لە حەسکێف پیاسەی بە کۆمەڵ تاوانە؛ ١٩ کەس دەستگیرکران

رژێمى تورک بە کۆمەڵ رۆیشتنى هاووڵاتییان بۆ سەردانکردنى شوێنە مێژووییەکانى حەسکێف بە تاوان راگەیاند. ١٩ گەنج بە پاساوی ئەوەى "بە کۆمەڵ پیاسەیان کردووە" لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیانکرایە سەر و لێیاندراو و دەستگیر کران.

حەسکێف مێژوویەکى ١٢ هەزار ساڵەى هەیە و دەوڵەتى تورک دەیەوێت لە رێگەى بەنداوی ئیلی سووە ئەو مێژوو و شوێنەوارە دێرینەى مرۆڤایەتى لە ناو ببات.

١٩ گەنج لە ئەندامانى ئەنجوومەنى گەنجانى هەدەپە و ئەندامانى ئەنجوومەنى ژنانى گەنجی هەدەپە لە ئیستانبول، وان، ئامەد و ئێلح، دەیانخواست بچن بۆ ئێلح و بەشداری لە چالاکیى ئێشکگریى بۆ رزگارکردنى شوێنەوارە مێژووییەکان دا بکەن، بەڵام بە پاساوی ئەوەى 'بە کۆمەڵ پیاسەیان کردووە' دەستگیرکران.

گەنجان دواى ئەوەى لە بینای رێکخستنی هەدەپە لە ناوچەى حەسکێف کۆنفراسێکى رۆژنامەنووسیان رێکخست بەرەو شوێنە مێژووییەکان کەوتنەڕێ، بەڵام پۆلیس هێرشی کردە سەریان.

١٩ گەنج لە کاتى پیاسەکردن بە ناو ئەشکەوتە مێژووییەکانى حەسکێف دا بە پاساوی ئەوەی 'بە کۆمەڵ پیاسەیان کردووە' لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان کراوەتە سەر و لێیاندراوە و دەستگیرکراون. ئەو گەنجانە براوان بۆ بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی ناوچەکە.

ژ.ت