سەرەڕای رێگرییەکانی ئاسایشی سلێمانی خەڵاتی رۆژنامەوانیى وەدات حوسێن دابەشکرا

بڕیاربوو ئەمڕۆ وەک ساڵانی ڕابردوو ساڵیادی وەدات حوسێن لە سلێمانی ڕابگیرێت، بەڵام ئاسایشی سلێمانی ڕێگای نەدا ساڵیادەکە بکرێتەوە. سەرباری ئەوەش لە بارەگای ڕۆژنیوز مەڕاسیمێک ڕێکخرا و خەڵاتی وەدات-یش بەخشرا.

 


ئەگەرچی بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە، وەک ساڵانی ڕابردوو ساڵیادی شەهید وەدات لە شاری سێلمانی لەلایەن (ئاژانسی ڕۆژنیوز)ەوە  بەرز ڕابگیردرێت، بەڵام ئاسایشی سلێمانی بەهۆکارێکی نادیار ڕێگای نەدا ساڵیادەکە بکرێتەوە. ڕێگرییەکە لە کاتێک دابوو، کە لە سلێمانی بەبەردەوامیی و ڕۆژانە چەندین کار و چالاکیی سیاسیی و ڕۆشنبریی تێدا دەکرێت، هەروەها دەیان هونەرمەندی وڵاتانی دەوروبەر و ئەوروپا داوەت دەکرێن و پێشوازییان لێ دەکرێت.
لەپای ڕێگریەکە دەستەی بەڕێوەبەری ڕۆژنیوز داوای لێبوردن لە تەواویی ئەو کەس و ڕێکخراوانە کرد کە نیازیی بەشداریی مەراسیمەکەیان هەبووە و ئاشکرای کردووە، ڕێگریەکە لە دەسەڵاتیئەواندا نییە و دووریشە لە خواستی ئەوانەوە.

ئەمەو ڕۆژنیوز دوای ڕێگریەکەیی ئاساییش ڕایگەیاند: " سەرباری قەدەغەکردنی مەراسیمەکە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە، ئاژانسەکەمان لە ئۆفیسی خۆی لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی، ڕۆژنامەوان، کەسوکاری شەهید بە مەراسیمێک ساڵیادی وەدات حوسێن ناسراو بە وەدات دهۆکی کردووەتە،ە و تێیدا سێیەمین خەڵاتی وەدات-ی بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانیی بەخشییوە.

 


بە گوێرەی ئاژانسەکە، لە مەراسیمەکەدا سۆران حسێن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە وتارێکدا ئاماژەی بە ڕێگریی ئاسایشی سلێمانی کردوە لە یادکردنەوەی وەدات حسێن بەشێوەیەکی فەرمیی و وتویەتی: بەداخەوە سەرباری هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بە مەراسیمێک یادی شەهید وەدات بکەینەوە، بەڵام لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ڕێگامان پێنەدرا، پێمان وایە ئەمەش جارێکی دیکەی کولاندنەوەی برینی ساڕێژنەکراوی ڕۆژنامەنووسانی ئازادیخواز و کەسوکاری شەهید وەدات حسێنە.

هاوکات ئاماژەی بە دەستگیرکردنی زوبێر برادۆستی، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە دهۆک کرد، کە نزیکەی مانگێکە لەلایەن هێزێکی پێشمەرگەی پارتییەوە دەستگیرکراوە و وتی: نزیکەی مانگێکە زوبێر برادۆستی دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەسەری نییە و بێسەروشوێنە، هیچ هۆکارێکشمان لەسەر دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی پێ ناڵێن

لە مەراسیمەکەدا سێیەمین خەڵاتی وەدات بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانیی بەخشراوەتە هەریەکە لە ڕۆژنامەی نەوژین کە لە کەلار دەردەچێت و  تیمێکی تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕتی، کە ڕاپەڕینەکەی ٢٦ی مانگی ١ی ئەمساڵی شیلدزێ دژی تورکیا ڕووماڵ کردووە.

خەڵاتی یەکەمی وەدات لەلایەن ، مەمیخان ساڵح، دایکی شەهید وەدات-ەوە بەخشرایە ڕۆژنامەی نەوژین لە شارۆچکەی کەلار و، زریان محەمەد، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەکە خەڵاتەکەی وەرگرت.

لەدوای وەرگرتنی خەڵاتەکەش، زریان محەمەد، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی نەوژین وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئەم خەڵاتە دڵخۆشمان دەکات بەوەی هەوڵ و ماندووبوونی ڕۆژنامەکەمان بەهەند وەرگیراوە، بەتایبەت بۆ ڕۆژنامەیەکی وەک ئێمە ئازاد و لە ناوچەیەکی وەک گەرمیان کە پڕە لە ئالنگاریی کەلتووریی و کۆمەڵایەتی، ئەم خەڵاتە سوورترمان دەکات لەسەر بەردەوامیدان بە کاری ڕۆژنامەوانیی لەسەر مافەکانی مرۆڤ و پرسی ژنان.

خەڵاتی دوومیش لەلایەن عوبێد حسێن، برای وەدات حسێن-ەوە بەخشرایە ئەو تیمەی تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕ تی کە ڕووماڵی ڕاپەڕینەکەی شیلادزێیان کرد و، ئەحمەد زاخۆیی بە نوێنەرایەتیی تیمەکە خەڵاتەکەی وەرگرت.

لەدوای وەرگرتنی خەڵاتەکەش ئەحمەد زاخۆیی وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بە ئاشکرانەکردنی بکەرانی تیرۆری وەدات حسێن کرد و وتی: زۆرجار باس لە ئارامیی پارێزگای دهۆک دەکرێت، ئەگەر ئارامیی هەبووایە ئەمڕۆ لانیکەم بکەرانی تیرۆری شەهید وەدات ئاشکرادەکران، بەڵام ئەمە دەریدەخات کە ئەمە دەستی دەسەڵاتی لەپشتە، ئەگەر دەستی دەسەڵاتی لەپش نەبووایە بکەرانی ئاشکرادەکران.

ئاژانسی ڕۆژنیوز لە بەرامبەر ئەوەی کە توانییان وەک یەکەم تیمی میدیایی لە بادینان بوێرانە ڕووماڵی ڕاپەڕینەکەی ڕۆژی ٢٦ی مانگی ١ی ئەمساڵ دژ بە سوپای تورک بکەن، بۆ ئەمساڵ خەڵاتی وەداتی پێبەخشی.

هەروەها لە بەرامبەر ئەو گرنگیدانەی کە ڕۆژنامەی نەوژین لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە پرسەکانی ژنانی دەدات لە گەرمیان، ئاژانسی ڕۆژنیوز بۆ ئەمساڵ خەڵاتی وەداتی پێبەخشی.

وەدات حسێن عەلی، ناسراو بە وەدات دهۆكی، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە شاری دهۆك، ڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠١٦ بەڕۆژی ڕووناك لەناو بازاڕی گەڕەكی ماڵتا-ی دهۆك-دا لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە ڕفێندرا، پاش چەند كاتژمێرێك لە ڕفاندنی بە بریندارییەكی سەختەوە لەسەر ڕێگای سێمێل-دهۆك دۆزرایەوە، پاش ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە شەهیدبوو.

لە پاش سێ ساڵ لە تیرۆركردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە، تاوەكو ئێستا كەیسەكەی وەك خۆی ماوەتەوە و هیچ كەسێك بە تۆمەتی ئەو تاوانە دەستگیرنەكراوە.

ڕۆژنیوز لەكاتێكدا یادی تیرۆری شەهید وەدات حسێن دەكاتەوە، نزیكەی مانگێكە زوبێر برادۆستی، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە ناوچەی برادۆست لەلایەن هێزێكی فەرماندەیی هەڵگورد-ی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراقەوە دەستگیركراوە و تاوەكو ئێستاش بێسەروشوێنە.

 
هـ.هـ