نوێنەرى دەوڵەتى تورکیا لە باسان؛ بیهۆ ئاغای سەرۆک جاش

بەهائەدین ئاکتوگ سەرۆک چەتە و سەرۆک جاش لە باسانی شرنەخ ماوەى ٢٩ ساڵە سەرۆک شارەوانیشە. هەموو خزمەکانى لە دامودەزگاکانى دەوڵەتدا لە باسان خستووەتە سەر کار. بنەماڵەکەشی لە ناوچەکەدا نوێنەر و هێماى دەوڵەتى تورکیان.

 ناوچەى باسان لە پارێزگاى شرنەخ ٢٧ گوند و شارۆچکەیەک لە خۆ دەگرێت. ١٢ هەزار دانیشتوى هەیە. بەهائەدین ئاکتوگ لە عەشیرەى هارون، کە بە بیهۆ ئاغا ناسراوە ماوەى ٢٩ ساڵە سەرۆک شارەوانیى باسانە.

٢٩ ساڵە سەرۆک شارەوانیى باسانە

ئاکتوگ سەردەمى حیزبی رێگاى راست (DYP) ٤ جار و لە سەردەمى ئاکەپەدا ٢ جار بووە سەرۆک شارەوانیى باسان، بەڵام تەنها سەرۆک شارەوانیى نیە، بەڵکو هەموو دامودەزگاکانى دەوڵەتى لەو ناوچەیەدا کۆنترۆڵکردووە بۆ بنەماڵەکەى.

ئاکتوگ ساڵی ١٩٤٨ لە دایکبووە و "لەو رۆژەوە باسان بووە بە شارۆچکە ئەو سەرۆک شارەوانیى ئەو شارۆچکەیەیە". هاووڵاتییانى ئەو ناوچەیە دەڵێن، ئەگەر ئەو شتێکى بە دڵ نەبێت بە هیچ شێوەیەک ئەوە شتە ناکرێت و ئەنجام نادرێت. لەو کەسانەوە بگرە، کە لە دامودەزگانى ئەو ناوچەیەدا کار دەکەن تاوەکو دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتى هەمووی لە دەستى ئەودایە و بە فەرمانى ئەو ئەنجام دەدرێن. تەنانەت ئەگەر قائیمقام و فەرماندە سەربازییەکانى ئەو ناوچەیە بەپێى 'سیستمەکەى ئاکتوگ نەجوڵێنەوە' لەسەر کار لادەبرێن و دەگۆڕدرێن.

کار و پۆستی کوڕ و کچ و خزمەکانى

محەمەد ئاکتوگ کوڕی بەهائەدین ئاکتوگ سەرۆک جاشە. ئەحمەدی کوڕی بەڕێوەبەری پەروەردەى نەتەوەیى ناوچەکەیە. هشیار ئاکتوگ کوڕەکەى تری یەکێک لە ئەندازیارانی بەندانى ئیلی سووە. سەڵاحەدین و بورهانى کوڕیشی هەموو تەندەرەکانى بیناسازی و نۆژەنکردنەوەى بینای فەرمانگە و دامودەزگا فەرمییەکانى دەوڵەتیان لەو ناوچەیەدا بۆ دەردەچێت و دواتر دەیفرۆشنەوە بە کۆمپانیا جێبەجێکارەکان. کارەکانى دروستکردنى رێگاوبان و بنکە سەربازییەکان لەلایەن سەڵاحەدین و بورهان ئاکتوگەوە جێبەجێ دەکرێن. راهشانی کچیشی بە شێوەى فەرمی فەرمانبەری نەخۆشخانەى دەوڵەتە لە باسان، بەڵام بە کردەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەیە. برازایەکیشى لە فەرمانگەى باجی باسان و نەوەیەکیشی لە رێکخراوى ئەنجوومەنى هاوکاریکردنى کۆمەڵایەتیدایە و چەندین کەسی تریش لە بنەماڵەکەى لە دامودەزگاکانى دەوڵەتدا لەو ناوچەیە خستووەتە سەر کا.

قائیمقام لەلایەن بیهۆ ئاغاوە دەستنیشان دەکرێت و دواتر دادەنرێت

دانیشتوانى ناوچەکە باسی ئەوە دەکەن، قائیمقامى ئەو ناوچەیە ناچارە بەپێى خواست و داوای ئاکتوگ بجوڵێتەوە و دەڵێن "ئەگەر قائیمقام بەگوێى نەکات ناتوانێت لە ناچەکەدا لەسەر کارەکەى بمێنێتەوە".

باسی ئەوەشیانکرد، ساڵی ٢٠٠٤ سەڵاحەدین و بورهانى کوڕی بیهۆ ئاغا هێرشیان کردە سەر ڤورال کاراگیول قائیمقامى ئەو ناوچەیە و لێیاندا. لە دواى لێدانى قائیمقام، سەڵاحەدین و بورهان ئاکتوگ دەستگیرکران، بەڵام دواى ماوەیەکى کەم و بەخێرایى بەردران.

 کۆمەڵکوژیی ئەنجامداوە

لە ١٥ى کانوونی دووەمی ١٩٩٦دا لە باسان ١١ کەس لە پاسێکدا دەستڕێژى گولـلەیان لێکرا و کوژران و دواتر ئاگریان تێبەردرا و سوتێنران، بیهۆ ئاغا لەو کاتەدا هەم سەرۆک شارەوانیى باسان بوو و هەم سەرۆک جاشیش بوو.

زۆر هەوڵیاندا ئەو کۆمەڵکوژییەى باسان بخەنە ئەستۆى پەکەکە، بەڵام ئاشکرا بوو ئەو چەکانەى کۆمەڵکوژییەکیان پێ ئەنجامدراوە چەکى جەردەوان و جاشەکان بووە. شاهیدەکانى رووداوەکەش رایانگەیاندبوو، دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەکان بەرپرسیارى کۆمەڵکوژییەکەن.

چەند کەس لەوانەى لە کۆمەڵکوژییەکەدا کوژرابوون، جەردەوان بوون. دواتر ئاشکرابوو ئەو جەردەوانە کوژراوانە پێش کوشتنەکەیان دەستگیرکرابوون، چونکە داوایانکردبوو چەکى جەردەوانى دابنێن. لەسەر ئەوەش دەستیگرکرابوون و هەڕەشەیان لێکرابوو.

لە دادگاکانى تورکیادا لەبارەى ئەو کۆمەڵکوژییەوە هیچ ئەنجامێک بەدەست نەهات و کۆمەڵکوژییەکە روون نەکرایەوە، بەڵام کاتێک دۆسیەکە برایە دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا، دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا دەوڵەتى تورکیاى بەهۆی ئەنجامدانى ئەو کۆمەڵکوژییەوە مەحکوم کرد.

عەدنان ئەکمەن وەزیرى ناوخۆی دەوڵەتى تورکیا لە کاتى ئەو رووداوەدا و لە دواى ١٣ ساڵ رایگەیاند، کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن هەواڵگریى سەربازیى دەوڵەتى تورکیا (ژیتەم - JÎTEM)ەوە ئەنجام دراوە.

ر.م