی نیشتیمانپه‌روه‌رم. لە یەکەم ڕۆژەوە کە هاتوومەتە کوردستان هیچ داواکاریم لە هیچ لایەن و کەسایەتییەک نەبووە. لە سلێمانی له‌نێو یەکێتیدا زۆر ڕێزیان لێگرتم و پۆستیشیان پێدام بەڵام من ڕەتمکردەوە. چونکە هەموان دەزانن من بۆ پۆست نەهاتووم به‌ڵكوو بۆ خزمەتکردنی کورد و نەهێشتنی دژایەتی ناوماڵی کورد هاتووم.»

داوای له‌ هاوڵاتییان كرد دژی حكوومه‌ت یه‌كبگرن

ئه‌و هاوڵاتییه‌ هەروەها ڕووی لە هەموو کەسێکی دوور لە دەسەڵات كرد و گوتی، «هەمووتان هەستن دژی حکوومەت دەستی یەکبگرن و قسەتان بکەن بەیەک و هەموو شتێک بکەن بۆ ڕێکخستنی ناوماڵی کوردی.»

لە بەشی کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی: «بۆچی ئێمە گەلێکین نەبوین بە خاوەن بڕیار؟ شەرمە بۆ ئێمە. مووچەم بۆ چیە ئەگەر کەرامەت و غیرەت نەما و منداڵەکان نانی سەرشۆڕی بخۆن. دوای دوو ساڵ مانگرتنی من تەنها بۆ یەکڕیزی و چاکسازی بوو بەڵام نە حکوومەت و نە هیچ لایەنێکی سیاسی پشتیوانی منیان نەکرد. من بۆ کوردستانێكی یەکڕیز و چاکسازی خۆم و هەردوو منداڵەکەم فیدای ئەم پەیامە دەکەم.»

پێشتر ڕایگه‌یاندبوو كه‌ خۆی ده‌كوژێت

به‌ گوێره‌ی ڕۆژ نیووز، حاکم گۆران دوێنێ چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی خۆی بكوژێت په‌یامێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ کە شەو له‌ ڕێی لایڤەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت. بەڵام هیچ هێزێکی ئەمنیی سنووری پارێزگه‌ی دهۆک به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی نه‌یانزانیوه‌ ناوبراو له‌كوێیه‌ چاودێرییان نه‌كردووه‌ و ڕێگرییان لێ نه‌كردووه‌.

ئه‌م بیانووه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دۆزینەوەی شوێنی حاکم گۆران زۆر ئاسان بوو. چونكه‌ ئەو شوێنەی كه‌ په‌خشی راستەوخۆی لێ كردووه‌ و خۆی تێدا كوشتووه‌، شوێنێکی نزیک بە ئاوەدانی و شارە و دوای چه‌ند چركه‌یه‌ك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر رووداوه‌كه‌دا چه‌ند كه‌سێك گه‌یشتوونه‌ته‌ لای.

s.m