لە شەنگال کۆنفڕانسی 'ئێزدیەکان بەدوای داهاتووی خۆیاندا دەگەڕێن' ئەنجامدرا

لە شەنگال بە دروشمی 'ئێزدیەکان بەدوای داهاتووی خۆیاندا دەگەڕێن' و بە ئامانجی یادکردنەوەی فەرمانی ٧٣ و دۆخی گشتی ئێزدیان کۆنفڕانسێک ئەنجامدرا. ژمارەیەکی زۆری میوان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەشداریان کرد.

لەدوای فەرمانی ٧٣ی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا یەکەمجارە کۆنفڕانسێکی فراوان لە شەنگال ئەنجام دەدرێت. کۆنفڕانسەکە بە دروشمی 'ئێزدیەکان بەدوای داهاتووی خۆیاندا دەگەڕێن' بە پێشەنگایەتی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیەکان (پادێ) ئەنجامدرا. کۆنفڕانسەکە خاوەن ناوەڕۆکێکی گرنگ و فراوان بوو کە بە رێزگرتن لە قوڕبانیانی شەنگال دەستپێکرا.

لە سەرەتای کۆنڕانسەکە کە هاوکاتە لەگەڵ ٦مین ساڵیادی فەرمانی ٧٣، ئازاد ئەڤدال جێگری هاوسەرۆکایەتی پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدیەکان قسەی کرد. ئەڤدال باسی گرنگی قۆناغەکە کرد و یادی شەهیدانی کردەوە و باسی لە ناوەڕۆکی بەرنامەی کۆنفڕانسەکە کرد و بەخێرهاتنی میوانانی کرد.

کۆنفڕانسەکە بە بەشداری ئەنجامان و نوێنەرانی دەزگا و ناوەندەکانی شەنگال، نوێنەری پارتەکان و رێکخستنەکانی دەرەوە و گەل ئەنجامدرا. زۆر کەسایەتی بەناوبانگی وەک فەرهاد حەمید قایموامی شەنگال، سەعید محیم سەرۆکی هۆزەکانی شەنگال و مام فاخر کەسایەتی ئایینی ئێزدی لە کۆنفڕانسەکەدا قسەیان کرد. بەشداربووان یادی قوربانیەکانی شەنگالیان کردەوە و ئاماژەیان بە گرنگی ڕێکخستن و یەکێتی و یەکگرتن کرد.

هەروەها لە ڕێگەی سکایپەوە ڕۆژنامەنووس بەرفین هێزل، میرزا دونایی، ئیلیاس سەیدۆ نوێنەری ماڵی ئێزدیانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداریان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد و هەڵسەنگاندنیان بۆ فەرمانەکە و ئامانج و ئەنجامەکانی کرد.

لە کۆنفڕانسەکەدا بەڵگەفیلمێک لەبارەی فەرمانەکە نمایشکرا.

دواتر لیدوان و وتاری دەزگا و ناوەندەکانی شەنگال و میوانەکان لە بەشی دووەمدا بەردەوام بوو.

لەیلا قاسم هاوسەرۆکی خۆسەری دیموکراتیکی شەنگال، عومەر ساڵح هاوسەرۆکی پارتی ئازادی دیموکراتی شەنگال، دژار فەقیر وتەبێژی یەبەشە، سەیید محەمەد ئەلەنجی نوێنەری شیعەکان، فەرهاد حەمید قایمقامی شەنگال قسەیان کرد.

کۆنفڕانسەکە بە ئەنجامنامەیەک کۆتایی هات.

ف.ق