لە کەرکوک یادی پۆلێك مامۆستای شەهید بەرز ڕاگیرا
لە ٢٨ی تەمموزی ٢٠٠٨ / ٧ی گەلاوێژ پۆلێک مامۆستا و هاونیشتمانیانی کەرکوک بە خوێنی خۆیان کوردستانی بوونی کەرکوکیان سەلماند.
لە ٢٨ی تەمموزی ٢٠٠٨ / ٧ی گەلاوێژ پۆلێک مامۆستا و هاونیشتمانیانی کەرکوک بە خوێنی خۆیان کوردستانی بوونی کەرکوکیان سەلماند.
لە ٢٢ تەمموزی ساڵی ٢٠٠٨ / ١ی گەلاوێژ کۆمەڵێک پەرلەمانتاری داخ لە دڵ و شۆڤێنی کۆبونەوەیەکی نھێنی-یان لەناو پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا بۆ ئەوەی ماددەیەکی شێواو و ناتەواو دەربکەن کە ئەویش ماددەی ٢٤ بوو، کە ھیچی کەمتر نەبوو لە ماددەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش (مجلس قیادة الثورة)ی رژێمی بەعس، چونکە ناوەرۆکی ماددەکە ئەوەبوو کەرکوک بگەڕێتەوە بۆ پێش ٩/ (نیسانی)٤/٢٠٠٣ / ٢٠ی خاکەلێوە (نەورۆز)، دیارە پێش ئەو مێژووەش حکومەتی بەعس بەسەرۆکایەتیی سەدام حوسێن حوکمڕانی عێراق و کەرکوک بووە.
ئەوەبوو کەرکوکییەکان کە ھەمیشە سینگی خۆیان کردووەتە بۆ پارێزگاری لە کەرکوک و قەڵای کەرکوک لە ٢٨/ (تەمموز)٧/٢٠٠٨ / ٧ی گەلاوێژ ھەموو چین و توێژەکان لە ھەموو گەڕەکێکی کەرکوکەوە و لە ھەموو شارۆچکە و گوندەکانی کەرکوکەوە رژانە سەر شەقامەکانی کەرکوک و بە ئاڵای سپییەوە و بەدروشمی (لێرە ناڕۆین) ئەو ماددەیەیان زیندە بەچاڵ کرد.
دیارە پاشماوەکانی بەعس و تیرۆریستان و داخ لە دڵان ئەو راپرسییەی کەرکوکییەکانیان پێ ھەرس نەکرا، ناچار پلانێکی دڕندەیان داڕشت و ئەوەبوو گەورەترین تەقینەوەیان لە شاری کەرکوک ئەنجامدا، کە کورد ئەو رۆژەی لە بیرناچێتەوە. شەھیدانی ٢٨ی تەمموز بە خوێنی گەشی خۆیان کوردستانی بوونی کەرکوکیان سەلماند. لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا ٢٤ کەس شەھید بوون و زیاتر لە ١٥٠ کەسیش برینداربوون کە (٩) قوربانیی ئەو کردەوە تیرۆریستیە مامۆستا بوون.
لە یادی ١١ساڵەی ئەو کارەساتە خوێناوییەدا یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە مەراسیمێکدا وێنە و ژیاننامەی مامۆستا شەھیدە کەرکوکییەکانی خستە ڕوو بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەو مامۆستایانە، کە بە خوێنی خۆیان داکۆکییان لە کوردستانی بوونی کەرکوک کرد.
هەروەها لەو مەراسیمەدا بە ئامادەبوونی کەسوکاری مامۆستا شەهیدەکان خەڵات بەخشرایە قوتابیانی یەکەمی قوتابخانە کوردیەکانی شاری کەرکوک.
مامۆستا محەمەد خەلیل کارگێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان - لقی کەرکوک دەربارەی مەراسیمی یادکردنەوە و رێزلێنانەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: "ئێمە وەکو لقی کەرکوکی یەکێتیی مامۆستایانی کۆردستان هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا ئەم یادە بەرز ڕادەگرین، کە لە رۆژی ٢٨ی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٨ پۆلێک مامۆستا شەهید بوون ."
هەروەها مامۆستا محەمەد خەلیل وتی: "مامۆستا هەمیشە پێشەنگ بووە و هەمیشە مامۆستا لە ریزی پێشەوەی خەبات و تێکۆشان پێشەنگایەتیی کردووە، چونکە مامۆستا هەمیشە هەوێنی پێکەوە ژیان و برایەتی و تەبایی بووە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوک دا."
ر.م