لە وان باری نائاسایی بەردەوامە

م. ئەمین بیلمەز کانوونی دووەمی ئەمساڵ بووەتە پارێزگاری وان و سیاسەتە قورس و دژوارەکانی بۆ ئیدارەدانی پارێزگاکە سەرنجڕاکێشە و هێشتا دۆخی باری نائاسایی لە شارەکە بەردەوامە.

سەرۆک کۆماری تورک تەیب ئەردۆغان بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی بەردەوام بێت لە ٢٠١٦ەوە دۆخی باری نائاسایى رایگەیاندبوو. باری نائاسایى بە رەسمی لاچوو، بەڵام بە کردەوە هێشتا دۆخی نائاسایى بەردەوامە. وان یەکێک لەو شارانەی کوردستانە، کە لەمێژە یاسا و دیموکراسیی تێدا نەماوە. مانگی کانوونی دووەم، م.ئەمین بیلمەز بووە پارێزگاری وان. هەر هاتە سەر کار درێژەی بە ئیدارەی قورس و دژاور دا. بیلمەز ناهێڵێت پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە – HDP) کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ساز بکات و لێدوان بدات و هەموو کارێکی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی قەدەغە کردووە.

دەدە: دەبێت پارێزگار دەست لەکار بکێشێتەوە، یان لە سەر کار لابدرێت

ئومێد دەدە سەرۆکی هەدەپە لە وان سەرنجی خستەسەر سیاسەتەکانی دۆخی نائاسایی و وتی: "مافی پڕوپاگەندەی لێ قەدەغە کردووین، کە لە ڕووی یاساییەوە ئەو مافانە پارێزراون. محەمەد ئەمین بیلمەز پارێزگاری وان هەموو چالاکی و بەرنامەیەک قەدەغە دەکات. لە وان دۆخی نائاسایی بەردەوامە. لە وان هەموو رێکخراوە دیموکراتییەکان بۆ ئەوەی گۆشەگیریی بشکێت، بۆ ئەوەی داواکاریی چالاکوانەکان جیەجێ بکرێت، چالاکی دیموکراتیانە ئەنجام دەدەن. لێرەوە دیسان دەڵێین، هەڵوێستی پارێزگاری وان قبوڵ ناکرێت."

دەدە وتیشی، کەسوکاری زیندانییەکان، رێکخراوە دیموکراتییەکان، رێکخستنەکانی رەنجدەران دەیانەوێت گۆشەگیری بشکێت. هەروەها مافی کۆبوونەوە، ئازادی رادەربڕین لەلایەن یاساوە مسۆگەر کراون، بەڵام پارێزگاری وان هەموو یاساکان پێشێل دەکات و ناتوانێت شارەکە بەڕێوە ببات.

دەدە رایگەیاند، پارێزگار بە قەدەغەکارییەکانی وایکردووە، کە خەڵک نەتوانێت لەو شارەکەدا بژین. ئەوە شێوازی بەڕێوەبردن نییە.

 راشایگەیاند، ئەگەر پارێزگار هێندە زیرەک نەبێت کە شار بەڕێوە ببات یانیش ئەو بوێرییەی نەبێت و نەتوانێت بەپێی پەیماننامە یاساییە نێونەتەوەییەکان بەڕێوەی ببات یان دەبێت دەست لە کار بکێشێتەوە یانیش بگۆڕدرێت.

 دەدە ئەوەشی وت، کۆمەڵگە لە تەنگژەدایە و دەیەوێت دەرد و ئازارەکانى خۆی بڵێت و نائارامیان بۆ شارەکەیان ناوێت و بە دڵنیاییەوە دەبێت هێرش نەکرێتە سەر مافی خۆپیشاندان.

ئۆرهان: دایکان ویژدانی ئەم وڵاتەن

موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری وان وتی، لە رۆژی ١٥ی تەمووز/٢٤ی پوشپەڕەوە هەوڵی کودەتایان کردە بیانوو بۆ ئەوەی سوڵتانیەتی خۆی بەردەوام بکات و فشارێکی قورس دەخرێتە سەر کۆمەڵگە و وتیشی: "تەواوی وڵاتیان گۆشەگیر کرد. کۆمەڵگە بێزارە لەو دۆخە و نایانەوێت ئەو لێرە بێت".

ئۆرهان ئەوەشی وت، نەیانهێشتووە ئەو دایکانەی، کە دەیانەوێت ببنە دەنگی رۆڵەکانیان، کە رۆژلەدوای رۆژ دەتوێنەوە  لێدوان بدەن و وتی: "دایکان ویژدانی ئەم وڵاتەن. دەنگی دایکان دەتوانێت کۆمەڵگە لە بەرامبەر تاریکایدا وشیار بکاتەوە. چالاکیی مانگرتن، کە چەندین مانگە بەردەوامە و رۆژووی مردن هەموو پێشێلکارییەکانی دەرخست. دایکانیش بوونەتە دەنگی رۆڵەکانیان، کە بەهۆی ئەو دۆخەوە لە چالاکی دان. گوێگرتن لەو دەنگە، گوێگرتن لە دایکان ژیانێکی رووناک دەهێنێت. ئاشتیی کۆمەڵایەتیی لێدەکەوێتەوە."

ر.م