لە گرتووخانەی رحا پیلانگێڕی دەکرێت

زیندانییەکانی دۆسیەی پەکەکە لە گرتووخانەی ژمارە ٢ی پیتی T گرتووخانەی رحا ئاشکرایان کرد، دوای ئەوەی فاتیح سەرتاچ چەلیک بووە بەڕێوەبەری گرتووخانەکە، یەکەمین پیلانگێڕێ و گەمەکانى دەستیان پێکرد. بۆ ئەوەش بانگەوازێکیان بڵاوکردەوە.

 لە گرتووخانەکانی تورکیا و کوردستان  گوشار و ئەشکەنجە لە دژی زیندانییە سیاسییەکان بەردەوامە. زیندانییەکانی دۆسیەی پەکەکە لە گرتووخانەی ژمارە ٢ی پیتی Tی گرتووخانەی رحا نامەیەکیان رەوانەی دەرەوە کردووە و لە نامەکەدا سەرنجیان راکێشاوەتە سەر ئەو گوشارانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێن. لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵانی ١٩٩٠ لە شرنەخ یاسا فەرمییەکانی دەوڵەت کاریان پێنەدەکرا و پووچەڵ کرابوونەوە و وتیان: "چەتەکانی ئەرگەنەکۆن، فەتۆ، لیواى تۆڵەى تورک (تیت - TÎT)، دەزگای هەواڵگریى جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر (ژیتەم - JÎTEM) و ئەوانەی وەکو ئەوان بوون لە گەلێک شار و ناوچەکانی ئەو دەڤەرەدا لەناو دەوڵەتدا جێگیر کرابوون و هێزی فەرمیی دەوڵەتیان بۆخۆیان زەوت کرد. هەموو ئەو ناوچانەی، کە ئەوانی تیادا بوو سووتاندیان، ژیانیان لە خەڵکە وڵاتپارێز و دیموکراتەکەمان حەرام کرد و ژیانیان تێکدان. ئەو رووداوانەی ئەم ساڵانەی دوایی، کە لە رحا روودەدەن نیشانەی ئەوەن رحا بووەتە 'کۆماری دووەمی شڕنەخ' ".

لە نامەکەدا هاتووە، وەکو هەموو گرتووخانەکانی تورکیا، لە گرتووخانەی ژمارە ٢ی پیتی Tی رحاش گوشار، زۆرداری، کێشە و کردەوەی نامرۆیی بەردەوامن و ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوەی فاتیح سەرتاچ چەلیک بووەتە بەڕێوەبەر، یەکەمین پیلانگێڕی و ئاژاوەگێڕی و کاری تێکدەرانە دەستیپێکرد. هەوڵ دەدرێت سوکایەتی بە زیندانییە سیاسییەکان کرێت و بکرێن بە سیخوڕ و خۆیان رادەست بکەن. زیندانییەکان رایانگەیاندووە،  دوای ئەوەی فاتیح سەرتاچ چەلیک دەستبەکار بووە، چالاکییەکانی وەرزش، پێکەوە قسەکردن، ساز و وێنەکێشان لە زیندانەکەدا نەهێڵدراوە و وتیان: پەرتووکەکانیان سنووردار کردین، بە شێواز و رێگەی جیاواز مافی چاوپێکەوتنمان لێ ئاستەنگ دەکەن و ئەو مافەمان زەوت دەکەن. ئەو هەڤاڵانەمان، کە نەخۆشیی قورسیان هەیە و راپۆرتی پزیشکیشیان هەیە و 'ناتوانن بە تەنیا بمێننەوە' بەهۆی هەڵوێستی میزاجیى کارگێڕییەوە ئازاد ناکرێن.

بە وتنەوەی قسەی 'پارێزەرتان هەیە' هەڤاڵەکانیان رادەستی پۆلیس کردین. لەناو ئەو ئۆتۆمبیلانەی پۆلیس دا، کە هەڤاڵەکانیان پێ بردن بۆ ئاسایش ئەشکەنجەیان داون و دواى ئەوەش لە ئاسایش-یش ئەشکەنجەیان داونەتەوە وداوای دانپێدانان و سیخوڕییان لێ کردوون. لەم دواییانەدا لە بریى ئەوەى هەڤاڵێکمان ببەن بۆ نەخۆشخانە بردیان بۆ دادگا و لەوێش داواکاری گشتی پێشنیازی 'شایەتیدانى شاراوەی بۆ کردووە' و ویستویەتی لە دژی زیندانییەکانی دیکە بیخاتە ناو تەڵە و پیلانگێڕی. ئەو جۆرە کردەوانە دوای چالاکیی مانگرتن چووەتە ئاست و قۆناغێکی جیاوازەوە. هەوڵ دەدرێت رێگری لە مافی قسەکردنمان بە تەلەفون بۆ ماوەی ١٠ خولەکیش بکرێت. لە جیاتی ئەوەی هەڤاڵە نەخۆشەکانمان بەخێرایى ببەن بۆ چارەسەری پزیشکی، پزیشکەکان دێننە ژوورەکانمان و بەو شێوەیە لە گرتووخانەکەدا گۆشەگیرکردنێکى  قورس بەڕێوەدەبەن و پەیوەندیمان لەگەڵ دەرەوەدا دەبڕن".

لەنامەکەدا ئەوەش هاتووە، لە گرتووخانەی ژمارە ٢ی پیتی Tی رحا رێکخستنێکی وەکو فەتۆ هەڵسوکەوت دەکات و زیندانیانى سیاسیی ئەو گرتوخانەیە بانگەواێکیان بۆ رێکخراوە پەیوەندیدارەکان کردووە و رایانگەیاندووە: "ئەو رێکخستنە، کە هاوشیوەى فەتۆیە، هەوڵ دەدات زیندانییەکان بێ ئیرادە بکات، رادەست ببن، بیانکاتە سیخوڕ، دانپێدانەر و بە یاریی چەپەڵ گەمە بە ژیانی مرۆڤەکان دەکات. ئێمە هیچکات لەسەر راستیی سیاسی و مرۆیی خۆمان سازش ناکەین و دەرفەت بە کاری ئاژەواگێڕی و تێکدەرانە نادەین.

داوا لە کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە - ÎHD) و وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا (تیهەڤ - TIHV) و کۆمەڵەی بنەماڵەی زیندانییان و هەروەها رێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە لە وەزارەتی داد، لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان و دامودەزگا فەرمییەکان ل دژی ئەو  رێکخستنە، کە هاوشێوەى فەتۆیە بکەونە جموجۆڵ تاوەکو رێوشێوێنی یاسایی و مرۆیی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر".

ر.م