لە عێراق خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە و چەند بارەگایەک سوتێنران
لە چەند پارێزگایەکی خوارووی عێراق خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردەوە و خۆپیشاندەران چەند بارەگایەکیان سوتاند و داوایانکرد سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.
لە چەند پارێزگایەکی خوارووی عێراق خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردەوە و خۆپیشاندەران چەند بارەگایەکیان سوتاند و داوایانکرد سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.
مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو، لە زۆربەی شارەکانی عێراق خۆپیشاندان ئەنجامدرا و خۆپیشاندەران داوای باشکردنی ژیان و هەلی کار و گۆڕینی بەرپرسانی عێراقیان دەکرد .
خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو بەو هۆیەوە بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون و ١٩ هەزار کەسیش برینداربوون، خۆپێشاندانەکان عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان ناچارکرد دەستلەکار بکێشێتەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ خۆپیشاندانەکان تاڕادەیەک ڕاوەستان، بەڵام شەوی ڕابردوو لە چەند پارێزگایەکی خوارووی عێراق خۆپیشاندانەکان دەستیانپێکردەوە.
بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان، درەنگانی شەوی رابردو و دوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پارێزگاکانی واست، بەسڕە، بابل، زیقار و کەربەلا خۆپیشاندەران چوونەوە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و لە درووشمەکانیاندا داوایان کرد خۆپیشاندانەکان دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.
هاوکات خۆپیشاندەران لە پارێزگای واست چوونە سەربارەگای حیزبەکان و بارەگای ڕێکخراوی بەدر و بارەگایەکی حزبی دەعوە و ماڵی جێگری سەرۆکی لیستی عەسائیب ئەهلی حەق یان سوتاند.
لەلایەکی دیکەوە، خۆپیشاندەران ڕایانگەیاندووە، لە ئەمڕۆوە دەست بە خۆپیشاندانەکانیان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا و لە شارەکانی بابل، واست، ناسریە، بەسرە و کەربەلا دەکەنەوە.