ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە خالیدە ئەنگیزەک لە بەرانبەر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و بەرخۆدانی مێژوویی گەریلا قسەی کرد. دهقی گوتهكانی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە وههایه:
ڕاستە، لە خواکورک مێژوویەکی نوێ دەنووسرێتەوە. مێژووی چی دەنووسرێتەوە، مێژووی جوگرافیایەک کە خوداوهندهكان تەختی خۆیان لێ داناوە و هەزاران ساڵە لەژێر چنگی داگیرکەر دەناڵێنێت. داپلۆسێنراوە، پارچە پارچە کراوە، تاڵان کراوە، گوندەکانی وێران کراون، کۆمەڵگەکەی ڕاگوێزراوە و ڕاستییه كۆمهڵایهتییهكانی پەرشوبڵاو کراوە. لە ڕاستییەکەی دوورخراوهتهوه و هەوڵ دەدرێت بیکەنە ئەنکیدۆ و بەکۆ-کانی سەردەم. ژنەکانی تێیدا بهبیانووی نامووس و لەناو خێزاندا، لەژێر عەبا شاردراونهتهوه و بێدەنگ کراون. ڕاستیی ئەو وڵاتەی کە تێیدا بزە لەسەر لێوی منداڵەکانیان سڕ بووە و مێژووی نەنووسراوی وڵاتێک دەنووسنەوە. مێژووی ئەو وڵاتە دەنووسنەوە کە دایکی هەموو وڵاتانە، مێژووی ئەو كۆمهڵگهیه دەنووسنەوە کە لانكهی شارستانهتیی مرۆڤایەتییە. مێژووی ژنان دەنووسنەوە کە جڤاكاندن لە دەوری ئەو دروست بووە. مێژووی ئەو چیا سەرکەش و سەختانه، ئەو خاکە دەست لێنەدراوەی کەس نەیتوانیوە لێی بمێنێتەوە و بووەتە پەناگەی هوری، میتانی، کاستی و کاردۆخەکان. لەمێژە ئەو داستانە دەستی پێکردووە. ٤٠ ساڵ لەمەوبەر بەو گرووپە شۆڕشگێڕانەی کە وەکو ئاپۆیی دەناسران دەستی پێکردووە. لە عەگیدی فەرماندەوە کە پلانی هەڵمەتی ١٥ی تهباخ (١٥ی ئاب)ی لهوێ داڕشت، هەتا گوڵناز كاراتاش – بێریتان، لەوێ تا ڕۆستەم جوودی، چیچەک و عەلیشێرەکان، لە وانهوه هەتا ئاگری و هاوارەکان، لە وانهوه تا کەنداڵ و مزگینەکان، بەردەوام بووە.
گەریلا بە خوێنی خۆی مێژوو دەنووسێتهوه
بەڵێ ههر بهڕاستیش ئەو داستانه هێشتاش دەنووسرێنەوە. ئهو لاپهڕهیهی هەڤاڵ وڵات و بەسێ نووسیان تهنها یهكێكه له لاپهڕهكانی مێژووی ئازادیی وڵات، نەتەوە و ژیانێک کە وەکو تیشکی خۆر ڕۆچووەتە ناو دەمارەکانی لەشمان، دڵی ئێمەیان گەرم کرد و هەنگاوێکی دیكه لە ئازادی نزیکیان کردینەوە.
بەڵێ لە چوارچێوەی سیاسەتی نکۆڵیکردن و سڕینەوە، ههروهها لە چوارچێوەی پیلانی داگیرکردنی کوردستان لە پاییزی ساڵی ٢٠١٨-ەوە داگیرکاریی تورک هەوڵ دەدات باشووری کوردستان داگیر بکات. بە تایبەتیش لە خواکورکەوە دەستی پێکرد و دەیەوێت لەوێوە بەرەو شەنگال و قەندیل بچێت. لە لایەکی دیکەشەوە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان جموجۆڵی داگیرکاری دهكات. ئامانجی داگیرکاریی تورکیا ئەوەیە کە سێگۆشەی باکوور- باشوور- ڕۆژهەلاتی کوردستان کە لە مێژوودا ئەسکەندەر نەیتوانیوە لێی بمێنێتەوە، بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و لە هەرچوار پارچەی کوردستان دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لەناوببات و کۆمەڵگەکەش جارێکی دیکە ڕووبهڕووی ژیانی کۆیلایەتی بكاتهوه. بەڵام ڕووبهڕووی بەرخۆدانێكی داستانیی گهریلا دهبنهوه و هەر هەنگاوێکی داگیرکاری كه دهینێن، وەکو گڕکان پێیاندا دهتهقێتهوه و وردوخاشیان دەکات.
وڵات و بەسێ ناوی قارەمانهمانهكانی سەردەمن
بێگومان ڕای گشتیی جیهان، مرۆڤایەتی، دامودهزگهكانی مافی مرۆڤ کە پهیوهندیدارن به مافەکانی مرۆڤ، خۆیان بێدەنگ کردووە. وهک چۆن شەڕڤانانی ئازادی لە کۆبانێ بە گیانێکی لەخۆبردوانە بەرانبەر زوڵمی داعش کە دڕندەترین ڕێكخستنی مێژووی مرۆڤایەتی بوو، تێكۆشان. بە ڕۆحی گیانبازی و بەرخۆدانی ئارین و ڕێڤانهكان ئەو پیلانانه پووچەڵ کرانەوە و داستانیان نووسییەوە و سەرنجی جیهانیان ڕاکێشا، ئەوە دەیان ساڵە لە وڵاتەکەمان گەریلا داستان دەنووسێتەوە و جیهان بێدەنگە، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە بەرخۆدان نییە. ئەگەر لە جیهاندا نووسەر، شاعیر، ڕۆشنبیر و ئەدیب هەن، با بێن بەرخۆدانی کچ و کوڕە خواوەندەکان لە خواکورک ببینن و بنووسنهوه و بەڵکو پێنووسەکەیان پاک ببێتەوە. چونکە گەریلاكان بە خوێنی خۆیان ئەو مێژووە دەنووسنەوە. بەڵێ داستانی هەڤاڵ وڵات و بەسێ یەکێکه لەو داستانانە. ئێمە لە بەردەم ئامێری بێتەل دانیشتبووین و گوێمان لە زانیارییەکانی شەڕ ڕادەگرت، هەڤاڵان زانیاری بەرەی خواکورکیان پێداین. ئەو هەڤاڵەی کە زانیارییەکە دهدات دەڵێت، «لە خواکورک - لای شەمزینان، دوژمن لە ئامادەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی بهرفرهواندایە، هەڤاڵ بیر لەوە دەکەنەوە و هەوڵ دەدەن چالاکی بکەن لە دژی ئەو هێزەی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات. فڕۆکە سیخووڕییهكان هەڤاڵان دەبینن، دواتر ئەو هێزەی ئەوێ هەموویان دەکەونە جموجۆڵ و بە ئۆتۆمبیلی زرێپۆش گەمارۆی هەڤاڵان دەدەن. ئامانجیان ئەوەیە کە ههموو هەڤاڵان لەناو ببەن. بەڵام گرووپەکە لەناو خۆیاندا وتوێژ دەکەن. هەڤاڵ وڵات و هەڤاڵ بەسێ بەشێوەیەکی فیدایی هێرش دهكهنه سهر دوژمن و شەڕ دەکەن. لەو چالاکییەدا ٢ ئەفسەر و ٢ سهربازی پسپۆڕ دەکوژرێن و ٣ سەربازیشیان بریندار دەبن. هەڤاڵان بە ڕۆحی فیدایی شەڕ دەکەن و هەردوو هەڤاڵ بەقارەمانی دەگەنە کاروانی شەهیدان. هەڤاڵانی دیکەش خۆیان ڕزگار دەکەن.» بەڵێ ئەوە ڕۆحی عەگید و بێریتانەکانە. ئەوە ڕۆحی شەڕڤانی و نهبهردیی نوێی ئاپۆییە. ئەوە لە شەڕدا ڕۆحێکی وەهایە کە نووسین و قسەکردن لەبارەیەوە دەستەوەستانە، مرۆڤ لە بەرانبەر ئەو ئازایهتییه مەست دەبێت.
کچ و کوڕانی کورد لهپێناو ژیانێکی نوێ تێدەکۆشن
ئهمه هەڵوێستی نوێی كورد، ژن و پیاوی کورده. ئەمه ناسنامە نوێیەكهی كوردایهتییه، کوردایەتیی ئازادە. لە دەرەوەی ئەوە ژیان نییە، لە دەرەوەی ئەوە خیانەت و نۆکەرییە. ئهمه کەسایەتیی سەرکەوتنە، ئەو کەسایەتییە دڵسۆز و پەیوەستە بە ڕاستیی مێژووییەوە. کاتێک ئهم ڕۆحیهته هەبێت، هیچ تەکنیک، پیلانی چەپەڵ و خیانەت ناتوانن بگەنە ئامانج و ناتوانن پاشەکشەمان پێ بکەن لە نووسینەوەی مێژووی ئازادی. بەڕاستی ئەم هەردوو هاوڕێیە گەنج و جوان و دڵپۆڵایه بە خوێنی خۆیان لاپەڕەیەکیان بۆ مێژووی ئازادی زیاد کرد. هەردوو هەڤاڵ زۆر گەنجن، بەڵام دڵیان لە پۆلایە و زۆر گەورەن. ئەوان لەسەر ئەم جوگرافیایەی هەموو گەلان، ژنان و مرۆڤایەتیی پێشكهوتوو دهپارێزن. ئەوان بە باوەڕبوون بە بونیادنانی شۆڕشی هۆشیاری و ویژدانی، نەتەوەی دیموکراتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کۆنفیدرال تێدەکۆشن و بەرخۆدان دەکەن. بۆ ئەوە خۆیان فیدا دەکەن. بۆیە دەبێت ئەو قارەمانانه، ئەو نهبهردانه، ئەو ژنە بوێرانە لە تێکۆشاندا بەتەنیا نەهێڵرێنهوه. دهبێت ئەمه بەرخۆدانێکی کۆمەڵایەتی بێت و کۆمەڵگەكهمان خۆی بە ڕاستیی گەلی شەڕکەرەوە ڕێكخات و خۆی بکاتە یەک لەگەڵ گەریلا. ئێمە دەبێت ئەوە بکەین کە وڵات و بەسێیەکان بژین، ئاڵای ئازادی لەسەر خاکی وڵاتەکان بەرز بکەینەوە و وڵاتی ئازاد بکەینە دیاری بۆ ڕۆحە پاکەکەیان.
s.m