لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شەنگال یاداشتێک ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کرا

ئەمڕۆ کەمپینی "دژی داگیرکاری و ژن کوشتن و بێدەنگی بشکێنە" لە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێڕاق لە شاری سلێمانی بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شەنگال گربونەوەیەکیان ئەنجام دا.

نوێنەرانی کەمپینە "دژی داگیرکاری و ژن کوشتن و بێدەنگی بشکێنە" لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمانتاری عێراق کۆبونەوە و یاداشتێکیان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق کرد.

کەژاڵ عەبدولخالق یاداشتەکەی خوێندەوە و لە یاداشتەکەدا ئەو هێرشە تیرۆریستی و وەحشییەیانەی بە بیر هێنایەوە، کە کرایە سەر گەلی شەنگال و هەروەها جەختیان لەوە کردەوە بارودۆخی ئاوارەکان لە کەمپی عەربەت لە سلێمانی و کەمپی شەریعە لە دهۆک لە دۆخێکی خراپ دایە و خوازیاریشن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان، بەڵام بە هۆی ئەوەی ماڵەکانیان رووخاوە و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاوڕ نەدانەوەی حکومەتی هەرێم و عێراق لە شەنگال ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

هەروەها چەند داواکارییەکیان ئاڕاستەی پەرلەمانی عێڕاق کرد

  • بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی شەنگال لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی.
  • هەوڵی ڕاستەقینە بدرێت بۆ ڕزگار کردنی ئەو ژنانەی کە تاکو ئێستا لەژێر دەستی داعش دان و ڕۆژانە ڕوبەڕووی توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە.
  • نۆژەنکردنی ئەو شوێنانەی شەنگال کە تاکو ئێستا بە وێرانی و کاولکاری ماونەتەوە بۆ ئەوەی جارێکیتر ئەو خەڵکانەی لە کەمپەکانن بگەڕێنەوە شاری خۆیان.
  • دەرهێنانی ڕوفاتی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵان،ی کە تا ئێستا وەکو خۆی ماونەتەوە.
  • یارمەتیدانی ئەو ژنانەی لە ژێر دەستی داعش ڕزگاریان بووە و لە ڕووی دەروونییەوە هاوکاری بکرێن بۆ تێپەڕاندنی ئازارەکانیان.
  • بۆ ئەوەی جارێکیتر ڕێگە بە کۆمەڵکوژیی شەنگال نەدرێت پێویستە خاوەنی ئیدارە و پاراستنی خۆیان بن.
  • تاوانبارران و ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیی شەنگال بە سزای خۆیان بگەن.

هەروەها لە گردبونەوەکەدا هەر یەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی عێڕاق پەرلەمانتاران بڵێسە جەبار فەرمان، دکتۆر موسەنا ئەمین و یوسف محەمەد وتاریان پێشکەش کرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ کەمپێنی نا بۆ داگیرکاری و ژن کوشتن و بێدەنگی بشکێنە ڕاگەیاند.

ژ.ت