مووچەخۆرانی هەرێم داوای مووچەکانیان و گۆڕینی دەسەڵات دەکەن
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی گرتەوە و بەفراوانی بەردەوامە و هێزی زۆری ئەمنی بڵاوەی پێکراوە.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی گرتەوە و بەفراوانی بەردەوامە و هێزی زۆری ئەمنی بڵاوەی پێکراوە.
لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران خۆپیشاندانی بەرفراوانیان دژی بێ مووچەیی ئەنجامداوە و تا ئەم ساتانەش بەردەوامە.
خۆپیشاندەران جەخت دەکەنەوە، دەسەڵاتێک چوار ساڵ نەتوانیت پرسی مووچە و خزمەتگوزاری چارەسەر بکا، ئیدی دەبێت بڕوات و ڕێ بە لایەنی دیکە بدات وڵات بەڕێوە بەرێ. ڕاشیانگەیاندوە، تا چارەسەری کێشەکان و بێ مووچەیی نەکرێت، ئەوا لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەردەوام دەبن و ناچنەوە سەر کارەکانیان. هاوکات لە زۆربەی شار و ناوچەکانیش هێزە ئەمنیەکان بڵاوەیان پێکراوە و هەڕەشە لە خۆپیشاندەران دەکرێت تا کۆتایی بە چالاکییەکەیان بهێنن.
لە هەولێر لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران ئاڵۆزی ڕووی داوە و گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیک بە کاهێنراون، ئەوەش برینداربوونی چەندین کەسی لێکەوتووەتەوە. هاوکات ڕێگە بە خۆپیشاندەران نەدا بچنە بەردەم ئەنجمومەنی وەزیران.
لە ئێستادا، لە هەر یەکە لە شارەکانی، هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و کەلار، ڕانییە، کۆیە، زاخۆ، ڕەواندوز و ناوچەکانی دەوروبەریان خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە و تا دەچێت بەرفراوانتر دەبن و کارمەندانی بانکەکان و فەرمانگەکانی کارەبای گرتووەتەوە و تۆڕەیی مووچەخۆران لە بەدەمەوە نەهاتنی بەرپرسان بۆ داخوازییەکانیان لە هەڵکشان دایە.
ئەمەو پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەشاری سلێمانی خێوەتی مانگرتن هەڵدراوە و مووچەخۆران تێیدا مانیانگرتووە و دەڵێن، تا ئەو کاتەی داخوازییەکانیان جێ بەجێ دەکرێن لە مانگرتن و چالاکی بەردەوام دەبن.
ش8ایانی باسە جاری یەکەمە، لە هەولێر و دهۆک، بەو فراوانی و توڕەییە مووچەخۆران لە پێناوی مافەکانیان دەڕژێنە شەقام و مەیدانەکان.
هـ.هـ