قه‌ره‌سوو: به‌ڵگه‌ی زۆرمان له‌به‌رده‌سته له‌سه‌ر هاوكاریی نێوان ده‌زگه‌ی پاراستن و میت
مسته‌فا قه‌ره‌سوو ڕایگه‌یاند، پێویسته په‌ده‌كه ده‌ست له‌و پڕوپاگه‌ندانه به‌ردات كه زه‌مینه بۆ شه‌ڕ خۆش ده‌كه‌ن و هانی كۆمه‌ڵگه ده‌ده‌ن دژی ئێمه.
مسته‌فا قه‌ره‌سوو ڕایگه‌یاند، پێویسته په‌ده‌كه ده‌ست له‌و پڕوپاگه‌ندانه به‌ردات كه زه‌مینه بۆ شه‌ڕ خۆش ده‌كه‌ن و هانی كۆمه‌ڵگه ده‌ده‌ن دژی ئێمه.
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) مسته‌فا قه‌ره‌سوو به‌شداری له به‌رنامه‌ی «ئولكه‌ده‌ن - Ulkeden»ی كه‌ناڵی «مه‌دیا هابه‌ر - Medya Haber» كرد و سه‌رنجی خسته سه‌ر هێرشه‌كانی ڕژێمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په، به‌رخۆدانی دژبه هێرشه داگیركارییه‌كان و هه‌ڵوێستی پارتیی دیموكراتیی كوردستان (په‌ده‌كه) له به‌رانبه‌ر داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك.
قه‌ره‌سوو ڕایگه‌یاند، له هه‌موو لایه‌كه‌وه هێرش ده‌كرێته سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كان. توركیا بۆ ئه‌وه‌ی كێشه ناوخۆییه‌كانی چاره‌سه‌ر نه‌كات، له هه‌موو لایه‌كه‌وه هێرش ده‌كاته سه‌ر ڕۆژاڤا، باشوور و باكووری كوردستان. گوتی، «نه‌ك ته‌نیا هێرش ده‌كاته سه‌ر تێكۆشانی كورد، به‌ڵكوو له هه‌ر شوێنێك تێكۆشانی دیموكراتیبوون هه‌بێت هێرش ده‌كات. چونكه دیموكراتی له هه‌ر شوێنێكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بچه‌سپێت، كاریگه‌ری له توركیا ده‌كات. له توركیایه‌كی دیموكراتیدا ناتوانرێت سیاسه‌تی سه‌ركوتكردنی كورد بگیرێته‌به‌ر. له شوێنێك كه ده‌ستكه‌وتی كورد هه‌بێت ناتوانێت كوردان بچه‌وسێنێته‌وه.»
«بۆچی هێرش ده‌كاته سه‌ر ڕۆژاڤا؟ تاكه هۆكار ئه‌وه‌یه؛ ستاتۆیه‌ك له ڕۆژاڤا كاریگه‌ری له باكوور ده‌كات. چونكه زۆرینه‌ی كوردان له توركیا ده‌ژین. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه دان به باشووری كوردستاندا نانێت و ده‌ڵێت [هه‌ڵه‌مان كرد]. ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێكی لێ هه‌ڵكه‌وێت، ئه‌و [هه‌ڵه‌یه] ڕاست ده‌كاته‌وه. هه‌ر بۆیه له هه‌ر شوێنێك كورد هه‌بێت به‌دڵنیاییه‌وه هێرشی ده‌كاته سه‌ر. له هه‌ر شوێنێك پێشكه‌وتن له ڕووی دیموكراتییه‌وه هه‌بێت، هێرش ده‌كاته سه‌ری. پێویسته هه‌موو كه‌س ئه‌مه بزانێت. ڕێگرتن له هێرشه‌كانی دژبه ڕۆژاڤا به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له باكوور ده‌بێت. پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی باشووری كوردستان به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا ده‌بێت.»
مسته‌فا قه‌ره‌سوو ئاماژه‌ی به لێدوانی چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستای دوران كاڵكان كرد كه باسی له‌وه كردبوو، «كێشه‌كان به‌ته‌نیا له باشوور چاره‌سه‌ر ناكرێن، با خۆیان فریو نه‌ده‌ن». له‌وباره‌یه‌وه قه‌ره‌سوو گوتی، «ئه‌گه‌ر له توركیا كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌مڕۆش نه‌بێت - سبه‌ینێ دوژمنایه‌تی هه‌ر ده‌كه‌ن. ده‌وڵه‌تی تورك بۆچی دژی ڕیفراندۆم وه‌ستایه‌وه. ئایا هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرا نییه؟ كورد له ڕۆژاڤا و باشوور كێشه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه؟ بارودۆخی كورد له باكوور كاریگه‌ری له بارودۆخی ڕۆژاڤا و باشوور ناكات؟ دوژمنایه‌تیی ئاكه‌په - مه‌هه‌په به‌رانبه‌ر كورد له باكوور كاریگه‌ری له ڕۆژاڤا و باشوور ناكات؟ بێگومان كاریگه‌ری ده‌كات. بۆچی ده‌ستیان له ڕیفراندۆم وه‌ردا؟ ده‌وڵه‌تی تورك بۆیه ده‌ستێوه‌ردانی كرد چونكه كێشه‌ی كوردی لای خۆیه‌وه چاره‌سه‌ر نه‌كردووه. بۆیه ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری قبووڵ نه‌كرد و ڕه‌تی كرده‌وه. كاتێك له باكوور كێشه چاره‌سه‌ر نه‌بێت، له باشووریش چاره‌سه‌ر نابێت. ئایا باشوور ئیراده‌ی ته‌واوی هه‌یه؟ مه‌گه‌ر ده‌ستێوه‌ردانیان نه‌كرد؟ مه‌گه‌ر له كه‌ركووك ده‌ستێوه‌ردانیان نه‌كرد؟ به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م ڕاستییه، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه له پارچه‌یه‌ك به‌س نابێت. كێشه‌ی كورد ته‌نیا له پارچه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكرێت، پێویسته مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كپارچه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكات.»
قه‌ره‌سوو ده‌رباره‌ی كاردانه‌وه‌كانی دژبه لێدوانه‌كه‌ی دوران كاڵكان گوتی، «ئایا بۆچی ئه‌وه‌نده ناڕازین له به‌رانبه‌ر ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه؟ ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه ده‌ریده‌خه‌ن كه پارتییه سیاسییه‌كانی باشووری كوردستان له كێشه‌ی كورد تێنه‌گه‌یشتوون. ئایا شتێكی وه‌ها هه‌یه؛ باشووری كوردستان و توركیا ڕێككه‌وتبن؟ باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران، سووریا و وه‌ڵاتانی دیكه ڕێككه‌وتووه؟ ئایا په‌یمانێك له‌نێوانیاندا هه‌یه كه تیایدا هاتبێت [ئێوه هیچ شتێك مه‌كه‌ن له به‌رانبه‌ر پارچه‌كه‌ی ئێمه، له باكوور و ڕۆژاڤا چی له كورد ده‌كه‌ن بیكه‌ن]؟... گه‌لی كورد له هه‌موو پارچه‌كان كۆمه‌ڵكوژ بكه‌ن و به‌م شێوه‌یه ته‌نیا باشوور قبووڵ بكه‌ن. ئایا شتێكی له‌م شێوه‌یه له ئارادایه؟ ئێمه بڕوا ناكه‌ین هێزه‌كانی باشووری كوردستان په‌یمانێكی وه‌هایان مۆر كردبێت. ئه‌گه‌ر په‌یمانێكی له‌م شێوه‌یه نییه، كه‌واته هه‌تا ده‌وڵه‌تی تورك كێشه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر نه‌كات، ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له هه‌موو پارچه‌كان له مه‌ترسیدا ده‌بن. ئه‌وه‌ی گوتراوه ئه‌مه‌یه. ئایا ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه ناڕوونه؟»
«ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی نه‌كرابا، ئه‌و كاته ده‌یانتوانی له دژی ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه بوه‌ستنه‌وه. به‌ڵام له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ڕیفراندۆم به‌ڕێوه‌چووه. له‌نێو ڕاستییه‌كی وه‌هادا پێویسته كورد به عه‌قڵێكی سه‌لیم هه‌ڵسوكه‌وت بكات. دۆخی توركیا دۆخێكی ئاسایی نییه. هه‌تا كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، به‌رده‌وام ده‌بێت له دوژمنایه‌تیكردنی كورد. ئاشكرایه كه هه‌میشه ئه‌م دوژمنایه‌تییه ده‌كات. ئێستا له‌به‌رئه‌وه‌ی به په‌كه‌كه و باكووره‌وه سه‌رقاڵه و ته‌نگه‌تاو بووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌تی خۆی له به‌رانبه‌ر باشووری كوردستان، ئه‌ورووپا، ڕووسیا، ئه‌مه‌ریكا، چین هه‌مووی له‌سه‌ر بنه‌مای له‌ناوبردنی كورد و په‌كه‌كه ئاماده كردووه، به‌گوێره‌ی ئه‌مه‌ش سیاسه‌تی خۆی له به‌رانبه‌ر باشووری كوردستان به‌ڕێوه ده‌بات. بۆیه له‌به‌ر ئه‌م ڕاستییه مرۆڤ ناتوانێت بڵێت ده‌وڵه‌تی تورك دۆستی باشووری كوردستانه یان په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ هه‌یه. ئه‌مه به واتای خۆفریودان و تێنه‌گه‌یشتن له سیاسه‌ت دێت. ئاسانترین پێوه‌ری دیپلۆماتی، پێوه‌ری سیاسییه. تۆ هه‌موو ئامانجه‌كانت یه‌ك به یه‌ك تێكده‌شكێنی. له دژی گه‌وره‌ترین دوژمنی خۆت، چاو له دوژمنه‌كانی دیكه بپۆشیت. ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌یكات ئه‌وه‌یه.»
«ئاكه‌په له سه‌ركوتكردنی كورداندا سیاسه‌تی عوسمانییه‌كان به‌ڕێوه ده‌بات»
قه‌ره‌سوو ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی عوسمانییه‌كان دژی كوردان گوتی، «كاتێك عه‌شیره‌تێكی به‌هێز ده‌بوو، عوسمانییه‌كان پشتگیری‌یان له عه‌شیره‌ته لاوازه‌كانی دیكه ده‌كرد. به‌م شێوه‌یه به‌ره‌نگاری عه‌شیره‌ته به‌هێزه‌كه ده‌بوویه‌وه و لاوازی ده‌كرد. پشتیوانی له عه‌شیره‌تێك ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی عه‌شیره‌ته‌كه به‌هێز ده‌بوو پشتی تێده‌كرد و پشتگیری له عه‌شیره‌ته‌كانی دیكه ده‌كرد.»
«بێگومان ده‌وڵه‌تی تورك دوژمنی په‌كه‌كه ده‌بێت كه ماوه‌ی ٤٠ ساڵه پێیه‌وه سه‌رقاڵه. له‌به‌رئه‌وه ئێستا چاوپۆشی له باشوور ده‌كات. گوتیان [هه‌ڵه‌مان كرد]. ئایا كورد هۆشیاری مێژوویی نییه، مێژووی توركیا و سیاسه‌تی توركیا ناناسن؟ نه‌خێر، سیاسیترین گه‌ل، گه‌لی كورده. كورد خاوه‌ن هۆشیارییه‌كی پته‌وی سیاسییه. نه‌ك ته‌نیا گه‌لی باكوور، گه‌لی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستانیش خاوه‌ن هه‌مان هۆشیارییه. زۆر ڕووداوی نه‌رێنییان به‌سه‌ردا هات. زۆر هێرشی تووندیان كرایه‌سه‌ر، خیانه‌تیان لێ كرا و خه‌نجه‌ریان لێ درا. بۆیه هه‌موو ئه‌وانه بوونه هۆكار كه كورد له بابه‌تی حه‌قیقه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و حه‌قیقه‌تی دوژمن تێگه‌یشتوو بن. له‌نێو ڕاستییه‌كی وه‌هادا، هه‌ڵه‌یه كه ئه‌م هێرشانه‌ی ئێستا ته‌نیا وه‌ك هێرش له دژی په‌كه‌كه ببینرێن و به شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تی تورك دژی په‌كه‌كه دایبنێن. به‌ڵێ دژی په‌كه‌كه‌یه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه بێ كاریگه‌ر ده‌كه‌ن، بارودۆخێكی چۆن دێته ئاراوه؟ هه‌ندێك پێیان وایه كاتێك ده‌وڵه‌تی تورك په‌كه‌كه بێ كاریگه‌ر بكات، ئه‌وان له‌گه‌ڵ كورد ڕێكده‌كه‌وێت. كاتێك لاوازی كرد ڕێكده‌كه‌وێت؟ ئه‌و بۆچوونه هی نه‌زانه‌كانه. ده‌وڵه‌تی تورك خاوه‌نی حه‌قیقه‌تێكه به ناوی قڕكردن.»
مێدیای په‌ده‌كه وه‌ك ده‌زگه‌ی ڕاگه‌یاندنی پۆلیسه
مسته‌فا قه‌ره‌سوو ئاماژه‌ی به كاردانه‌وه‌كانی په‌ده‌كه كرد دوای كوشتنی عوسمان كۆسه‌ی به‌رپرسی میتی تورك له باشووری كوردستان. گوتی، «من سه‌یری كه‌ناڵه‌كانیان ناكه‌م. به‌ڵام هه‌ڤاڵان گوتیان كه عوسمان كۆسه ئه‌ندام و به‌رپرسێكی میته. دیاره زانیاری‌یان هه‌یه. (ڕۆژنامه‌وان) عه‌مبه‌رین زه‌مان گوتی، [ئه‌ندامی كونسوڵخانه نییه، به‌ڵكو ئه‌ندامی میته]. هه‌روه‌ها ئیفاده‌ی دوو به‌رپرسه به‌دیلگیراوه‌كه‌ی میت هه‌یه كه هه‌ردووكیان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له كونسوڵخانه‌ی مووسڵ كار ده‌كه‌ن ئه‌ندامی میتن، ئه‌مه هه‌مووی به به‌ڵگه‌یه. ئایا په‌ده‌كه عوسمان كۆسه وه‌ك دیپلۆماتكار ده‌بینێت؟ په‌ده‌كه خۆی باش ده‌زانێت كه میت له‌وێ هه‌یه.»
«له‌نێو په‌ده‌كه‌دا ئه‌ندامانی میت هه‌ن. ناویشیان هه‌یه له‌لای ئێمه، بۆیه ئێمه ده‌زانین. په‌ده‌كه په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ به‌شی په‌كه‌كه له میت هه‌یه. كۆبوونه‌وه‌كانیان له كونسوڵخانه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌ن. كونسوڵخانه‌ی هه‌ولێر بووه‌ته شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئه‌ندامانی ده‌زگه‌ی پاراستنی په‌ده‌كه و ئه‌ندامانی میت. ئێمه واناڵێین، به‌ڵكوو ئه‌ندامانی میت واده‌ڵێن. پێویسته لێپرسینه‌وه له‌مه بكرێت.»
مسته‌فا قه‌ره‌سوو باسی له‌وه كرد، بێگومان پێویسته كه‌س زیان به دیپلۆماتكاران نه‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی دیپلۆماتكار بن و خه‌ریكی كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه بن. به‌ڵام كونسوڵخانه‌كه‌ی هه‌ولێر ئیدی ناوه‌ندێكی دیپلۆماتی نییه، به‌ڵكوو بووه‌ته شوێنێك بۆ كاروباری خۆڕێكخستنی ئه‌ندامانی میت له باشووری كوردستان. قه‌ره‌سوو گوتی، «ئێمه پێشتریش چه‌ندین جار باسمان لێ كردووه كه له‌م بابه‌ته‌دا به‌ڵگه‌مان له‌به‌رده‌سته. هه‌روه‌ها میت مووچه ده‌دات به هه‌ندێك كه‌سی نێو ده‌زگه‌ی پاراستن. ئێمه نامانه‌وێت ئاشكرایان بكه‌ین. كه‌سێكی گرنگی نێو پاراستن كه به دۆسیه‌ی په‌كه‌كه‌وه خه‌ریكه، به‌رده‌وام پاره له میت وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه له به‌ڵگه‌كانی میت-دا هاتووه. له به‌ڵگه‌كاندا یه‌ك به یه‌ك ده‌ستنیشان كراوه كه چه‌نده پاره ده‌ده‌ن به كێ و كێ.»
مسته‌فا قه‌ره‌سوو جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه چالاكییه‌كه‌ی هه‌ولێر هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ئه‌وانه‌وه نییه. گوتی، «ده‌ڵێن، [جه‌میل بایك فه‌رمانی كردووه]. ئه‌مه به‌ته‌واوی درۆیه. ئێمه له ته‌له‌فزیۆن ئه‌وه‌مان بیست. ناوه‌ندی پاراستنی گه‌ل لێدوانی دا و ڕایگه‌یاند كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌و چالاكییه‌وه نییه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئه‌نجامیان داوه وه‌ڵاتپارێزن.»
«تۆ سه‌یری مێدیای په‌ده‌كه‌ت كرد كه چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا ئه‌و دیمه‌نه‌یان بڵاوكرده‌وه. هه‌ر وه‌ك چۆن ئاكه‌په پێشتر مرۆڤی ده‌خسته سه‌ر شاشه و ته‌شهیری ده‌كرد، په‌ده‌كه‌ش هه‌مان شت ده‌كات. واته ته‌له‌فزیۆنێكی پۆلیسییه. بووه به ده‌زگه‌یه‌كی ڕاگه‌یاندنی پۆلیس. كاتێك مرۆڤ سه‌یری ده‌كات ده‌ڵێت، [هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وان كردوویانه] و گومانت له‌لا دروست ده‌بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رچاو ئه‌و كه‌سانه‌یان هێناوه‌ته سه‌ر شاشه و قسه‌یان پێ ده‌كه‌ن. زۆرینه‌ی ئه‌و شتانه‌ش كه باسی ده‌كه‌ن ناڕاستن. ئه‌و شتانه‌ی ده‌رباره‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌مان گوتیان هه‌مووی ناڕاستن. له‌وانه‌یه ئه‌وان یه‌كتر بناسن، به‌ڵام هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌كه‌مان نییه. له بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی كورد ناوه‌شێته‌وه كه ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌ك بڵاوبكاته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌ڕ دژبه په‌كه‌كه ڕاگه‌یه‌نێت. ئه‌مه هه‌مان زمانی ئاكه‌په‌یه. ئه‌ندامێكی میت كوژراوه، كه‌چی لایه‌نێكی سیاسیی كورد له دژی په‌كه‌كه شه‌ڕ ڕاده‌گه‌یه‌نێت و وه‌ك تێرۆریست ناوی ده‌بات. ئه‌وه له‌هۆشخۆچوونه. له‌ژێر گوشاری ده‌وڵه‌تی تورك ئه‌م كاره ده‌كه‌ن.»
ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی عوسمان كۆسه به شه‌هیدبوونی دیار غه‌ریب ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كه‌جه‌كه و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی په‌كه‌كه، مسته‌فا قه‌ره‌سوو ڕایگه‌یاند: «نه‌ك ته‌نیا شه‌هیدكردنی هه‌ڤاڵ دیار، به‌ڵكوو چه‌ندین ڕووداوی دیكه‌ی هاوشێوه له كونسوڵخانه‌ی توركیا له هه‌ولێر به هاوكاری سیخووڕه‌كانی ناوچه‌كه پیلانیان بۆ دانراوه.»
قه‌ره‌سوو له‌وباره‌یه‌وه ڕایگه‌یاند، «پێویسته په‌ده‌كه و گه‌لی باشووری كوردستان ئه‌م شته ببینێت. له باشووری كوردستان میت وه‌ك ته‌ونێك هه‌موو شوێنێكی داگیر كردووه. له هه‌موو شوێنێك هه‌ن. كونسوڵخانه‌ی هه‌ولێر بووه‌ته ناوه‌ندی ئه‌م كاره. نه‌ك ته‌نیا ڕووداوی شه‌هیدكردنی هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت، به‌ڵكوو زۆر ڕووداوی دیكه‌ی هاوشێوه هه‌ن كه به‌دڵنیاییه‌وه به هاوكاری و ڕێكخستنی میت و به زانیاریی چه‌ند سیخووڕێكی ناوچه‌كه، ئه‌نجام دراون. بۆ نموونه ڕووداوی هه‌ڤاڵ سینان و چه‌ند ڕووداوێك له بادینان. ئایا ده‌بێت هه‌ولێر له به‌رانبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد ببێته بڕیارگه‌ی هێرش و كۆنسوڵخانه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌كاربهێنرێت؟ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوه ئێمه ده‌ڵێین، به‌ر له كوشتنی عوسمان كۆسه-ش چه‌ندین جار گوتمان كه دانپێدانان و ئیفاده‌ی ئه‌ندامه به‌دیلگیراوه‌كانی میت له‌لای ئێمه هه‌یه.»
«بۆ هه‌ڤاڵ هه‌ڤاڵمه‌ت سه‌ره‌خۆشییان نه‌كرد، به‌ڵام بۆ عوسمان كۆسه كردیانه هاتوهاوار. زۆر هه‌ڤاڵ له ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی میت شه‌هید ده‌بن، له به‌رانبه‌ریدا بێده‌نگ ده‌بن. كه‌چی بۆ ڕووداوێك كه نازانرێت چۆن ئه‌نجام دراوه، له دژی په‌كه‌كه ده‌ست به شه‌ڕ ده‌كه‌ن. پێویسته مرۆڤ به‌ویژدان و به‌كه‌ڕامه‌ت بێت. به قسه‌ی ئه‌وان په‌كه‌كه ده‌یه‌وێت باشووری كوردستان تووشی گێژاو بكات. كاتێك زۆری نه‌مابوو هه‌ولێر بكه‌وێته ده‌ستی داعش، مه‌گه‌ر گه‌ریلاكان نه‌بوون كه هێرشی داعشیان وه‌ستاند؟ گێژاوی چی؟ گه‌ریلاكان باشووری كوردستانیان ڕزگار كرد. كاتێك هێرشكرایه سه‌ر كه‌ركووك، مه‌گه‌ر گه‌ریلا نه‌چوو بۆ كه‌ركووك؟ ئه‌و هێزه‌ی چوو بۆ كه‌ركووك بۆ دروستكردنی گێژاو چوو؟ ئه‌و گه‌ریلایانه‌ی چوونه هه‌ولێر و ڕێگریان له داعش كرد كه هه‌ولێر داگیر بكات، بۆ دروستكردنی گێژاو چوون؟ ئێمه به كێ باوه‌ڕ بكه‌ین؟ به پڕوپاگه‌نده‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانیان بڕوا بكه‌ین یان به قسه‌ی مه‌سعوود بارزانی؟ مه‌سعوود بارزانی ئه‌و كاته كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو، سوپاسی گه‌ریلاكانی كرد و گوتی، [توركیا هه‌رگیز هاوكاریمان ناكات]. توركیا پشتگیری له داعش ده‌كرد، بۆچی پشتگیری له تۆ بكات؟ ئه‌و [هه‌ڵه]یه‌ی كه توركیا باسی ده‌كات، ده‌یانویست له ڕێی داعشه‌وه ڕاستی بكه‌نه‌وه. هه‌ر وه‌ك چۆن به هێرشكردنه سه‌ر كۆبانێ ویستیان ده‌ستكه‌وته‌كان له‌ناوببه‌ن، ده‌یانویست له ڕێی داعشه‌وه كه ئاكه‌په پشتگیری ده‌كات، ده‌ستكه‌وته‌كانی باشووری كوردستان له‌ناوببه‌ن. خوودی مه‌سعوود بارزانی گوتی كه توركیا هاوكاری نه‌كردن و هیچی بۆ نه‌كردوون.»
مسته‌فا قه‌ره‌سوو سه‌رنجی خسته سه‌ر بۆردومانه‌كانی سه‌ر شه‌نگال و مه‌خموور و ڕایگه‌یاند، «ئاكه‌په و مه‌هه‌په بۆردومانی ئه‌و گه‌ریلایانه ده‌كه‌ن كه له شه‌نگال كه‌ڕامه‌تی په‌ده‌كه‌یان ڕزگار كرد. شكۆی هه‌ولێریشیان ڕزگار كرد. با ده‌وڵه‌تی تورك بۆردومانی داعشی كردبا، ئایا شتێكی وه‌هاتان بینی؟ كاتێك داعش له كۆبانێ تێكشكێنرا، گوتی له دژی داعشم. جه‌رابلووسی داگیر كرد. له شه‌ڕی جیهانیی دووه‌م توركیا تا دوایین سات له‌گه‌ڵ هیتله‌ر بوو، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا هه‌بوو. كاتێك ده‌ركه‌وت هیتله‌ر شكست دێنێت توركیا ده‌ستی به شه‌ڕ كرد. دوای ئه‌وه‌ی داعش له ڕۆژاڤا شكستی هێنا، توركیا ڕایگه‌یاند كه ئه‌و له دژی داعشه.»
«په‌كه‌كه باشوور ده‌پارێزێت»
له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا مسته‌فا قه‌ره‌سوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌جه‌كه ڕایگه‌یاند، «ئێمه ده‌مانه‌وێت په‌ده‌كه هه‌ڵوێستێكی دروستی هه‌بێت. پێویسته ڕووداوه‌كه‌ی هه‌ولێر نه‌كاته بیانوو بۆ دژایه‌تیكردنی په‌كه‌كه. نابێ كۆمه‌ڵگه بۆ شه‌ڕ ئاماده بكات. له ڕێی مێدیای شه‌ڕی تایبه‌ته‌وه هانی كۆمه‌ڵگه ده‌دات دژی په‌كه‌كه. ئێمه ڕه‌خنه‌مان هه‌یه له په‌ده‌كه. ڕه‌خنه‌مان له په‌یوه‌ندیی په‌ده‌كه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورك و بێده‌نگبوونی له به‌رانبه‌ر داگیركاری هه‌یه و قبووڵی ناكه‌ین. ئێمه ده‌ڵێین، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه. ئه‌و هێرشه ته‌نیا له دژی په‌كه‌كه نییه، به‌ڵكوو له داهاتوودا هێرش ده‌كرێته سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی باشووریش. ئێستا بابه‌تێكی وه‌ها هه‌یه كه له دژی په‌كه‌كه ده‌ست به شه‌ڕ بكه‌ن. پێویسته هه‌موو حیزبه‌كانی كورد و گه‌ل وریا بن. پێویسته گه‌ل ئه‌م ڕاستییه ببینێت، په‌ده‌كه له ڕێی مێدیاوه زه‌مینه‌سازی بۆ شه‌ڕ له دژی په‌كه‌كه ده‌كات. پێویسته هه‌موو حیزبه كوردیه‌كان له باشووری كوردستان، حكوومه‌ت، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌نه‌كه و لایه‌نه ئیسلامییه‌كان له به‌رانبه‌ر ئه‌م دۆخه هه‌ستیار بن. په‌ده‌كه له‌ژێر گوشاری ده‌وڵه‌تی تورك هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو حیزبه‌كان له دژی په‌كه‌كه بخاته جووڵه. ئه‌مه ویستی ده‌وڵه‌تی توركه. هه‌تا ئێستا په‌ده‌كه هێرشی ده‌كرد، ئێستا ده‌یانه‌وێت یه‌نه‌كه، گۆڕان و په‌رله‌مانیش بخه‌نه نێو ئه‌و هێرشانه‌وه و ده‌ڵێن، په‌كه‌كه باشووری كوردستان تووشی گێژاو ده‌كات. ده‌وڵه‌تی تورك ده‌ستكه‌وته‌كانی باشوور ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێرشه نه‌وه‌ستێنرێت و ڕێگری له داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك نه‌كرێت، ئه‌وا دواتر ده‌ڵێن، [با ئه‌مه بۆ ئێمه ببێته ده‌رس] به‌ڵام ئه‌و كاته دره‌نگه. هه‌ندێك كه‌سی بێكه‌ڕامه‌ت دێننه سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌كان و قسه‌یان پێ ده‌كه‌ن. پێویسته په‌ده‌كه جددی بێت، ئاستی خۆی ئه‌وه‌نده دانه‌به‌زێنێت. به كوشتنی ئه‌ندامێكی میت له هه‌ولێر دونیا خرا ده‌كه‌ن و پڕوپاگه‌نده ده‌كه‌ن. په‌كه‌كه گێژاو دروست ناكات، به‌ڵكوو په‌كه‌كه پارێزه‌ری باشووره.»
«با كه‌س خۆی فریو نه‌دات»
قه‌ره‌سوو جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه ته‌سفیه بكرێت، ئه‌وا كۆتایی به مانه‌وه‌ی ئه‌وانیش (په‌ده‌كه) دێت و له بنه‌ڕه‌ته‌وه ته‌سلیم ده‌بن. گوتی، «ئێستا به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه توركیا له به‌رانبه‌ریان نه‌رمه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه نامێنێت، ٢٠-٣٠ ساڵ پێش ئێستا چیان به په‌ده‌كه ده‌گوت، هه‌مان شتی پێ ده‌ڵێن. مه‌گه‌ر له كاتی ڕیفراندۆمدا چی‌یان پێ نه‌گوت؟ ڕۆژنامه‌كان هه‌ڵده‌نه‌وه و بنواڕن. ئه‌ردۆغان و باخچه‌لی چی و چی‌یان به په‌ده‌كه نه‌گوت؟ ئه‌و شتانه له‌بیركران. ئێستا به پیلانێكی ئاكه‌په و مه‌هه‌په، په‌كه‌كه ده‌كرێته ئامانج. هاوبه‌شی ئاكه‌په كێیه، مه‌هه‌په‌یه. ئه‌وه‌ی ئێستا ئاكه‌په به‌ڕێوه‌ده‌بات، مه‌هه‌په‌یه. سیاسه‌تی ئێستا هێڵی مه‌هه‌په‌یه. هه‌موو كورد ده‌زانێت ئه‌مه چییه. هه‌موو ڕۆشنبیرانی كورد ده‌زانن. یه‌نه‌كه، گۆڕان و په‌ده‌كه‌ش ئه‌م شته ده‌زانن. به‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپادا خۆیان ده‌سه‌پێنن و ده‌ڵێن، ببنه دوژمنی په‌كه‌كه. گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر سووریا و ئێرانیش. مه‌گه‌ر گوشار ناخاته سه‌ر په‌ده‌كه؟ باشه، ده‌توانێت گوشار بخاته سه‌ر هه‌موو لایه‌ك، به‌ڵام په‌ده‌كه كورده. ئه‌وانه‌ی دیكه له‌وانه‌یه بیر له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بكه‌نه‌وه. لێره‌دا هێرش دژی ئێمه به واتای هێرش له دژی هه‌موو كورد دێت. با كه‌س خۆی فریو نه‌دات. ئه‌مه چ كوردبوونێكه؟ له دژی كوردان هێرش بكرێت، ئه‌وانیش بڵێن ئه‌مه په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه. هێرش ده‌كرێته سه‌ر گه‌وره‌ترین ڕێكخستن و تێكۆشه‌رترین هێزی كورد، ئه‌وانیش بڵێن ئه‌م هێرشه له‌سه‌ر ئێمه نییه. شتی وا ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر په‌ده‌كه و یه‌نه‌كه هێرش بكه‌نه سه‌ر ئێمه، ئێمه چی بكه‌ین؟ ئێمه له به‌رانبه‌ر هێرشه‌كان هه‌ڵوێستی خۆمان دیاری ده‌كه‌ین. له‌وانه‌یه له‌نێو ڕێكخستنه‌كانی كورددا جیاوازی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێرشێك بكرێت ئه‌وان هه‌ڵوێستی ئێمه بۆ گه‌لی كورد ده‌بێت و لای گه‌لی كورد ده‌گرین.
«نابێ بابه‌تی عوسمان كۆسه بكه‌نه بیانوو و ئاسته‌كه دابه‌زێنن. ئێمه ده‌ڵێین، پێویسته په‌ده‌كه له‌م باره‌یه‌وه وریا بێت. ئه‌مه كارێكی ئاسان نییه. ئێمه‌ش ڕه‌خنه ده‌گرین، به‌ڵام كاتێك مرۆڤ كۆمه‌ڵگه له دژی بزووتنه‌وه‌ی كورد هان بدات، ئه‌مه شتێكی دیكه‌یه. ئه‌نجامی ئه‌م كاره قورس ده‌بێت. ده‌یانه‌وێت كورد پارچه بكه‌ن. نابێ ئه‌م كاره بكرێت. ئێمه ده‌مانه‌وێت گه‌لانی باشوور ببه‌ینه لای یه‌كتر و هه‌سته‌كانیان له‌گه‌ڵ گه‌لی باكوور بكه‌ینه یه‌ك. پێویسته په‌ده‌كه ده‌ست له‌و كارانه به‌ردات و هۆشداری بداته كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی. ڕه‌خنه جیاوازه، ئه‌وان په‌نایان بۆ دوژمنایه‌تی بردووه. پێویسته ده‌ست له‌و كاره به‌رده‌ن.»
s.m