لە مەریوان ١١ رێکخراو کەمپەینى "زاگرۆس چاوەڕێمانە"یان راگەیاند
لە شاری مەریوانى رۆژهەڵاتى کوردستان ١١ رێکخراو بۆ بە هاناوەچوونی لافاولێدراوانى ناوچەکانى لوڕستان و ناوچەکانى تری کەمپەینى "زاگرۆس چاوەڕێمانە"یان راگەیاند.
لە شاری مەریوانى رۆژهەڵاتى کوردستان ١١ رێکخراو بۆ بە هاناوەچوونی لافاولێدراوانى ناوچەکانى لوڕستان و ناوچەکانى تری کەمپەینى "زاگرۆس چاوەڕێمانە"یان راگەیاند.
دەقی راگەیاندراوەکەى کەمپەینى "زاگرۆس چاوەڕێمانە" لە مەریوان
بەیانەییەی
کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" لە مەریوان
هاووڵاتیانی بەڕێز!
هاوشارییانی دڵسۆز و وەفادار!
جارێکی تر زامەکانی نیشتمان کولایەوە و لێزمە بارانێکی بەهاریی بوو بە بیانووی تووڕەیی سروشت و خورۆشی بەنداوە دەستکردەکان، ژیان و ماڵ و سامانی سەدان هەزار کەس لە هاووڵاتیانی بێ پەنای کردە قوربانی کارەساتێکی چاوەڕوان نەکراو.
دەستدرێژی بۆ سەر ژینگە و قەڵاچۆ و پاکتاوی دارستانەکان و سازدانی سەدان بەنداوی هەوسار نەکراو و گوێ نەدان بە بنەماکانی شوێن و جێگای خانوبەرە و نەزانکاری و نادڵسۆزی بەرپرسان، بوو بە هۆی لافاوێکی خورۆشان و بێ بەزەیی و چەند ناوچەیەکی بەرینی وڵاتی ئێران، بە تایبەت شار و گوندەکانی لۆڕستانی خۆشەویستی، نوقمی لیتاوی قەیران و لێقۆمان و ماڵوێرانی کرد.
دوابەدوای ئاگاداربوونی خەڵکی دڵسۆزی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و بە تایبەت جەماوەری خاوەن شارستانییەتی شار و گوندەکانی مەریوان و هەورامان لە قووڵایی و بەربڵاوی کارەساتەکە، سەرەڕای دۆخی نالەباری ئابووری و دەیان قەیرانی تر، قۆڵی هاوسۆزی و یارمەتییان لێ هەڵماڵی و بۆ یەک ساتیش لوڕستانی ئازیزیان بە تەنیا جێ نەهێڵا.
مەریوان بۆ چەندمین جار سەلماندی کە شاری دڵسۆزی و مهرەبانی، شاری یەکیەتی ڕێکخراوەکان و شاری "شەریف" و "ئومێد"ە و بۆ هەتاهەتایە ئاڵای شەهیدانی هەرگیز نەمری نیشتمان هەر شەکاوە ڕادەگرێ.
ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان وەک ویژدانی هوشیار، بەرپرس و دڵۆڤانی جەماوەر و تەنیا ناوەندی جێی متمانەی خەڵک، بوون بە پێشەنگ و بە بێ دوودڵی و لەوپەڕی سۆز و هاوخەمی، بە یەکگرتووییەکی بێ وێنە، بۆ کۆکردنەوە و هەناردنی یارمەتییەکان، دەواری کەمپەینی "لوڕستانەکەم – زاگرۆس چاوەڕێمانە"ی لە مەیدانی باوەڕەشی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ (١٣ تا ١٧ی خاکەلێوە) هەڵدا و بە شێوازێکی ڕێکخراوەیی و شارستانیانە، پێداویستی لێقۆماوانی لوڕستانی بە مەزەندەی دەیان ملیۆن تمەن کۆکردەوە و لە ڕێگەی بارهەڵگرە خۆبەخشەکانەوە بەرەو جەرگەی کارەساتەکە بەڕێ کرد.
ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ دابەشکردن و گەیاندنی یارمەتییەکانی خەڵکی سەربەرزی مەریوان و هەورامان بە دەستی لافاولێدراوانی لوڕستانی، چەند تیمێک لە ئەندامانی کەمپەینی بەرەو لوڕستان بەڕێ کرد و بە دامەزراندنی ناوەندێکی تایبەت لە شاری "مەعموولان"، بە ئەرکی دڵسۆزانەی خۆی هەستا. ئەندامانی کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" تا بڵاوکردنەوەی دوایین وەجبەی کەل و پەل و پێداویستییەکان لە ناوچە ئەمێننەوە.
ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، لە هەمبەر ئەو هەموو دلۆڤانی و هاوسۆزیەی خەڵکی دڵئاوەڵا و نیشتمانپەروەری مەریوان و هەورامان و گوندەکانی، بە تایبەت ئاواییەکانی نێ، ئەڵمانە، هەنجیران، تفڵی، شارانی، سیف ژووروو و ....، وێڕای سپاس سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنێت و شانازییان پێوە دەکات.
خاکەلێوەی ٢٧١٩
- ئەنجومەنی فەرهەنگی - ئەدەبیی مەریوان
- ئەنجومەنی فەرهەنگی - هونەری ڤەژین
- ناوەندی زانستی - فەرهەنگی ڕۆنان
- ئەنجومەنی خەڵكیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان – ژیانەوە
- ئەنجومەنی سەوزی چیا
- ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی ڕۆجیار
- ئەنجومەنی سڵامەتی ژین
- یانەی کوردەواری
- ئەنجومەنی نمایشی مەریوان
- یەکیەتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان - یەمامە
- ئەنجومەنی پیشەیی موعەلمان(مامۆستایان) مەریوان
ر.م