لە ئاڤاشین و سەرحەد گورزی قورس لە سوپاى تورک درا

گەریلاکانى هەپەگە لە ناوچەى ئاڤاشینی هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا لە دژی سوپاى تورکی داگیرکەر زنجیرە چالاکییەکیان ئەنجامدا و لەو چالاکییانەدا ٨ سەرباز کوژران. لە سەرحەد-یش ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشی جۆری کوبرا تەقێنرایەوە و ٦ سەرباز کوژران.

بەپێى راگەیاندراوی هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لە ٢٣ و ٢٤ی ئایاری ٢٠١٩ / ٢ و ٣ی جۆزەردان لە ناوچەى ئاڤاشین لە دژی هێزەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر چالاکی ئەنجامدران. لەو چالاکییانەدا ٨ سەربازی تورک کوژران.

گەریلاکانى هەپەگە لە ٢٣ی ئایار / ٢ی جۆزەردان و لە کاتژمێر ١٧:٣٠ دا لە نزیک تەپەی خودێ لە هەرێمى ئاڤاشین چالاکییەکی سابوتاژیان ئەنجامدا و بەو هۆیەوە سەربازێکى تورک کوژرا.

لە ٢٤ی ئایار / ٣ی جۆزەردان و لە کاتژمێر ١٠:٣٠ دا گەریلاکانى هەپەگە لە ٣ قۆڵەوە گورزیان لە یەکینەکانى سوپاى تورک وەشاند، کە لە گەلیى گاڕانەوە دەچوون بۆ تەپەى خودێ. لەو چالاکییەدا ٧ سەربازی تورک کوژران و دەستیش بەسەر چەکێکى جۆری  MPT-76  دا گیرا. کاتێکیش کۆپتەری سوپاى تورک چووەتە ئەو ناوچەیە گەریلاکان گورزیشیان لەو کۆپتەرە داوە.

ئەوەش راگەیاندراوە، هێزە بەشداربووەکانى گەریلا لەو چالاکییەدا بە سەلامەت و بە بێ زیان گەیشتوونەتەوە شوێن و بارەگاکانى خۆیان.

هێزەکانى یەژاستار لە رێگاى بنکەى سەربازیى شلێ لە بازیایی ئاگری ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشی جۆری کوبرای سوپاى تورکیان تەقاندووەتەوە و بەو هۆیەوە ٦ سەربازی سوپای تورک کوژران.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە راشیگەیاندووە، سوپای تورک لە ٢٤ی ئایار / ٣ی جۆزەردان ناوچەکانى ئاڤاشین و زاپ-یان لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا بۆردومان کردووە، بەڵام لەو بۆردومان و هێرشانەدا هیچ زیانێک بە هێزەکانى گەریلا نەگەیشتووە.

ر.م