مزراکلی ئاگادارکردنەوەکەی واژۆ نەکرد و رایگەیاند: بەڵگەنامەکە هیچ رەواییەکى نییە!

هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورە شاری ئامەد، سەلجوق مزراکلی بەڵگەى ئاگادارکردنەوەی دەستبەرداربوون لە کارەکەی واژۆ نەکرد و وتی: "ئەوە بۆ من دەبێتە بێ شکۆیی".

دوای ئەوەی بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورە شاری ئامەد سەلجوق مزراکلی لەسەر کار لادار، پۆلیس گەمارۆی شارەوانییەکەی دا و چوونە ناوەو و هاتنە دەرەوەیان قەدەغە کرد. بەربەستیان لەبەردەم شارەوانی دانا و ئابلۆقە بە شەو دەستپێکرد و کاتژمێر ٦ی سەرلەبەیانی دەرگاکان شکێنران. لەبەردەم شارەوانیی سوور، یەنیشەهیر و چەندین شوێنی شارەکە پۆلیس بڵاوەیان پێ کرا.

کاتێک پۆلیس لەناو شارەوانی دا بەردەوامی بە پشکنین دەدا پەرلەمانتارانی هەدەپە و ئەندامانی ئەنجومەن و پارتی چوونە بەردەم شارەوانی. ڕێگە نەدرا هاوسەرۆکی شارەوانی و ئەو دەستەیەی کە لەگەڵی بوون، بچنە ناو شارەوانی. پاشان هاوسەرۆکی شارەوانی مزراکلی لەگەڵ یاردەدەری پارێزگا چوونە ناو شارەوانییەوە.

چەمکی دادپەروەری پێشێل کرا

مزراکلی دوای لێکۆڵینەوە لەناو شارەوانی لەگەڵ ئەندامانی هەدەپە لەبەردەم شارەوانی لێدوانێکی دا.

مزراکلی وتی: "لە ١٩ی ئاب / ٢٨ گەلاوێژدا لە تورکیا بەهاکانی دیموکراسی، سیستمی یاسایی و چەمکی دادپەروەری پێشێل کرا. حساب بۆ ئیرادەی گەل نەکراوە و لە شەوێکدا دەوترێت، من لەلایەن وەزارەتی ناخۆوە لەسەر کار لابراوم".

بەڵگەکەی واژۆ نەکرد

مزراکلی بەڵگەی ئاگادارکردنەوەی لەسەرکار لادانی واژۆ نەکرد و وتی: "واژۆکردن دەبێتە شتێکی بێ شکۆ بۆ من، کە گەل ئەو ئیراەدیان پێ بەخشیوم، ئەو بەڵگەیە واژی ناکەم و نابێت من بەپێى نۆرم و بەها یاساییەکاندا ئەو شتە قبوڵ بکەم. لە وان و مێردینیش هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان لەکار دوور خراونەتەوە. ئەوە بۆ سیاسەتی تورکیا و بەهاکانی دیموکراسی بومەلەرزەیە. ئێمە لە بەرامبەر ئەو شتانەدا لە چوارچێوەی یاسایدا لە ناڕەزاییەکانمان بەردەوام دەبین. پێشتریش قەیوم ئەرکدار کرابوون، نیگەرانین لەوەی دیسان هەمان شت بکرێتەوە. ئەو هەڵوەشاندنەوەیە لە دژی دیموکراسی و ئیرادەی گەل کراوە. ئەگەر لە جێگەیەک کێشەی مافی مرۆڤ و کێشەی یاسایی هەبێت، ئەوە کێشەی هەمووانە. ئەو کەسانە، کە لەلایەن سیستمەوە ئەرکدار کراون لەناو گەلدا هیچ ڕەوایەتییان نابێت و نییە. ئەوان هەرگیز سەرنەکەوتون و سەریش ناکەون".

فاریس ئۆگیولاری: ئەو کارە ناوی داگیرکەرییە

موسا فاریس ئۆگیولاری پەرلەمانتاری هەدەپەش ڕایگەیاند، ئەو کارە داگیرکەرییە و وتی: "شارەوانیی گەورە شاری ئامەد زەوت کراوە. ناوی ئەوەش داگیرکەرییە. بانگەواز بۆ هەموو هێزە دیموکراتییەکان و گەلەکەمان دەکەین، کە لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییە بێدەنگ نەبن. ئەگەر بێدەنگ بن نۆرە دەگاتە ئەستەنبۆڵ، ئەنقەرە و ئەدەنەش. دەبێت گەلەکەمان خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی بکات".

ژ.ت