مزراکلی هاوسەرۆک شارەوانیى ئامەد: دەست بەسەر ئیرادەى گەل دا گیراوە

سەلجوق مزراکلی هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد لەلایەن دەسەڵاتى ئاکەپە و مەهەپەوە لەسەر کارەکەى دوورخرایەوە و لە شوێنەکەیدا قەیومێک-یان دانا. مزراکلی رایگەیاند "دەست بەسەر ئیرادەى گەل دا گیراوە".

سەلجوق مزراکلی هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد لەلایەن وەزارەتى ناوخۆی دەوڵەتى تورک-ەوە لەسەر کارەکەى دوورخرایەوە و لە شوێنەکەیدا قەیومێک-یان ئەرکدار کردووە.

مزراکلی لەبارەى دوورخستنەوەکەیەوە رایگەیاند، هیچ ئاگادارکردنەوەیەکى بە دەست نەگەیشتووە و راشیگەیاند "کاتژمێر ٦ی ئەم بەیانییە ١٩ی ئابی ٢٠١٩ / ٢٨ی گەلاوێژ (پۆلیس) دەرگاى شارەوانییەکەیان شکاندووە و چوونەتە ناو بینای شارەوانییەکە. من تۆزێکتیر دەچم بۆ شارەوانی. ئەو دۆخە و ئەو کارە لە دژی یاسا و مافەکانە. ئێمە ئەوە دەزانین کۆمەڵگە لە رووی دیموکراسی و بەها حقوقی و یاسایەکانەوە گەیشتووەتە ئاستێکى باڵا، بۆیە ئەو بڕیار و هەڵوێستە نە پشتبەستووە بە دەستووری بنەڕەتى و نە پشتبەستووە بە هەڵبژاردن".

مزراکلی بانگەوازی بۆ گەلانى تورکیا کرد و وتى "هەموو ئەو کەسانەى لە تورکیا دەژین، هیچ کەسێکیان ناتوانێت بڵێت، من لە ژێر چەتری حقوق و یاسادام. دەبێت مرۆڤ ئەو بڕیار و هەڵوێستە لە دژی شارەوانییەکانى هەدەپە بە بڕیار و هەڵوێستی دژ بە ئۆپۆزسیۆنى دیموکراتیک بزانێت. ئیرادەى گەل دەستى بەسەردا گیراوە".

ژ.ت