لە سۆرانى باشووری کوردستان تازە زاوایەک لەسەر کێشەى زەوی و زار کوژرا

بەھۆی کێشەی کۆنی زەوی و زار لە نێوان دوو بنەماڵەدا گەنجێکی تازە زاوا کوژرا و بکوژەکانیش هەڵهاتوون و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون.

لە گوندی بلینگر-ی سەر بە قەزای سۆرانی باشووری کوردستان گەنجێکى تازە زاوا بەهۆی کێشەى زەوی و زارەوە کوژرا.

پۆلیسی سۆران رایگەیاند: "ئاگادارکراینەوە لە چیای برادۆست کەسێک کوژراوە و دوای گەیشتنی تیمەکانی  پۆلیسی سۆران بۆ شوێنی رووداوەکە دەرکەوت  کەسە کوژراوەکە ناوی (ئەنەس محەمەد)ی تەمەن ٢٢ ساڵە و پیشەی كاسبە و دانیشتووی گوندی بیلنگر لە سنووری قەزای سۆرانە لە پارێزگای ھەولێر."

پۆلیسی سۆران راشیگەیاند: "رووداوەکە بەھۆی کێشەیەکی کۆنی نێوان دوو بنەماڵەوە روویداوە و لێکۆڵینەوەکانیش لەوبارەیەوە دەستیانپێکردووە".

بە وتەى برای کەسە کوژراوەکە "کوشتنەکە لەلایەن چەند کەسێکی گوندی خەلان بیاو-ی سەر بە ھەرێمی خەلیفان روویداوە و تەرمەکەشیان بەجێ ھێشتووە".

بەپێی زانیارییەکان بۆ ماوەیەک رووبەڕووبونەوە لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا روویداوە و دواتر پۆلیس کۆتایی بە شەڕەکە ھێناوە .

تا ئێستا ھیچ کەسێک لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرنەکراوە و تۆمەتباران ھەڵاتوون بۆ شوێنێکی نادیار .

ر.م