مامۆستایان به‌رده‌وامن له‌ خۆپیشاندان

سەرەڕای بەڵێنەکانی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان بۆ دەستکاریکردنی سیستەمی پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچە، مامۆستایانی سلێمانی لە خۆپیشاندان بەردەوامن و  ڕایده‌گه‌یه‌نن: تا ھەڵوەشاندنەوەی سیسته‌می پاشەکەوتی مووچە بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان.

ئەمڕۆ ٣٠مارس/١٠خاکەلێوە، کاتژمێر ٣ پاش نیوەڕۆ، مامۆستایانی ناڕازی لە بەردەم بینای دادگه‌ی سلێمانی جارێكی دیكه‌ گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، تا ھەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستەمی پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچە بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان.

گەرچی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، حكوومه‌تی هه‌رێمی له‌ كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا، بڕیاری دەستکاریکردنی سیستەمی پاشه‌كه‌وتی زۆرەملێی مووچەیان ڕاگەیاند، بەڵام مامۆستایان متمانەیان بە بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێم نیە و بەردەوامن له‌ خۆپیشاندان و بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن.

دوێنێ ئەنجومەنی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان لە کاردانەوەی بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێمدا بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی زۆرەملێی پاشەکەوتی مووچه‌، داوایان لە کارمەندانی تەندروستی کرد بایکۆتی دەوامی نەخۆشخانەکان ڕابگرن و ڕایانگەیاند: چاودێری بڕیارەکەی حکومەت دەکەین بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی تازەی پاشەکەوتی مووچە.

ئەوە لە کاتێکدایە ھەریەکە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی دھۆک و بەشێک لە کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەکانی ھەولێر و سلێمانی بە بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێم ڕازی نین و چاوەڕێ دەکرێت ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی سلێمانیش درێژە بەو مانگرتنە بدەن کە ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو ڕایانگه‌یاندبوو.

s.m