لە کەرکوک دەربارەی دامەزراندنی ژنان لە هێزە ئەمنییەکاندا گفتوگۆیەکی کراوە سازکرا

لە شاری کەرکووک گفتوگۆیەکی کراوە ئەنجامدرا دەربارەی پێویستی بەشداری ژنان لە هێزە ئەمنیەکانی شاری کەرکووکدا.

نیوەرۆی ئەمرۆ لە نووسینگەی کۆمیسۆنی مافی مرۆڤ لە شاری کەرکوک گفتوگۆیەکی کراوە سازکرا لەلایەن کۆمەڵەی هیوای عیراقی بەهاوکاری کۆمیسۆنی باڵای هۆڵەندی دربارەی پێویستی بەشداری کردنی ژنان لە هێزە ئەمنیەکانی شارەکە.

هاوژین حاجی توێژەی کۆمەڵایەتی و ئەندامی کۆمەڵەی هیوای عێراقی دەربارەی ئامانجی سازکردنی ئەم گفتوگۆیە کراوەیە بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕاگەیاند: "ئامانجی ئێمە بڵاوکردنەوەی پەیامێکە لەژێرناوی 'ئەاون ئەفسەرن' بۆ دامەزراندنی ژنان و کچانی شارەکە لە هێزەکانی پۆلیس ، لە شارەکانی وەکو بەغداد و سلێمانی و پاریزگاکانی دیکەی عێراق رێژەیەکی ژنان هەن لە هێزە ئەمنیەکان بەلام لە شاری کەرکوک رێژەی ژنان سفرە و بوونی ژنان نیە لە هێزە ئەمنیەکانی شارەکە."

هەروەها هاوژین حاجی بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕاگەیاند: "هەر وەکو لە دەستوری عێراق هاتووە لە مادەی ١٤ کە دەلێت ژنان و پیاوان یەکسانن لە هەموو کارێکدا ، بۆیە ئامنجی ئیمە ئەوەیە کە ژنان وەکو پیاوان بەیەکسانی بتوانن لە دامودەزگاکانی حکومەت جێبگرن."

لە کۆتایدا هاوژین حاجی وتی: "بوونی ژنان لە دامودەزگا ئەمنیەکان رێژەی توندوتیژی دژی ژنان کەمدەکاتەوە ، وە دامەزراندنی ژنان لە هێزە ئەمنیەکانی شارەکە متمانە دروست دەکات لە نێوان کۆمەڵگا دامودەزگا ئەمنیەکانی شارەکە."

ک-ش