مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک: پێویستە زمانی دایک بپارێزین

لەژێر ناونیشانی''نەوەکانتان بەزمانی دایک بخوێنن'' گفتوگۆیەکی کراوە لەشاری کەرکوک ئەنجام درا بەئامانجی ئەوەی منداڵان بخرێنە بەرخوێندنی زمانی کوردی.

ئەحمەد کەرکوکی - کەرکوک

لە هۆڵی ڕۆشنبیریی شاری کەرکوک کۆمەڵێک بەڕێوەبەری خوێندنگا و مامۆستای زمانی کوردی لە شاری کەرکوک کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی کراوەیان ئەنجام دا بۆ هاندانی هاووڵاتییانی کورد تا منداڵەکانیان بنێرنە خوێندنی کوردی و بە زمانی دایک بخوێنن.

مامۆستا محەمەد جەلیل کارگێڕی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان – لقی کەرکوک دەربارەی ئامانجی چالاکییەکە و کێشەی خوێندنی کوردی لە کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند:"گەورەترین کێشەی خوێندنی کوردی لە کەرکوک ئەوەیە کە نە حکومەتی هەریم نە حکومەتی عێراق بە تەواوەتی خاوەنداریان لە خوێندنی کوردی نەکردووە. یەکێکی دیکە لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک ئەوەیە سیستمی خوێندن و مووچەی مامۆستایان سەر بە هەرێمی کوردستانە، بەڵام سیستمی تاقیکردنەوە و پشوودانی خوێندنگەکان لەسەر سیستمی حکومەتی عێراقە ئەم دوو سیستمە گرفتی زۆر بۆ قوتابیەکان دروست دەکات."

هەروەها مامۆستا محەمەد جەلیل دەربارەی مافی مامۆستای خوێندنی کوردی لە کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی  ڕاگەیاند: "مافی مامۆستا یەکێکی دیکەیە لە کێشەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، چونکە لە هەرێمی کوردستان هەندیک هاوکاری و ماف هەیە بۆ مامۆستایان وەکو پارەدانی پێشەکی بۆ هاوسەرگیری و پێشینەى خانوبەرە (سولفەی عەقار) هاوکاریکردنی مامۆستا بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل و کەفالەت کردن و چەندین مافی دیکە، بەڵام مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک لەو مافانە بێبەش کراون لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراقەوە."

هەروەها مامۆستا محەمەد جەلیل راشیگەیاند: "بەرێوبردنی خوێندنگەکان لەلایەن حزبەوە کێشەیەکی دیکەی بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکوک خوڵقاندووە بە بەردەوامی حزبەکان شەڕی دەسەڵات دەکەن لەسەر بەڕێوەبردنی خوێندنگەکان، حزبەکانی شاری کەرکوک تەنانەت لەسەر رەنگی بۆیاغی دیوار و دەرگاکانی خوێندنگەکان شەڕیانە، کە رەنگی زەرد بێت یان سەوز و بەم عەقلیەتە حزبەکان خوێندنگەکان بەرێوە دەبەن."

لە کۆتایدا مامۆستا محەمەد جەلیل ئەوەشی راگەیاند: "ئێمە وەکو مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک رۆژانە بە دەستی ئەو کێشە و گرفتانەوە دەناڵێنین، چونکە خوێندنی کوردی لە شارەکە بە کۆمەلێک قەیراندا تێپەردەبێت."

ژ.ت