بەپێی هەواڵێکی کۆڵبەرنیوز، بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە ناوچەی هەورامان و سنووری شوشمێ گروپێک لە کۆڵبەرانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا کۆڵبەرێکیان کوشتووە و سێی دیکەشیان بە سەختی بریندار کردووە.
بەگوێرەی هەواڵەکە ئەو کۆڵبەرەی کوژراوە، ناوی "سادق عەزیزی" و خەڵکی گوندی "بیونە" سەربە جوانڕۆی پارێزگای کرماشانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
تەرمی ئەو کۆڵبەرە کە بە گولـلەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئێرانەوە کوژراوە، گەیەندراوەتە پزیشکی دادی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئەو سێ کۆڵبەرەی دیکە کە بریندار بوون ئاشکرا نەکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە مانگی نیسانی ٢٠١٩ دا١٢ کۆڵبەر بەدەستی هێزەکانی سەرسنووری ڕژیمی ئێران کوژران وبرینداربوونە و هەروها ٣کۆڵبەربەهۆی سەرما وبەستەڵەکەوە ڕەق بوونەتەوە و کۆڵبەرێکیش لە چیا بەربووتەخوارەوە و برینداربووە.
ک-ش