ئاسایشی باشووری کوردستان مستەفا سەلیمی ڕادەستی ئێران کردووەتەوە و ئەگەری لەسێدارەدانی هەیە. (نوێکرایەوە)

مستەفا سەلیمی زیندانی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوەی کە توانیبووی لە زیندانی سەقز هەڵبێت و خۆی بگەیەنێتە نێو خاکی باشووری کوردستان، لە لایەن ئاسایشی باشوورەوە ڕادەستی هێزەکانی ئێران کراوەتەوە و ئەگەری لەسێدارەدانی هەیە.

هەفتەی رابردوو رۆژی هەینی ٣ی نیسانی ٢٠٢٠ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵهاتنی نزیکەی سەد بەندکراو لە زیندانی ناوەندی شاری سەقز، هەواڵی خۆدەربازکردنی مستەفا سەلیمیش بڵاوبوویەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی مستەفا سەلیمی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند، مستەفا سەلیمی لەگەڵ شۆڕش مروەتی و کەسێکی دیکە کە ئەوانیش بەمزووانە بڕیاربوو حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت هەوڵیانداوە لە رێگەی سنووری نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستانەوە خۆیان دەرباز بکەن، بەڵام شۆڕش مرەوەتی لە دەوروبەری شاری بانە دەستبەسەرکراوە و مستەفا سەلیمی توانیبووی خۆی بگەیەنێتە سنووری سەیرانبەند کە سەر بە شاری بانەیە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکراکرد، پاش ئەوەی مستەفا سەلیمی خۆی دەگەیەنێتە ئەو سنوورە لە لایەن ئاسایشی هەرێمەوە دەستبەسەر و رادەستی ئاسایشی پێنجوێن دەکرێت.

دواتر ئاسایشی پێنجوێن مستەفا سەلیمی لە رێگەی ئاسایشی گەرمەکەوە ڕادەستی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران دەکاتەوە.

بە پێی وتەی شایەتحاڵەکان مستەفا سەلیمی دەیان جار داوای کردووە کە نەیگەڕێننەوە و ڕادەستی هێزەکانی ئیتلاعاتی نەکەن و یان ڕیگەی بدەن کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، بەڵام داواکەی قبوڵنەکراوە و ڕادەستکراوەتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیش ڕایگەیاند، ئەمڕۆ خانەوادەکەی بۆ دوایین جار چاویان بە مستەفا سەلیمی کەوتووە و ئەگەری هەیە لەگەڵ ژمارەیەک زیندانی تر لەسێدارەبدرێت.

مستەفا سەلیمی کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی ئیلوو لە ناوچەی تیلەکۆ سەر بە شاری سەقزە و چەند ساڵێک ئەندامی حزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و دواتر دەستی لە حزبە هەڵگرتووە و گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە پارێزگای لۆرستان نیشتەجێ بووە.

دواتر هێزە ئەمنیەتیەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و پاش ڕاگواستنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و سەقز، بە تاوانی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی سزایی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندووە.

داواکاریی مستەفای سەلیمی لە دادگای پێداچوونەوە و دواتر کۆمیسیۆنی لێبوردنی دەزگای قەزایی ڕەتکرایەوە و تەئکید لەسەر سزای لەسێدارەدان کراوەتەوە. ماوەیەک لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج راگیرا و پاشان بۆ تێپەڕکردنی دەورەی زیندانیەکەی تا کاتی لەسیدارەدان گواستراوەتەوە بۆ زیندانی سەقز.

ف.ق