میتینگی ١ی ئایار له ئامه‌د: هێزی تێكشكاندنی فاشیزممان هه‌یه
له میتینگی ١ی ئایاری ئامه‌د چه‌ندین په‌یامی گرنگ پێشكه‌ش كران. له په‌یامه‌كاندا هاتبوو «هێزی تێكشكاندنی فاشیزممان هه‌یه». هاوكات دایكان بانگه‌وازی هه‌ڵمه‌تی سه‌رتاسه‌رییان كرد.
له میتینگی ١ی ئایاری ئامه‌د چه‌ندین په‌یامی گرنگ پێشكه‌ش كران. له په‌یامه‌كاندا هاتبوو «هێزی تێكشكاندنی فاشیزممان هه‌یه». هاوكات دایكان بانگه‌وازی هه‌ڵمه‌تی سه‌رتاسه‌رییان كرد.
كۆنفیدراسیۆنی سه‌ندیكا جه‌ماوه‌رییه‌كانی كرێكاران (KESK)، كۆنفیدراسیۆنی سه‌ندیكاكانی كرێكارانی شۆڕشگێڕ (DÎSK) و یه‌كێتیی ژووره‌كانی پیشه‌ساز و ئه‌ندازیارانی تورك (TMMOB) له شه‌قامی ئیستاسیۆنی ئامه‌د میتینگی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانیی كرێكارانیان ساز كرد. دایكی زیندانییانی به‌شدار له مانگرتنی دژبه گۆشه‌گیری له‌گه‌ڵ هه‌زاران كرێكار و ڕه‌نجده‌ر به‌شداریان كرد.
هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (كه‌جه‌ده) به‌ردان ئۆزتورك، په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په مو‌سا فارس ئۆغوللاری، سالحه ئایده‌نیز، ڕه‌مزیه تۆسون، حوسێن كاچماز و نوران ئیمیر هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتاری پارتیی كۆماری گه‌ل (جه‌هه‌په) سه‌زگین تانریكوولوو به‌شدارییان كرد.
په‌یامی دایكی زیندانییانی مانگرتوو
دایك و كه‌سوكاری ئه‌و زیندانییانه‌ی دژبه گۆشه‌گیری مانیان له خواردن گرتووه به ده‌سماڵی سپی و گوڕوتینه‌وه به‌شدار بوون له میتینگی ١ی ئایار. دایكان كه دوێنێ بانگه‌وازی هه‌ڵمه‌تی سه‌رتاسه‌رییان كردبوو سه‌باره‌ت به زیندانییانی مانگرتوو، ئه‌مڕۆ بانگه‌وازه‌كه‌یان دووپات كرده‌وه.
«ئێمه وه‌ڵاتێكمان ناوێت بۆ مردن»
ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ژووری پزیشكان دكتۆر خالیس یه‌رلیكایا گوته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند، «ئێمه وه‌ڵاتێكمان ده‌وێت كه بتوانین تیایدا بژین نه‌ك تیایدا بمرین. وه‌ڵاتێكمان ده‌وێت كه ده‌وڵه‌ت به‌ها، ماف و قانوونه‌كان جێبه‌جێ بكات. وه‌ڵاتێكی تووندوتیژمان ناوێت. ئێمه وه‌ڵاتێكی ئارام و ئاشتیمان ده‌وێت.»
«هاواری دایكان ببیستن»
سكرتێری یه‌كێتیی ژووره‌كانی پیشه‌ساز و ئه‌ندازیارانی تورك له ئامه‌د دۆغان هاتون له میانه‌ی گوته‌یه‌كدا سڵاوی ئاراسته‌ی مانگرتوان كرد و گوتی، ئێمه به پێداگرییه‌وه له دژی ئه‌وانه‌ی هاواری دایكان نابیستن داوای ئاشتی ده‌كه‌وین و ده‌سماڵی سپی هه‌ڵده‌ده‌ین.»
«سمبوولی ئاشتییه»
محه‌مه‌د ساڵح دۆگرول به ناوی كۆنفیدراسیۆنی سه‌ندیكاكانی كرێكارانی شۆڕشگێڕ قسه‌ی كرد و گوتی، «ده‌سماڵی سپی سمبوولی ئاشتییه. به‌بێ ئه‌وه‌ی له زیندانه‌كان كه‌س بمرێت، بانگی هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین له ئاستی به‌رپرسایه‌تیدا بن.»
ئۆزتورك: ئه‌مه به‌رخۆدانێكی مێژوییه
هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌ده به‌ردان ئۆزتورك گوتی، «ئێمه پیرۆزبایی له كرێكاران و دایكان ده‌كه‌ین. ئه‌مڕۆ هه‌زاران زیندانی له دژی گۆشه‌گیری به‌رخۆدان ده‌كه‌ن. له هه‌موو ده‌ڤه‌رێك به‌رخۆدان به‌رفره‌وان ده‌بێت. ئه‌مه به‌رخۆدانێكی مێژووییه. فاشیزمی زیهنیه‌تی یه‌كگه‌رایی ده‌مێكی درێژه هێرشه‌كانی خۆی قووڵتر كردووه‌ته‌وه. شكستی ئابووریش له‌م وه‌ڵاته له ئه‌نجامی فاشیزمه‌وه‌یه. ئێمه چه‌نده بێده‌نگ بین فاشیزم ئه‌وه‌نده گه‌وره ده‌بێت. به‌ڕێز ئۆجالان ئیراده‌ی ملیۆنان كه‌سه. ئیراده‌ی ملیۆنان كه‌سیان گۆشه‌گیر كردووه. هه‌موو وه‌ڵات گۆشه‌گیر كراوه. ئێمه وه‌ك كه‌جه‌ده هه‌ڵمه‌تی سه‌رتاسه‌ری به ئه‌ركی خۆمان ده‌زانین. ده‌بێ هه‌موو كه‌س وه‌ڵامی ئه‌م بانگه‌وازه‌ی دایكان بداته‌وه.»
«نه‌یانتوانی ئێمه ته‌سلیم بگرن»
هاوشاره‌داری ناوچه‌ی ڕه‌زان-ی ئامه‌د زه‌یات جه‌یلان كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا له كاره‌كه‌ی دوورخراوه‌ته‌وه و به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی پێنه‌دراوه له میتینگه‌كه گوته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند، «ئێمه‌یان له‌كاردوورخسته‌وه. فشاریان خستینه‌سه‌ر و ویستیان برسیمان بكه‌ن و ئیراده‌مان ته‌سلیم بگرن. به‌ڵام نه ده‌توانن ئیراده‌مان ته‌سلیم بگن نه ده‌شتوانن برسیمان بكه‌ن.»
میتینگه‌كه به كۆنسێرتی هونه‌رمه‌ند شێرزاد له ناوه‌ندی كولتووری به‌هار كۆتایی هات.
s.m