مەقامبێژی گەورە گەلی کورد مێقداد محەمەد کۆچی دوایی کرد

سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ مەقامبێژی گەورەی گەلی کورد مێقداد محەمەد عومەر ناسراوە بە (مامۆستا مێقداد) لە ماڵەکی خۆی لە شاری کەرکووک کۆچی دوایی کرد.

مێقداد محەمەد عومەر ناسراو بە مامۆستا مێقداد-ی مەقام لە تەمەنی ٧٨ ساڵی و دوای بەرەنگارییەکی  زۆر لەگەڵ نەخۆشی  سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە ماڵەکەی خۆیی لە گەڕەکی ئیمام قاسمی  شاری کەرکووک کۆچی دوایی کرد.

مێقداد محەمەد عومەر ساڵی ١٩٤١ لە شاری کەرکووک لە خێزانیکی هونەری لە دایکبووە و هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە لە سەرەتای ساڵانی ٦٠ کان  ڕووی لە تەکییەی تاڵەبانی کردووە. سەرەتاکانی مەقام هەر لەوێ فێربووە و دواتر بۆ هونەری مەقام زۆر شوێنی کوردستان و عێراق گەڕاوە.

مێقداد محەمەد عومەر نەک هەر لە کەرکووک و کوردستان  بەڵکو لە تەواو عێراق و لای مەقامبێژان وەک مامۆستایەکی ئەکادیمی مقام چاوی لیدەکرا. ماوەی ٢٠ ساڵ لە شاری بەغداد ژیاوە و ئاشنایەتیی لەگەڵ  زۆربەی مقامبێژی عەرەبەکانی عێراق دا هەبووە، هەروەها یەکێک لە دامەزرێنەرانی بیت مقام لقی کەرکووک - ناوەندی عەلی مەردران بوو لە کەرکووک.

مامۆستا مێقداد شارەزاییەکی باشی لە تەواوی مەقەماکانی کوردی، عەرەبی و تورکمانی دا هەبوو. لە بواری مەقام دا هونەرمەندانی کەرکوک بەبێ جیاوازی لە نێوان نەتەوەکان زۆرەبەیان سوودیان لە تواناکانی مامۆستا مێقداد وەر گرتوە و لەلای مامۆستا مێقداد وانەی مەقام فێربوون. بە درێژایى تەمەنی دەیان هونەر مەند و مەقامبێژی پەروردە کردبوو.

ژ.ت