میت و پەدەکە ئەشکەنجەى دەستگیرکراوانى هەولێر دەکەن

عوسمان کۆسە، کە گوایە کارمەندی کونسوڵخانەى تورکە لە هەولێر و ٢ کەسی تر کوژران. دواى ئەوە چەندین کەس دەستگیرکران. ئێستاش پەدەکە و میت پێکەوە ئەشکەنجەى ئەو کەسە دەستگیرکراوانە دەدەن.

لە شاری هەولێری باشووری کوردستان لە رۆژی ١٧ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٦ی پووشپەڕ لە ریستورانتێک بە ناوی هوقەباز لە ئیمپایەر سیتی، عوسمان کۆسە، کە گوایە کارمەندى کونسوڵخانەی تورکە لە هەولێر و ٢ کەسی تر کوژران.

لەسەر ئەو رووداوە ٢ کەس بە ناوەکانى مەزڵوم داغ و محەمەد بەشیکسیز خەڵکى باکووری کوردستان و کەسێکی تر دەستگیرکرابوون.

ئێستاش بەپێى زانیارییەکان، ئەو دانپیادانەی، کە پێشتر ئامادە کراوە و بۆ ئەوەى بە داغ و بەشیکسیز و کەسی سێیەمى واژۆ بکەن، دەستکراوە بە ئەشکەنجە کردنی داغ و بەشیکسیز و کەسی سێیەم.

کۆسە بە کارمەندی سەرکونسوڵخانەى تورک لە هەلێر نیشاندرا

بە گوێرەی زانیارییەکان، کۆسە پێشتر بەرپرسی دۆسیەى ئێران بووە لە دەزگاى سیخوڕیى تورک (میت)دا و دواى ئەوە لە میت دا کراوە بە بەرپرسی دۆسیەى باشووری کوردستان.

شاندێکی میت، کە جێگری هاکان فیدان سەرۆکى دەزگاى سیخوڕیى میت-یشی لە ناودایە لەگەڵ ئەندامانى دەزگاى "پاراستن" دەستیان کردووە بە ئەشکەنجەدانى داغ و بەشیکسیز.

پێکەوە ئەشکەنجەیان دەکەن

ئەندامێکى ئاسایش، کە بەهۆی مەترسیى سەر ژیانى نەیخواست ناوەکەى بڵاوبکەینەوە وتى، هەوڵدراوە کۆسە وەک کارمەندێکى ئاسایى کۆنسوڵخانەی تورک نیشان بدرێت، بەڵام ئەو بەرپرسەى دۆسیەى باشوور بووە لە دەزگاى سیخوڕیى میتی تورکی دا.

 ئەو ئەندامەى ئاسایش وتیشی، داغ و بەشیکسیز و ئەو کەسەى تر کە لەگەڵیان دەستگیرکراون زۆر بە قورسی ئەشکەنجە دەکرێن و ئەشکەنجەکانیش میت و پاراستن پێکەوە ئەنجامى دەدەن و پێکەوەش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکەن.

لە دواى ئەوەى دانپیادانانە ئامادەکراوەکەیان پێ واژۆکردن رادەستى تورکیا دەکرێنەوە

بەپێى زانیارییەکانى ئەو سەرچاوەیە، هەوڵ دەدرێت لە ژێر ئەشکەنجەدا ئەو دانپیادانانەیان پێ واژۆ بکەن، کە پێشتر ئامادە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش داغ و ئەو کەسانەى لەگەڵی دەستگیرکراون ئەو دانپیادانان و تۆمەتەى، کە دەیانەوێت بیخەنە ئەستۆیان، قبوڵیان نەکردووە.

ڤیدیۆ و دیمەنى داغ لە ١٧ی تەمموزدا بوونی نییە

سەرباری ئەوەى ریستورانت (چێشتخانە)ی هوقەباز، کە رووداوەکە تیایدا روویداوە و ژمارەیەکى زۆر کامێرای چاودێریى کوالیتى بەرزی تیادایە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە جێگاى سەرنجە، کە ڤیدیۆ و دیمەنى داغ و بەشیکسیز لە رۆژی ١٧ی تەمموزدا، کە کۆسەى تیادا کوژراوە بوونی نییە. تاوەکو ئێستا تەنها وێنەیەکى داغ بڵاوکراوەتەوە، کە ئەویش دیار نییە لە کوێ تۆمار کراوە.

ئەفسەرانى تورک بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە شەقامەکانى هەولێر کۆنترۆڵ دەکەن

گروپێکى ١٧ کەسی لە دەزگاى سیخوڕیى میت، کە جێگری هاکان فیدان سەرۆکى ئەو دەزگا سیخوڕییەشی لە ناودایە و تیمى تایبەتى تورک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەى هەولێر، هەولێریان کردووە بە مۆڵگەى خۆیان. ئەفسەرانى تورک ژمارەیەکى زۆر لە گەڕەک و شەقامەکانى هەولێر بە جلوبەرگی پێشمەرگە و ئاسایشەوە کۆنترۆڵ و چاودێری دەکەن.

ر.م