لەقەندیلەوە كۆمیتەی بەرگری لە خاكی كوردستان ڕاگەیەنرا

لە قەندیل بۆ وەستانەوە لە دژی داگیرکاری تورکیا بە هاوبەشی پێشمەرگە دێرینەكان، خەڵكی نیشتمانپەروەر، ژنان و مامۆستایانی ئایینی (کۆمیتەی بەرگری لە خاكی كوردستان) ڕاگەیەنرا.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٥ شەممە، لە هەرێمی قەندیلی باشوری کوردستان شاندێکی هاوبەشی پێشمەرگە دێرینەكان، خەڵكی نیشتمانپەروەر، ژنان و مامۆستایانی ئایینی بۆ ڕووبەڕووبوونەی هێرش و داگیرکاری ڕژێمی تورکیا سەردانی هەرێمەکەیان کرد و پاش ڕاوێژکردن پێکەوە هاوبەشانە (کۆمیتەی بەرگری لە خاكی كوردستان) یان پێکهێنا و ڕاگەیاند.

بە ناوی پێشمەرگە دێرینەكان و هەمووانەوە دەریا عومەر پێشمەرگەی دێرین لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆمیتەکەدا ئاخاوت و ڕایگەیاند: "وەك پاڵپشتی لە گەریلا و دژی داگیركاری سوپای داگیركەری توركیا لە باشوری كوردستان و مەترسی بۆ سەر دەستكەوتەكانی گەلی كورد، ئێمە سەردانی بناری قەندیل-مان کرد. پاش ڕاۋێژکردن پێکەوە، بە هاوبەشی پێشمەرگە دێرینەكان، ژنان، مامۆستایانی ئاینی و خەڵكی نیشتمانپەروەر بڕیارماندا (کۆمیتەی بەرگری لە خاكی كوردستان) دابمەزرێنین. ئامانج لە پێکهێنانی كۆمیتەکەش پاراستنی خاك و دەستكەوتەكانی گەلی كوردە، ئێمە سەر بە هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی نیین و تەنیا سەر بە خاك و نیشتمانی كوردستانین، لێرەوە ڕایدەگەینین؛ ئیدی بەسە داگیركاری، خەڵكی ئازادیخواز پێویستە دەنگتان بخەنە پاڵ دەنگی شۆڕشگێڕان و نابێ هەرگیز ئەو هێرش و داگیركارییانەی توركیا قبوڵ بكەین".

دەریا عومەر ڕایشیگەیاند: "با چیتر بۆردومانمان نەكەن، با چیتر لە سەر خاك و زەوی و زاری خۆمان ئاوارە و دەربەدەرمان نەكەن، گەلی كورد هەمیشە قوربانی داوە بۆ ئازادی و هیچ كاتێک سەرشۆڕی قبوڵ نەكردووە و بۆ مافی ڕەوای خۆی بەرخۆدانی كردووە، مردن هەڵدەبژێرین بەڵام ژیانی ژێر دەستی قبوڵ ناكەین، داواكاریم لە پێشمەرگە دێرینەكان ئەوەیە چۆن لە كاتی خۆیدا دژی داگیركاری شەڕیان كردووە و تێكۆشاون، لە داهاتووشدا لە سەر ئەو ڕێچكەیە بەردەوام بن و بە سەربەرزی بمێننەوە و بێنە سەنگەری خۆراگری و بەرخۆدان، پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا وەك سۆمای چاومانن و دەیانپارێزین".

كۆمیتەكە بانگەوازی لە تەواوی گەلی كورد و وڵاتپارێزان و ئازادیخوازان کرد: "بەرامبەر هێرش و داگیركارییەكانی توركیا بووەستنەوە و پەیوەستی کۆمیتەکەیان بن".

هـ.هـ