مەروان مەمدوح ئۆزدەمیر: بەرخۆدێران ئیمانیان بە ئامانجەکانی خۆیان هێناوە

مەروان مەمدوح ئۆزدەمیر رایگەیاند، ئەمەویست بەشێوازێک لەم چالاکییەکدا بەشداربم، بەڵام بەرخودان مەزن بوو و من دواکەوتم. ئەمەویست بڕیاریکی رادیکاڵ بدەم. جگە لە بەرخودانی رۆژووی مردن رێگایەکی دیکە بۆ پشتیوانی کردن لە هەڤاڵان نەمابوو.

مەروان مەمدوح ئۆزدەمیر خەڵکی شاری جۆلەمێرگی باکووری کوردستانە و لە رۆژی ١٣ ئایاری ٢٠١٩ / ٢٣ی گوڵان (بانەمەڕ) بەرخودانی رۆژووی مردنی دەستپێکرد.

مەروان مەمدوح ئۆزدەمیر ساڵی ١٩٩٢ لە شاری جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لە دایکبووە. ساڵی ٢٠١٨ بە هۆی گوشاری دەوڵەتی تورک لەسەر گەلی کورد دێت بۆ باشووری کوردستان. بە دەستپێکردنی چالاکیی مانگرتن لە خواردن و رۆژووی مردن لە دژی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکوانانى مانگرتوو لە رۆژی ١٣ ئایاری ٢٠١٩ / ٢٣ی گوڵان (بانەمەڕ) دەستی بە چالاکیى رۆژووی مردن کرد. چآلاکییەکەی مەروان ٧ رۆژی تێپەڕاندووە. مەروان بەسەرهاتی ژیانی خۆی، کێشەکانی منداڵێکی کورد لە خوێندنگە و کۆمەڵگایەکی بن دەست و چۆنییەتیی بەشداریکردن لەم چالاکییەدا و ئامانجی بەشداربوونی لە چالاکیى رۆژووی مردن لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)دا باس کرد.

سەپاندنی زمانى تورکی بەسەرماندا یەکەم ناکۆکیى لە ناخماندا دروستکرد

ئۆزدەمیر سەرەتا سەرنجی خستەسەر سەردەمی خوێند و ئەو کێشانەی لەگەڵ زمانێکی بەسەردا سەپینراوی بێگانەدا تووشی بووە کرد و باسی لە کرێکاری لەو تەمەنەدا کرد و وتی: "بنەماڵەکەمان ئێمەیان لەسەر بنەمای کولتور و چاندی کوردی مەزن کرد. کاتێک رۆیشتم بۆ مەکتەب ناکۆکیێک لە مندا دروستبوو. هۆکارەکەشی خوێندن بوو بە زمانێکی بێگانە. ئەم ناکۆکییە لە ناخی هەموو منداڵێکی کورد دا دروست دەبێت، چونکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە. دۆخی ئابووریی بنەماڵەکەمان باش بوو، بەڵام بنەماڵەکەمان دەیانخواست فێری رەنج و کار ببین، بۆیە هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ براکەمدا گوڵمان دەفرۆشت. ئەو کاتەش بە هۆی ئەوەی کە زمانی تورکیمان نەدەزانی لە فرۆشتنی گوڵەکان دا و پاراستنی خۆمان کێشەمان بۆ درووست دەبوو. کاتێک گەورە بووین هەموو ئەو کارانە و ئەوەى روویدابوو هێزیان پێ بەخشین. لە ساڵانی دواتردا لە بابەتی ناسنامە و شوناس دا بەرچاوروونتر بووینەوە. بنەماڵە بە کوردی دەژی، بە کوردی دەدوێ، لە مۆسیقای کوردی گوێ دەگریت و بە گشتی لە ماڵ دا زمانی کوردی زاڵ بوو. لە بەرانبەر ئەمەشدا زمانێکی بێگانە هەبوو، کە لە زمانی ئێمە ژوورتر و باڵاتر نیشانیان دەدرا. ئەمانە دەبوونە هۆی ئەوە هەندێکجار لە خۆمان شەرم بکەین و زۆر پرسیاری بێ وڵام لە مێشکمان دا دروست بێت. دوایی بە ناسینی تەڤگەری ئازادیخوازیی گەلی کورد هەستی شەرم بۆمان بوو بە هەستی سەربەرزی و رەسەنایەتی".

٣ جار دەستیگر و زیندانیکراوە و ناچاربووە دەست لە خوێندنى زانکۆ هەڵبگرێت

لە بەردەوامی دا مەروان سەبارەت بە چۆنییەتیی ئاشنابوونی بە تەڤگەری ئازادیخوازی و بەشداریکردنی لە چالاکییەکان و دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی تورکەوە وتیشی "سەرەتا لە رێگای راگەیاندنەوە رێکخستنم ناسی. هەرچەندە لە دەوڵەت ترسمان هەبوو، بەڵام لە دڵمان دا جێی گرتبوو. یەکەم جار لە ١٤ ساڵی دا لە رێپێوانێکدا بەشداریم کرد و دەستگیریان کردم. شەوێک بەند کرام و گوشارێکى دەروونیی زۆریان خستە سەرمان. بە دەرچوون لە زیندان بڕیاری خۆمم دا بۆ بەشداریکردن لەم رێگە و رێبازەدا. لە قۆناغی ئامادەیی دا لە بەشداری کار و چالاکییەکانی تەڤگەری گەنجان بووم و دوای ماوەیەکی کورت دەستگیرکرام. لە تەمەنی ١٨ ساڵی دا بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک سزای زیندانم بەسەردا سەپێنرا. ماوەیەک لە زیندانی وان و دوایی بۆ زیندانی مووش دوورخرامەوە. لەو کاتەدا بە گفتوگۆ لەگەڵ زیندانییەکانی دیکە و هەروەها خوێندن پرس و کێشەی کوردم لە رووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوری و چاندییەوە باشتر ناسی و لە بڕیارەکەمدا سووڕتر بووم. بە دەرچوون لە زیندان دەستم بە چالاکی کردەوە. دوای ٣ مانگ  جارێکی دیکە دەستگیرکرامەوە و ئەو جارەش بۆ ماوەی ٢ ساڵ و نیو سزای زیندانیکردنم بەسەردا سەپێنرا. لە دادگادا مافی خۆ پاراستن بە زمانی دایکی بە من نەدرا، بۆیە دوای دوو جار ئیتر بەشداریى دانیشتنەکانى دادگام نەکرد. لە دوای دەرچوونم لە زیندان لە ساڵی ٢٠١٨ لە بەشی رۆژنامەوانیی زانکۆی چکۆرۆڤا وەرگیرام، بەڵام بە هۆی سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن دادگاوە بە ناچار هاتم بۆ باشووری کوردستان".

'لە لێکۆڵینەوەکردن لەبارەى بەرخودانى ١٤ی تەموزەوە بڕیاری رۆژووی مردنم دا'

لە بەردەوامیى وتەکانیدا، مەروان ئۆزدەمیر سەرنجی خستە سەر سیاسەتی پاکتاوکردن و سڕینەوەى گەلی کورد و زیندان و دوور خستنەوەکانی دوای پرۆسە و پێواژۆی ئاشتی لە باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورک و دەستپێکردنی چالاکیی مانگرتن لە خواردن بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن ئەوەشی وت: "ئەمەویست بەشێوازێک لەم چالاکییەدا بەشداربم، بەڵام بەرخودان مەزن ببوو و من دواکەوتبووم. ئەمەویست بڕیاریکی رادیکاڵ بدەم، بۆیە جگە لە بەرخودانی رۆژووی مردن رێگایەکی دیکە بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڤاڵان نەمابوو، هەر بۆیە سەبارەت بەوەی کە دەبوایە چی بکەم بیرم کردەوە، بە تایبەت لەسەر ١٤ تەمووز لێکۆڵینم کرد و لە دوایدا بەشداریم لە بەرخودان دا کرد. "

'ژیان جگە لە خواردن پێویستیى بە سەرکەوتن و ئازادی و سەربەرزی هەیە'

ئۆزدەمیر سەبارەت بە رۆژووری مردن گوتی: "لەم بەرخودانەدا سەرەڕای لاواز بوون لە بواری جەستەوە هیچ کات ئەوەندە خۆمم بەهێز نەبینیوە. لە دونیای تاریک دا چاوی ئینسان ببینێ یان نا جیاوازیى نییە. لە تاریکی دونیادا مرۆڤ دەتوانێت بە دڵی خۆی دونیا ببینێت. ژیان ئەگەر لەگەڵ ئازادی دا نەبێت برسێتی و تێر بوون جیاوازییەکیان نییە. ئەمڕۆ ئەگەر لە رووی جەستەوە برسێتی بکێشین، بەڵام لە روی دەروونییەوە تێر کراوین. پشتگیری و خاوەنداریکردن لەم بەرخودانە بە تایبەت بە هەڵوێستی هەوڤاڵانی زیندان و ڕیبەرتی بۆ خاوەنداریکردن لەم بەرخودانە مرۆڤ بە هێز دەکات. خواردن تەنها هۆکاری ژیان نییە، بەڵکو ژیان پێویستی بە سەرکەوتن، ئازادی و سەربەرزی هەیە. کۆمەڵگایەک لەم لایەنانەوە پووچەڵ بکرێتەوە ژیانی بێ واتا کراوە. ئەمڕۆ ئێمە ئارمانجێکی پیرۆزمان هەیە ئەویش لە کەسایەتیی رێبەری گەلەکەمان دا بەدەستهێنانی ئازادیە. دوژمنانمان لە رێگای گۆشەگیریی سەر رێبەرمان ئەیانەوێت ژیانمان تاریک بکەن و ئەم بەرخودانە وەڵامێکە بۆ دوژمن و رەخنەلەخۆگرتنێکیشە لە هەمبەر سەرۆکایەتی. "

"ئەم بەرخودانە ئیمان و باوەڕی ئێمەى روونتر و بەهێزتر کردووە"

مەروان مەمدوح ئۆزدەمیر لە کوتایی وتەکانیدا سەرنجی خستە سەر رۆڵی ژنان و گەنجان لەم هەڵمەتەی بەرخودانە دا و گوتیشی "رێبەرایەتی بۆ گەلی کورد بە تایبەت ژنان و گەنجان رەنجێکی زۆری کێشاوە. ئەمڕۆش زۆرتر لە هەر کەس ژنان و گەنجان لە رێبەرمان خاوەنداری دەکەن و لەم بەرخودانە دا بەشدارییان کردووە. ئەم بەرخودانە ئیمان و باوەڕی ئێمەی روونتر و بەهێزتر کردووە. بەرخودان چ لە درێژ خایەن چ لە دەمێکی کورتدا بە ئامانجەکانی خۆی دەگات، چونکە بەرخۆدێران ئیمانیان بە باوەڕی خۆیان هێناوە. ئەوان هیچ کاتێک لە مردن ناترسن، بەڵکوو لە ژیانی بەندکراوى دەترسن و ئەمەش واتای ئیمانە و هێزی بڕیاردانی ئەوان نیشان دەدات. "

ر.م