مزراکلی هاوسەرۆک شارەوانیى ئامەد: هیوای گەلەکەمان گەورە دەکەین

عەدنان سەلجوق مزراکلی، هاوسەرۆکی شارەوانیی مەزنی ئامەد، ڕایگەیاند: "هیوای گەلەکەمان گەورە دەکەین، پێکەوە برینەکانی گەلەکەمان لە سوور تیمار و ساڕێژ دەکەین".

عەدنان سەلجوق مزراکلی و هولیا ئالۆکمەن ئویانک، پێکەوە بە ڕێژەی ٦٢.٩٣ی دەنگەکان، بە هاوسەرۆکانی شارەوانیی مەزنی ئامەد هەڵبژێردران و ١٦ ڕۆژ دوای هەڵبژاردن، لە بینای شارەوانی دەستبەکار بوون. مزراکلی ١٦ی نیسان دۆسیەی دەستبەکاربوونی خۆی لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان وەرگرت و لەگەڵ دایکان، گەنجان، دانیشتوانی شارەکە چووە بینای شارەوانی و لە سەرەتاوە ئەو بەربەستانەی لابرد کە لەبەردەم شارەوانی دانرابوون.

مزراکلی رایگەیاند، لە سەردەمی قەیوم و ساڵانی دواییشدا، لەناو کۆمەڵگەدا زۆر برین دروست بوون و وتی: "حزبەکانیش پێویستە وەکو نەریتی هەدەپە، کاری هەرە گرنگیان ئەوەیە کە هیواکان گەورە بکەن و بڕوایان بە دواڕۆژ پتەو بکەن".

مزراکلی راشیگەیاند، زۆر گرنگە ڕێگە بۆ ئاشتی خۆش بکرێت، وزەیەک بۆ پێکەوەژیانی هەموو جیاوازەکانی، ناسنامە و بیروباوەڕەکان، لەم جوگرافیایەدا بهێنرێتەدی.

هیوای گەلەکەمان مەزن دەکەین

مزراکلی وتی: "پێویستە مرۆڤەکان هیوا و باوەڕیان پتەو بکەن،  کاتێک ئەوە کرا، بێگومان لە لایەنی سۆسیۆ- ئابوورییشەوە پێشکەوتن دێتەدی" و ڕاشیگەیاند: "ناوچەکەی ئێمە ئەو جوگرافیایەیە کە مێژوو لێیەوە دەستیپێکردووە، چونکە خاوەن سەرچاوەی دەوڵەمەندە. راستییەک لە سەدەی بیستویەکەمدا هەیە، کە ئەوەیە ئەگەر لەو شوێنەی کە ئێوە لێی لەدایکبوون، خواردن و ئاو و وزەی تیدا هەبێت و ئێوە بتوانن خۆتانی پێ بەخێو بکەن، ئەوکاتە ئێوە کۆمەڵگەیەکی بەختەوەرن. ئێمە هەموو ئەو شتانەمان هەیە. هاوکات لەهەمان کاتیشدا ئیرادەیەکی پتەوی مرۆڤ و کۆمەڵگەش هەیە، بۆیە ئێمە ئەو بوارە پتەو دەکەین، هیوای گەلەکەمان گەورە دەکەین، لەسەر بنەمای ئاشتیی کاری خۆمان دەکەین".

"پێکەوە برینەکانی سوور ساڕێژ دەکەین"

مزراکلی وتی، دانیشتوانی زولملێکراوی سوور، کە شوێن و ماڵەکانیان لەلایەن تانک و تۆپەکانی دەوڵەتی تورکەوە خاپوور کرا، دواتر بەناوی (گۆڕینی شارەوانیی)یەوە، ئەو گەڕەکانە کە شەڕیشیان لێ ڕوونەدابوو خاپوور کران.

وتیشی: "شارەوانییەکەی باغلەرمان دەستی بەسەردا گیرا، حزبەکەمان هەموو ناوچەکانی بردەوە، ئێمە تەنیا وەکو پرسی شارەوانی، یان بەڕێوەبەرێتی خۆجێیی سەیری بابەتەکە ناکەین، بەڵام ناوچەی سوور لەلایەنی دیمۆگرافی، کەلتوری، کۆمەڵایەتی، ئابوری، دەروونی و هەستیارییدا خەسارەتی جدی لێکەوتووە، مێژوو و ئارکۆلۆژییەکەشی خاپوور کرا. کاتێک مرۆڤ هەوڵ بدات کە ئەو هەمووە چاک بکاتەوە، ناکرێت کە تەنیا لە یەک لایەنەوە سەیری بکرێت. ئەگەر پێش هەموو شتێک ئێوەی دانیشتوانی ئەوێ کۆ نەکەنەوە و کاریان لەگەڵ نەکەن، هەر هەنگاوەکیش بهاوێین کەمە. لە هەمان کاتیشدا، پێویستە ئەو ڕێکخراوانەی کە ئەو شارەیان خۆشدەوێ، تێکەڵی ئەو کارە بکرێن، تیمارکردنی ئەو برینانە، پێویستی بە پلان و چالاکیی جدی هەیە کە هێز و ڕێکخراوەکانیش تێیدەگەن و تێکەڵی دەبن، بۆ ئەوەی هەموو کارەکان پێکەوە بکرێن، ئەم ساڵانەی دوایی زۆر کارمان هەیە، هێزی بەڕێوەبەریی خۆجێیش بخەینە سەر ئەو کارە و پێکەوە پلانی بۆ دابنێین".

ر.م