نووسەرانی کەرکوک پشتیوانیی خۆیان بۆ هەدەپە دووپات دەکەنەوە

نووسەرانی شاری کەرکوک پشتیوانی لە هەدەپە دەکەن و دەڵێن، تورکیا لە چوارچێوەی دیموکراتی دەرچووە.

نووسەرانی شاری کەرکوک پشتیوانی لە هەدەپە دەکەن بۆ داکۆکیکردن لە مافی خۆیان و گەلەکەیان داواش دەکەن شەقامەکان چۆل نەکەن و پەرە بە چالاکییەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە مافی خۆیان.

"هەدەپە پارسەنگیی یەکلایکردنەوەی دەنگەکانی تورکیایە"

هیمداد شاهین نووسەر و سیاسەتمەداری شاری کەرکوک دەربارەی دۆخی ئێستای باکوری کوردستان و رۆڵی هەدەپە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: "ئەو دۆخەی ئێستا لە باکوری کوردستان هەیە، ئەو کودەتایەی ئاکەپە بە سەرکردایەتیی ئەردۆغان کردی ئەو نیشان دەدات، کە هەدەپە پارسەنگیی یەکلایی کردنەوەی دەنگەکانی تورکیایە بۆ نموونەی ئەوەی دەنگەکانی یەکلایی کردەوە لە ئەستەنبول هەدەپە بوو."

"بە شانازییەوە پشتیوانی لە هەموو دەنگێکی ئازاد دەکەم"

هەروەها هیمداد شاهین وتیشی: "بە شانازیەوە پشتیوانی لە هەموو دەنگێکی ئازاد دەکات و خاباتی ئازادیخوازیی نەتەوەکان لە هەر شوێنێک بێت ئەنجامی هەر سەرکەوتنە."

هیمداد شاهین دەربارەی رەوایی هەدەپە ئەوەشی وت: "ئەوەی لە باکوری کوردستان نوێنەرایەتیی کەیسی سیاسی گەلی کورد دەکات هەدەپە-یە و هەدەپەش لەسەر هەقە و پێشموایە ئەگەر هەموو دونیا دژایەتیی هەدەپە بکات هەدەپە هەر سەردەکەوێت وەکو رێبەر ئۆجەلان دەڵێت، 'ئەگەر هەموو جیهان دژت بێت و لەسەر هەق بیت ئەوە سەردەکەویت و ئەگەر هەموو جیهان لەگەڵت بن و لەسەر هەق نەبی ئەوە هەر ئەکەویت' ."

سمکۆ بەهرۆز نووسەر و مێژوونووسی شاری کەرکوک لەوبارەیەوە وتی: "پێوەری دیموکراتی لە ئێستادا یەکێکە لەو پێوەرە گرنگانە، کە لە گۆڕەپانی جیهان بەتایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان حیسابی بۆ دەکرێت، چونکە بەو پێوەرە دیموکراتیانە حکومەت و سەرۆک وڵاتەکان و شارەوانیەکان هەڵدەبژێردرێن."

بەدەستهێنانی سەرۆک شارەوانیەکانی باکوری کوردستان مافی رەوای هەدەپە-یە

هەروەها سمکۆ بەهرۆز وتی: "یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانەی کە هەدەپە کردی لەسەر ئەو پێوەرە دیموکراتیانە بوو کە بە دەنگی گەل بە مافی رەوای خۆی سەرۆک شارەوانیەکانی بەدەست هینا، بۆیە سەرکەوتنی هەدەپە و بەدەستهێنانی سەرۆک شارەوانییەکانی باکوری کوردستان مافی رەوای خۆیەتی."

"تورکیا لە چوارچێوەی دیموکراتیانە چۆتە دەرەوە"

هەروەها سمکۆ بەهرۆز دەربارەی سیاسەتی ئەمڕۆی تورکیا وتی: "تورکیا بە لێسەندنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی باکوری کوردستان لە هەدەپە لە چوارچێوەی دیموکراتیانە چۆتە دەرەوە و لە ئێستادا تورکیا سیاسەتێکی ئیسلامیی نا دیموکراتی پەیرەو دەکات، کە هەموو پێوەرێکی دیموکراتی تێپەڕاندووە."

دژی سەپاندن و دانانی قەیومم

لە کۆتایشدا سمکۆ بەهرۆز دەربارەی هەلوێستی خۆی وەکو نووسەرێک ڕایگەیاند: "هەڵوێستی من لەگەڵ ئەو کەسانەیە داوای مافی هەدەپە دەکەن و پشتگیریی هەدەپە دەکەم، دژی سەپاندن و دانانی قەیومم لە باکوری کوردستان پشتگیری ئەوانەش دەکەم کە دژی یاسای دانانی قەیومن .''

لە هەر شوێنێک کورد مافی خورابوو پێویستە ئێمە پشتیوانیی بکەین

ستار جەباری نووسەر و شارەزای مێژوو بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وت: " نەک تەنها پشتیوانیی هەدەپە دەکەین، بەڵکو لە هەر شوێنێک کورد مافی خورابوو پێویستە ئێمە پشتیوانیی بکەین و بڕژێینە سەر شەقامەکان بۆ داواکردنی مافی رەوای گەلەکەمان،

هەدەپە تەنها داوای مافی خۆی دەکات و مافی کەسی دیکەی نەخواردووە، بەڵکو هەدەپە خۆی مافی خوراوە."

"بەهۆی دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورک بە درێژایی مێژوو کورد مافی خوراوە"

هەروەها ستار جەباری وتی: " دەوڵەتی تورک نەک تەنها مافی کوردی باکوری کوردستانی خواردووە بەلکو بەهۆی دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورک بە درێژایی مێژوو کورد مافی خوراوە، بۆ نموونە کاتێک کوردستانی سوور دروست دەبێت لە یەکێتیی سۆڤیەت کەمال ئەتاتورک دەچێتە لای بەلشەڤییەکان و لەگەڵیان ڕیکدەکەوێت و هەرەس بەو کوردستانە دەهێنێت و دواتر شۆڕشەکانی دیکە وەکو شۆڕشی ئاگری داغ بە ئاگر و ئاسن لەناو دەبات."

"داواکارم شەقامەکان چۆڵ نەکەن و پەرە بە چالاکییەکانیان بدەن"

لە کۆتایشدا ستار جەبای وتی: "بەداخەوە دەوڵەتی تورک بە درێژایی مێژوو مافی کوردیان خواردووە و باوەڕیان بە ئاشتی نەبووە، من لێرەوە پشتگیریی خوشک و برایانمان دەکەم لە هەدەپە و داواکارم شەقامەکان چۆڵ نەکەن و پەرە بە چالاکییەکانیان بدەن تا رژێمی تورک دێننە سەر چۆک."

ژ.ت