لە ماکۆ و رەوانسەر ٤ پاسدار کوژران

بەپێى زانیاریى سەرچاوە خۆجێیەکان، لە پێکدادانى نێوان هێزەکانى کورد و چەکدارانى رژێمى داگیرکەری ئێران لە ناوچەکانى ماکۆ و رەوانسەر بەلانیکەمەوە ٤ پاسدار کوژراون و ٦ پاسداری تریش بریندار بوون.

ئاماژە بەوە دەکرێت، دەمەو ئێوارەى دوێنێ سێشەمە لە پێکدادانى نێوان تێکۆشەرانى کورد و چەکدارانى رژێمى ئێران لە ناوچەى ماکۆ لە پارێزگاى ورمێ لە رۆژهەڵاتى کوردستان ٢ ئەندامى سوپای پاسداران کوژراوان و ٢ پاسداری تریش بریندار بوون. بەپێى زانیارییەکان، ئەو پاسدارە کوژراوە پلەداری سوپای پاسداران بوون.

هاوکات لە شاری رەوانسەر لە پارێزگاى کرماشان لە رۆژهەڵاتى کوردستان پێکدادان لە نێوان تێکۆشەرانى کورد و چەکدارانى سوپای پاسداران لە کوێستانەکانى شاهۆ روویدا و بەو هۆیەوە ٢ ئەندامى سوپای پاسداران کوژراوان و ٤ پاسداری تریش بریندار بوون.

ئەو پێکدادانە لە ناوچەى مەنسوور ئاقایى سەربەشاری ڕەوانسەردا روویداوە. پێکدادانەکەش لە دوای جموجوڵی بەرفراوانى چەکدارانى سوپای پاسدارانى داگیرکەری ئێران روویداوە. لە سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ ٧ی ئاب / ١٦ی گەلاوێژ تاوەکو ئێستا پێکدادان لەو ناوچەیە بەردەوامیى هەیە.

بەپێى زانیاریى سەرچاوەکانمان لە شاری پاوە، لە کاتژمێر ٨:٣٠ی ئەم بەیانییەدا تەرمی ٢ پاسداری کوژرا و ٣ پاسداری بریندار لە رێگەى کۆپتەرەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەى قودس لە شاری پاوە.

هاوکات حسێن سەلامی فەرماندەى گشتیى سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ ژمارەیەکى تر لە فەرماندەکانى سوپای پاسداران دا بە ٢ کۆپتەر چوونەتە ناوچەى نزیک پێکدادانەکە.

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک لە هێزە ئازادیخوازەکانى کورد لەبارەى ئەو پێکدادانانەوە راگەیاندراویان بڵاونەکردووەتەوە.

ژ.ت