لە سلێمانی خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچوو

لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانێکی بەرفراوان دژی خراپیی دۆخی ئابووریی و دابەشنەکردنی مووچە بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی فشار و بە بەشداریی، مامۆستایان، فەرمانبەران، کەمئەندامان و توێژە جیاوازەکان بەڕێوەچوو.

خۆپیشاندەران سەرەتا لەبەردەم دادگای سلێمانی کۆبوونەوە و پاشان بەڕێپێوان چوونە بەردەم بینای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دروشمەکانی "بڕوخێت دەسەڵات"، "ئەم دەسەڵاتە فاشیلە هەر نەفرەتی قابیلە"، "دەستان پیس و ناپاکن لە تاڵانیی سوارچاکن"، و چەندین دروشمی دیکەیان دەوتەوە، کەمئەندامانیش لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکەدا بوون.

لەبەردەم بینای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا سامان حسێن، سەرۆکی یەکێتی کەمئەئندامان یاداشتی خۆپیشاندەرانی خوێندەوە، کە چەند داواکارییەکی لەخۆ گرتبوو، ئاڕاستەی ڕای گشتیی و دەسەڵاتدارانی هەریمی کوردستان کرابوو:

یەکەم/ پاککردنەوەی لیستی مووچەخۆران لە مووجەخۆری مشەخۆر و بندیوار.

دووەم/شەفافکردنی داهات و خەرجی دۆسیەکانی نەوت و گومرگ و داهاتی ناوخۆ.

سێیەم. بەدوورگرتنی مووچە و بژیویی هاوڵاتیان لەململانێ حزبی و کەسییەکان و و دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، هاوکات پێویستە میکانیزمێکی شیاو بۆ گێڕانەوەی مووچە دزراوەکانمان دابندرێت.

چوارەم/ سەربەخۆبوونی تەواوی دادگاکان و سەروەربوونی یاسا و دەسەڵاتی دادەوەریی.

پێنجەم/ دامەزراندنی سەرجەم وانەبێژان و خۆبەخشان و گرێبەستەکانی کەرتی گشتی.

شەشەم/ دەسەڵات واز لە دروستکردنی قەیرانی ساختە بهێنێت و لە خەمی چارەسەرکردنی قەیرانە کەڵەلەبووەکان و بژێوی هاوڵاتیاندا بێت.

حەوتەم/ بەنیشتیمانیکردن و بە دامەزراوەیی کردنی هێزی پێشمەرگە و دورخستنەوەی لە ململانێ حزبیەکان و جیاکردنەوەی پێشمەرگەی ڕاستەقینە لە پاسەوانی باخ و ڤێلای بەرپرسەکان وبارەگا حزبییەکان.

ز.ش