'نابێت میری ئێزدیان لەلایەن هێزێکی سیاسییەوە دیاری بکرێت'

ئەنجوومەنی دیموکراتیک و خۆسەری شەنگال و سەرۆک عەشیرەکانی ئێزدی رایانگەیاند، "میرێکی ئێزی کە لەلایەن هێزێکی سیاسییەوە هەڵبژێردرابێت قبووڵ ناکەین. ئێمە لەو بڕویەدا نین کە بتوانێت نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی ئێزدی بکات."

رۆژی شەممە ٢٧ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٥ی گەلاویژ لە لالەش-ی سەر بە دهۆک حازم تەحسین بەگ وەکوو میری نوێی ئێزدیەکان دیاری کرا. کۆمەڵگەی ئێزدی لە بەر ئەوەی بۆچوونی بەشێکی زۆر لە ئێزدیەکان لە دیاریکردنی ئەو میرەدا وەرنەگیرابوو ناڕەزایەتییان دەربڕی. سەبارەت بەوەش ئەنجوومەنى خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال و سەرۆک عەشیرەکانی ئێزدی لە شەنگال لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکە لە شاری خانەسۆر بەرێوەچوو و راگەیاندراوەکە لەلایەن حسێن حاجی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی خۆبەڕیوەبەری شەنگال خوێندرایەوە.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، "دوای ٥ ساڵ لە فەرمانی کۆمەڵکوژکردنى ئێزدییەکان لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ / ١٢ی گەلاویژ دا، ئێستاکەش گەلەکەمان لە ژێر مەترسیی هەڕەشە و هێرشدان. ئێمە هەڵبژاردنی میرێکی نوێى ئێزدی بەو شێوەیە قبوڵ ناکەین. ئێمە ئەو هەڵبژاردنى لەو جۆرەى میری ئێزدی بە هەڵبژاردن لە دەرەوەى ئیرادەى ئێزدییەکان دەزانین. حازم تەحسین بەگ لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە هەڵبژێردراوە، کە بە دوای بەرژەوەندیی سیاسی و تاکەکەسیی خۆیان دا دەگەڕێن. ئێمە لەو بڕوایەدا نین ئەو کەسە بتوانێت نوێنەرایەتیی گەلی ئێزدی بکات. ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی ئێزدی دەکەین کەسێکی شیاو بۆ ئەو ئەرکە هەڵبژێرن. پێویستە کەسێک، کە خزمەتی کۆمەڵگەی ئێزدی بکات و بۆ داهاتووی ئێزدییەکان کار بکات هەڵبژێردرێت. پێویستە میری ئێزدییەکان بەپێى هەلومەرجی هەڵبژاردن بجوڵێتەوە و لەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان راوەستێت و داوای مافی ئێزدییەکان بکات."

سەرۆک عەشیرەکانی ئێزیدی و ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکی شەنگال بانگیان لە ماڵی میرانی ئێزدی کرد، کە وەک ماڵی میرانى ئێزدی بجوڵێنەوە و نەکەونە ژێر کاریگەریەى هەندێک لایەنى سیاسی.

ر.م