لەیلا گیوڤەن: بەرخودانەکەمان سەرکەوت و کۆتایى بە مانگرتن دەهێنین

پەرلەمانتارانی هەدەپە لە دواى پەیامەکەى ئۆجالان لە لێدوانێکدا پەیامی لەیلا گیوڤەنیان بۆ رای گشتى خوێندەوە. گیوڤەن رایگەیاند، لە ئەمڕۆ بە دواوە کۆتایى بە مانگرتن دەهێنین و راشیگەیاند "ئەو شوێنەى کە دەبێت ئەم تێکۆشانەى پێى بگات، ئاشتییەکى شکۆمەندایە".

پارێزەرانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەبارەى چاوپێکەوتنى ٢٢ی ئایاری ٢٠١٩ / ١ی جۆزەردان لە ئیمراڵی کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیان رێکخست. پارێزەران لەو کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەدا رایانگەیاند، موەکیلەکەیان عەبدوڵا ئۆجالان ئومێدی ئەوەیە کۆتایى بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن بهێنرێت.

دواى ئەوەى پارێزەرەکانى ئۆجالان ئەو پەیامەى ئۆجالانیان بڵاوکردەوە، لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە)، کە ماوەى ٢٠٠ رۆژە لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە چالاکیى مانگرتنی بێسنووردایە پەیامێکى بڵاوکردەوە.

تەیب تەمەل پەرلەمانتاری هەدەپەی وان، کە لە رۆژی ٨ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٧ی رەشەمەوە، واتە ٨٠ رۆژە لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندایە پەیامەکەى لەیلا گیوڤەنى خوێندەوە.

دایکانى لەچک سپی، ئەو دایکانە کە رۆڵەکانیان لە زیندانەکاندا لە مانگرتندان و پەرلەمانتارانى هەدەپە و ئەندامان وبەڕێوەبەرانى هدەپە و نوێنەرانی رێکخراو و رێکخستنە دیموکراتیکەکان ئامادەی کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەى تەیب تەمەل بوون، کە پەیامەکەى لەیلا گیوڤەنی تیادا خوێندەوە.

لە کاتى خوێندنەوەى پەیامەکەى لەیلا گیوڤەن لەلایەن تەیب تەمەلەوە، دایکان بە بەردەوامی دروشمەکانى "بژی بەرخودانى زیندانەکان"، "ئێمە بە بەرخودان سەردەکەوین" دەوتەوە.

 لەیلا گیوڤەن لە پەیامەکەیدا رایگەیاند "بەرخودانەکەمان سەرکەوت و کۆتایى بە چالاکییەکانى مانگرتن دەهێنین".

راشیگەیاند "ئەو شوێنەى کە دەبێت ئەم تێکۆشانەى پێى بگات، ئاشتییەکى شکۆمەندایە".

............

 

 

 

ر.م