مستەفا سەلیمی لە زیندانی سەقز لەسێدارە درا
بەرەبەیانى ئەمڕۆ ٢٣ی خاکەلێوە / ١١ی نیسان مستەفا سەلیمی لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زیندانی سەقز لەسێدارە درا.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ ٢٣ی خاکەلێوە / ١١ی نیسان مستەفا سەلیمی لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زیندانی سەقز لەسێدارە درا.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە "چەند کاتژمێرێک لەوە پێش لە زیندانی سەقزەوە تەلەفون بۆ بنەماڵەى مستەفا سەلیمی کراوە، کە بۆ وەرگرتنەوەى تەرمی مستەفا سەلیمی سەردانی پزیشکی دادی شاری سەقز بکەن و دواى ئەوەش بنەماڵەکەی رۆیشتوون و ماوەیەک لەوە پێش تەرمەکەیان وەرگرتوەتەوە".
مستەفا سەلیمی لە دایکبووی ٢٧ی حوەزیرانی ١٩٦٧ / ٤ی پووشپەڕی ١٣٤٦ی کۆچی هەتاوی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستانى ئێران (حدکا) لە دوای چەند ساڵ پێشمەرگایەتى دەڕواتەوە بۆ ئێران. دوای ماوەیەک لە مانەوەى لە ئێران لە ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٨٢ / ٥ی نیسانی ٢٠٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە لە شاری نەهاوەندی هەمەدان دەستگیرکرا. دواى ئەوەش لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتیی کەسێک بە ناوی گودینی بە تۆمەتەکانی "ئەندامبوون لە حیزبی دیموکرتی کوردستانى ئێران" و "دزی چەکداری و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان" سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردن و لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. ئەو سزایە لەلایەن لقی ٣١ی دادگای باڵای ئێرانەوە دووبارە پشتڕاستکرابووە. مستەفا سەلیمی هەموو ئەو تۆمەتانەى رەتکردبووە، بەڵام گوێی لێنەگیرابوو. لە ماوەی ١٧ ساڵی رابردوودا هەموو هەوڵی بنەماڵەکەى و پارێزەران و چالاکوانانی مافەکانى مرۆڤ بۆ هەڵوەشاندنەوەى سزای لەسێدارەدانەکەى هیچ ئەنجامێکى نەبوو.
لە کاتی راپەڕینی زیندانیانی سەقز لە ٨ی خاکەلێوە / ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٠دا مستەفا سەلیمی یەکێک لەو کەسانە بوو لەو زیندانەدا لەگەڵ ٧٠ کەسی تردا هەڵهاتن. مستەفا سەلیمی لەگەڵ چەند هاوڕێی زیندانیدا خۆیان دەگەیەننە بانە و دواى چەند رۆژ مانەوە لە بانە، مستەفا سەلیمی بڕیاردەدا لە ئێران نەمێنێتەوە، بۆیە لەو کەسانەی تر، کە یەکێکیان ناوی شۆڕش مروەتی بووە و ئەویش سزای لەسێدارەدانی لەسەر بووە، جیا دەبێتەوە و روو لە باشووری کوردستان دەکات. دواى چەند ڕۆژێک شۆڕش مروەتى دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستگیرکرابووە.
بەپێی زانیارییەکان مستەفا سەلیمی سەرەتای نیسانی ٢٠٢٠ خۆی گەیاندووەتە گوندی گرمک لە پێنجوێن و دواى ماوەیەک مانەوەی لەو گوندەدا لەلایەن هێزەکانى ئاسایش لە پێنجوێن دەستگیر دەکرێت. مستەفا سەلیمی سەرباری ئەوەى بارودۆخی خۆی و پێشینە و سزاکەى خۆی بۆ هێزەکانى ئاسایش روون دەکاتەوە، بەڵام گوێی لێناگیرێت و و لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٠ دا رادەستی ئێران دەکرێتەوە. بەرپرسانی زیندانی سەقز دوێنێ بنەماڵەکەیان بانگ کردبوو بۆ ئەوەى دوا چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئەنجام بدەن و لە دواى ئەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١١ی نیسانی ٢٠٢٠ لە زیندانی سەقز لەسێدارەیان دا، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەى چارەنووسی شۆڕش مروەتەییەوە لە بەردەستدا نییە.
ژ.ت