نامەی سەرئاوەڵەی زەینەب جەلالیان لە زیندانەوە: ئەم ڕژێمە درۆزن و چەواشەکارە

"ئەم سیستمە درۆزن و چەواشەکارە منیان نەبردووەتە لای پزیشک، بەڵام دۆسییەی پزیشکی-یان بۆ دروست کردووم و لە میدیاکاندا ئەم بەڵگە ساختانە پیشان دەدەن و دەڵێن، زەینەب جەلالیان-مان بۆ چارەسەری پزیشکی بردووەتە دەرەوەی بەندیخانە، ئەمە درۆیەکی گەورەیە".

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد، کە بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکوم کراوە، بە مەبەستی ڕەخنەگرتن لە بارودۆخی تەندروستیى خۆی و بێبەشکردنی لە چارەسەرى پزیشکى نامەیەکی ڕوو لە ڕای گشتی و هەموو ئازادیخوازان بڵاو کردەوە. لە نامەکەیدا نووسیویەتى "ئەم سیستمە درۆزن و چەواشەکارە منیان نەبردووەتە لای پزیشک، بەڵام دۆسییەی پزیشکی-یان بۆ دروست کردووم و لە میدیاکاندا ئەم بەڵگە ساختانە پیشان دەدەن و دەڵێن، زەینەب جەلالیان-مان بۆ چارەسەری پزیشکی بردووەتە دەرەوەی بەندیخانە، ئەمە درۆیەکی گەورەیە".

تۆڕی مافى مرۆڤى کوردستان بڵاویکردەوە، بنکەى تەندروستیى زیندان رێگریى لەوە کردووە، زەینەب جەلالیان بڕوات بۆ لاى پزیشکى ددان بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشییەکانى ددانی.

زەینەب جەلالیان، کە ماوەى ١١ ساڵە لە زیندانەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئیراندایە، مانگى رێبەندانى ساڵی رابردوو لە دژى بێبەشکردنى لە چارەسەرى پزیشکى، مانیگرتووە لە هەر جۆرە دەرمان و چارەسەرکردنى سەرەتایی و تەنانەت دەرمانە ئازار شکێنەکانیش بۆ کەمکردنەوەى ئازارەکانى جەستەى، کە بەهۆى ئەشکەنجەوە تووشى بوون بەکارناهێنێت.

هەفتەى رابردوو ئەو زیندانییە سیاسییە لە دواى چاوپێکەوتنى لەگەڵ بەڕێوەبەرى زیندانى خۆی رایگەیاندبوو، ئەگەر تاوەکو رۆژى شەممە رێگاى چارەسەرکردن و سەردانکردنى پزیشکى پێ نەدەن، رێگاى تر دەگرێتە بەر و ئەوەشى بەرامبەرى روو بدات، بەرپرسانى زیندان لێ بەرپرس دەبن.

دەقی نامەکەی زەینەب جەلالیان بۆ راى گشتی

من ئەم نامەیە بۆ ئەو کەسانە دەنوسم، کە ڕێز لە مافی کەسانی دیکە دەگرن و لە پێناویدا هەوڵ دەدەن.

من ١١ ساڵە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دام و سەرباری چەندین نەخۆشی تاوەکو ئێستا داوای چارەسەری پزیشکیم لەم رژێمە  نەکردووە.

لە پێشدا چاوەکانم، لە پاشاندا گورچیلە و سییەکانم تووشى نەخۆشى بوون و دواتریش تووشی زەختى خوێن بووم. دواى ماوەیەکى تریش تووشی ددانە سپى و نەخۆشیى ناو دەم بوو و بەو هۆیەوە ددانەکانم خراپ بوون و ناچار بووم ئازارێکی زۆر بچێژم. چونکە  ماوەی سێ مانگە داوای چوونە لای دکتۆری ددانم کردووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان هیچ کارێکیان نەکردووە. من وەک زیندانییەکی سیاسی لە هەموو جۆرە مافێک بێبەشم و هەمیشە ناچار بووم لەگەڵ ئازارەکانم ڕابێم وەک دایکێک کە منداڵە نا ئارامەکەی بە لایەلایەکان ئارام دەکاتەوە، ئازارەکانم ئارام کردووەتەوە، چونکا باش دەمزانی ئەگەر داوای چارەسەریش بکەم وەک ئێستا هیچ وەڵامێکم پێ نادەنەوە.

ئەم نیزامە ڕیاکار و درۆزنە، منیان نەبردووە بۆ لاى پزیشک بۆ ئەوەى چارەسەر بکرێم، بەڵام لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا بەڵگەی درۆینەیان بڵاو کردووەتەوە، کە گوایە زەینەب جەلالیانیان بردووە بۆ دوکتۆر. ئەمە درۆیەکی گەورەیە، ئەم نیزامە هیچ بۆنێکی لە مرۆڤایەتی نەبردووە و خراپتر لەمەش وێنەگەلێک کە لە ساڵی  ٢٠٠٧ / ١٣٨٧، لە منیان گرتووە بڵاویان کردووەتەوە، لە ڕاستیدا چەواشەکارییان کردووە هەتا ناوەندە مافی مرۆڵڤ و راى گشتیى پێ فریو بدەن.

ئایا ئەشکەنجەدانم و ڕاگرتنم لە ژووری تاکەکەسیی شێدار، مەحروم کردنم لە مەلاقات و تەلەفۆن بەس نەبووە، کە بۆ سادەترین  داواکارییەکانم دەیان مەرجیان دادەنا. وەک جەلادێک کە سەری لە جەستەم کردبێتەوە بە زەردەخەنەیەکی نەرمەوە داوای لێدەکردم هەستم و بڕۆم، ئەمە چ جۆرە هەڵسوکەوتێکی پیسە کە ئەم جەلادانە لەگەڵ من ئەنجامی ئەدەن.

ئایا ئەگەر کەسێک وەک ئەم جەلادانە بیر نەکاتەوە و ڕەفتار نەکات، دەبێت بمرێت؟ یان لە زینداندا دابڕزێت؟ ئەم لۆژیکە ڕەشە حاشا کردنە لە سروشت. ئەی چارەنووسی ئەم هەموو ڕەنگ و جیاوازییانە چییان بەسەر دێت؟ ئایا ئەگەر کەسێک وەک ئەم جەلادانە تینوی خوێن نەبێت دەبێت بمرێت؟

ئەی جەلادەکان دەنگی ئازادیخوازیی من لە پشتی میلەکانی زیندانەوە دەبیستن؟ بهێڵن ئەرخەیانتان بکەم، کە من بە جەستە خەباتم نەکردووە، کە ئەفسوسی ئەوە بخۆم، کە جەسەتەم لە زینداندایە، کەسێکی ئازاد بە بیر و ئەندێشەی خەبات دەکات نەک بە جەستەی، خۆشبەختانە ئێوەی جەلادەکان ناتوانن بیری هیچ ئازادیخوازێک زیندانی بکەن.

بۆ من تەنانەت مردن و ئازارکێشان لە ڕێگای ئازادیدا بەنرخە. لە ڕاستیدا ئێوە لە ڕیشەی خۆتان دەدەن و هەموو هەوڵەکانی ئێوە بێسوود بووە و ناچاریشین بە تێکشکان.

هیچ کەس و هیچ شتێک ئەوەندە بەهێز نییە، کە بتوانێت من لە گەیشتن بە ئامانجەکانم ڕابگرێت. بە تەنها خۆم لە هەمووان بەهێزترم و درێژە بە ڕێگاکەم دەدەم.

بە سپاسەوە

زەینەب جەلالیان

زیندانی خۆی

جۆزەردانی ١٣٩٧ – ئایاری ٢٠١٨

ر.م