لە دژی شەهیدکردنی قاسم ئەنگین هاوڵاتیانی شاری سلێمانی چالاکیان ئەنجامدا

هاوڵاتیانی شاری سلێمانی لە دژی داگیرکاریەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و شەهیدکردنی قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، رژانە سەر شەقام و رژێمی داگیرکاری تورکیان رسوا و شەرمەزار کرد.

بە دەستپێشخەری کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد، لە دژی داگیرکارییەکانی تورکیا و شەهیدکردنی قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە.

ئەمڕۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ڕایگەیاند، فەرماندە قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە، بەهۆی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٠دا شەهیدبووە.

لە دژی شەهیدکردنی ئەو فەرماندەیەی پەکەکە و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان، لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان و بە بەشداری کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، ژنانی گەنجی تێکۆشەر، تەڤگەری ئازادیی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، گردبوونەوەیەکی جەماوەری دەستیپێکرد.

گردبوونەوەکە بە وتنەوەی دروشمی 'شەهید نامرێ، بمرێ خیانەت، تۆڵە...تۆڵە' و بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهید قاسم ئەنگین و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای پەکەکە بەڕێوە چوو.

ز.ش