"لە پێناو منداڵەکانم دا بەرخۆدان دەکەم"

دایە خەیرییە دەمیر کوڕەکەی لە ١ی ئازارەوە لە مانگرتن دایە و رایگەیاند، هەموو ژیانی لە بەردەم دەرگای زیندانەکان بەسەر بردووە. دایە دەمیر وتی: "نامانەوێت کەس لە زیندان بمرێت، بۆیە دەبێ دەستبەجێ کۆتایی بە گۆشەگیریی بهێنرێت".

بەرخۆدانی مانگرتن لە دژی گۆشەگیریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن دەستیپێکرد. چەندین مانگ و وەرزی تێپەڕاند. مانگرتنی بێسنوور لە ١ی ئازاری ٢٠١٩ / ١٠ی رەشەمەوە تەشەنەی کرد بۆ هەموو گرتووخانەکان. ١٥ زیندانییش لە ٣٠ی نیسانی ٢٠١٩ / ١٠ی بانەمەڕ (گوڵان) دەستیان بە رۆژووی مردن کردووە.

دایە خەیرییە دەمیر ٣ ڕۆڵەی لە زیندان دان. یەکێکان ٦٧ رۆژە لە مانگرتنی بێسنوور دایە. لەبارەی مانگرتنەکە قسەی کرد و داوای کرد، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان دەمودەست کۆتایی پێ بێت.

"هەموو ژیانم لەبەردەم گرتووخانەکان بەسەر برد"

دایە دەمیر ڕایگەیاند، هەموو ژیانی لەبەردەم گرتووخانەکان بەسەر بردووە و وتی: "من باوکی منداڵەکان و هاوژینەکەمم لەژێر ئەشکەنجەدا لەدەستچوو. لەبەر ئەوەش بۆ منداڵەکانم نیگەرانم. کچەکەم سزای ١٥ ساڵ زیندانیى بەسەردا سەپێنراوە و ماوەی ١٠ ساڵە لە زینداندایە. کوڕەکەم ٣٦ ساڵ سزای زیندانى بەسەردا سەپێنراوە و ماوەى ٢٦ ساڵە لە زینداندایە. کوڕەکەی دیکەم ٦ ساڵ و نیو سزای زیندانیان بەسەردا سەپاندووە و بڕیارە دوای ٢ ساڵی تر ئازاد ببێت".

دایە دەمیر وتیشی "من ئێستاکە هاوکات لەگەڵ هەموو شتەکانى تردا بۆ ڕۆڵەکانم بەرخۆدان دەکەم. دیار دەمیر-ی کوڕم لە گرتووخانەی پیتی (D)ی ئامەد زیندانیکراوە و ٦٧ رۆژە لەدژی گۆشەگیری لە بەرخۆدان دایە. چەند رۆژێک لەمەوبەر سەردانم کرد. هەموو زیندانییەکان زۆر لاواز ببوون و ناتوان بەپێوە بوەستن. دەموچاویان سپی هەڵگەڕاوە. دەستی دەلەرزێت و برینیش لە دەموچاویدا دروستبووە. دۆخی هەڤاڵەکانیان کە دەستەی یەکەمی مانگرتووەکانن قورسە و ڕۆژبەرۆژیش بەرەو خۆاپتر دەچێت. کاتێک دەچمە گرتووخانەکە و کوڕەکەم و هەڤاڵەىکانی لەو دۆخەدا دەبینم، جەرگم دەسووتێ".

"ئاشتیمان دەوێت"

دایە دەمیر ئەوەشی وت، کاتێک دەچنە گرتووخانەکان لە جیاتی ئەوەی ئەو ورەی کوڕەکەی بەرز بکاتەوە  کوڕەکەی مۆڕاڵ و ورەی ئەم بەرز دەکاتەوە و لەوبارەیەوە وتی: "لەکاتی یەکتربینیدا بەردەوام باسی دەرەوە دەکەن. لەو بێدەنگییەی دەرەوە توڕەن. پێویستە ببینە دەنگی زیندانییەکان. ئێمەش ناوەستین و هەرگیزیش ناوەستین. با دایکانی کورد و تورک نەگرین. ئێمە ئاشتیمان دەوێت. کاتێک منداڵەکانمان بمرن ژیان هیچ واتایەکی نامێنێت".

"با کۆتایی بە گۆشەگیریی بهێندرێت"

دایکە دەمیر لە قسەکانیدا بانگی لە بەرپرسانی دەوڵەتی کرد کە دەستبەجێ کۆتایی بە گۆشەگیریی بهێنن و وتی: "هەرچیمان لەدەست بێت دەیکەین. ئێمە ئاشتیمان دەوێت. نامانەوێت چیتر دارەمەیت لە گرتووخانەکان بهێندرێنە دەرەوە. با چیتر جەرگی دایکان نەسووتێت. داوا لە وەزارەتی داد و وڵاتانی ئەوروپا دەکەین، کە نامانەوێت ڕۆڵەکانمان بمرن، با ڕۆڵەکانمان نەمرن، با هەموو کەس خۆی بخاتە شوێنی ئێمە، بەڵام پاشەکشە ناکەین. ئەنجامیش هەرچییەک دەبێت با ببێت ڕۆڵەکانمان سەردەکەون. با لەیلا گیوڤەن بژی. لەیلا گوڵە، با گوڵ سیس نەبێت. وەکو هەموو کاتێک بەردەوام دەڵێین، دیسان دەیڵێین، بەرخۆدان ژیانە".

ر.م