لە مێردین ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشی جۆری کۆبرا تەقێنرایەوە

گەریلاکانى هەپەگە و یەژاستار لە مەهسەرتی مێردین چالاکییەکیان ئەنجامدا و لە چالاکییەکەدا ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشی جۆری کۆبرا تەقێنرایەوە و سەربازەکانى ناو ئۆتۆمبێلەکە کوژران.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە لەبارەى چالاکییەکەى مێردین و هێرشە ئاسمانییەکانى دەوڵەتى تورکەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکى هەپەگەدا هاتووە:

لە میردین زرێپۆشێک تەقێنرایەوە و ٩ سەرباز کوژران

"لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید دەلال و شەهیدانى بەستا دا، هێزەکانمان رۆژی ٢٣ی نیسانی ٢٠١٩ و لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ دا لە نزیک گوندی کودێ لە ناوچەى مەهسەرتی مێردین چالاکییەکیان لە دژی سوپاى تورکی داگیرکەر ئەنجامدا. کاتێک ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشی جۆری کۆبرای سوپاى تورکی داگیرکەر تێدەپەڕی، ئەوە تەقەمەنییەى کە پێشتر دانرابوو، پیایدا تەقێنرایەوە.

لەو چالاکییەدا ئۆتۆمبێلە زرێپۆشە کۆبراکە تێکشکێنرا و سەربازانى ناو ئۆتۆمبێلەکە کوژران. ژمارەى سەربازە کوژراوکان بە باشی روون نەبوویەوە، بەڵام پێدەچێت ٩ سەرباز لە زرێپۆشەکەدا بوو بوون و کوژرابن.

لە دواى چالاکییەکە سوپاى تورکی داگیرکەر لە ناوچەکە دەستى بە ئۆپەراسیۆن کرد و ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی ٢٤ی نیسانی ٢٠١٩ کۆتایى پێهات. لەو چالاکی و ئۆپەراسیۆنەدا هیچ زیانێک بە هێزی گەریلامان نەگەیشت.

هێرشی ئاسمانی

فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر لە دژی هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا هێرشیان ئەنجامدا.

لە ٢٦ی نیسانی ٢٠١٩دا و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ دا لە دژی تەپە سوور و وەرخەلی ئاڤاشین و لە کاتژمێر ٢١:٠٠ دا لە دژی ناوچەى کوڕە ژەهرۆی زاپ و لە ٢٧ی نیسان دا و لە کاتژمێر ٠٠:١٥ دا دووبارە لە دژی ناوچەى کوڕە ژەهرۆی زاپ و کاتژمێر ٠٧:٣٠ لە دژی کونیشکای زاپ و کاتژمێر ٠٨:٢٠ لە دژی تەپە سووری ئاڤاشین هێرشی ئاسمانى ئەنجامدران.

لەو هێرشانەدا هیچ زیانێک بە گەریلاکانمان نەگەیشت".

ر.م