'لەدژی توندوتیژی دەوڵەت و پیاو، پێویستە تێکۆشانمان بەهێزتر بکەین'

خاتون ییڵدز چالاکوانی تەژەئا ئاماژەی بە توندوتیژی سەر ژنان کرد و وتی، "پێویستە پەیوەندی بە هەموو ژنانەوە بکەین و تێکۆشان بەهێزتر بکەین."

توندوتیژی دژی ژنان و کۆمەڵکوژیەکان لەسەردەمی ئاکەپەدا زیادیان کرد و سیاسەتی دەزگاکانی دادوەری کە تاوانباران سزا نادەن، فراوانتر دەبێت. لە تورکیا هەموو مانگێک بە دەیان ژن لە لایەن پیاوانەوە دەکوژرێن و سیاسەتی دەزگاکانی دادوەری کە تاوانباران سزا نادەن بەردەوامە. خاتون ییڵدز چالاکوانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) بۆ ئاژانسی هەواڵای فورات (ANF) باسی ڕۆڵی دەوڵەتی کرد لە کۆمەڵکوژی ژناندا.

ییڵدز ڕایگەیاند، تەژەئا و دەزگاکانی تری ژنان نەیانتوانیوە ڕێگری لە کۆمەلکوژیەکان بگرن و دەوڵەتیش ڕێگە نادات دەزگاکانی ژنان کاری خۆیان بکەن. لە بەرامبەر کۆمەلکوژکردنی ژنان ڕاپەرینێکی گەورە دروست نابێت، لەبەرئەوەی سیاسەتی دەوڵەت ئاستەنگی بۆ خەباتی ژنان دروست دەکات.

ییڵدز وتیشی، "لەبەرئەوەی ئاستەنگی بۆ کارەکانمان دەکرێت، ناتوانین پەیوەندی بە هەموو ژنانەوە بکەین. بە هۆی ڕێگریەکانەوە ژنان دەترسن پەیوەندیمان پێوە بکەن. لە مالەوەش پیاوان و لەدەرەوەش دەوڵەت، دەیانترسێنن. بەو هۆیەوە ژنان ناتوانن باسی کێشەکانیان بکەن. کاتێک مرۆڤ ئەو شتانە لەبەرچاو دەگرێت، دەبینرێت مرۆڤ ناتوانێت ڕێگە لە تاوانەکانی دژی ژنان بگرێت. پێویستە ئێمە پەیوەندی بە هەموو ژنانەوە بکەین. لە ئامەد پێویستە ئێمە پەیوەندی بە هەموو ژنانەوە بکەین و تێکۆشانمان بەهێزتر بکەین."

ییڵدز ڕاشیگەیاند، لە گەڕەکەکان کە پەیوەندی لەگەڵ ژنان دروست دەکەن، ژنان کێشەکانیان دەشارنەوە و وتی، "بەڵام کاتێک دەبینن ئێمە دەمانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەین، باسی کێشەکانیان دەکەن و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێمە بە‌هێز دەکەن. ئەو ژنانەی کە توندوتیژی هاوسەر، باوک و برایان لەسەرە، سەردانمان دەکەن. ئێمەش بۆ پشتگیری یاسایی و دەرونی ڕوودەکەینە کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسای و دواتر چاودێری دۆخەکەیان دەکەین. ئێمە تا کۆتایی هاوکاریان دەکەین و بە تەنها بەجێیان ناهێڵین."

ف.ق