نوێنەری گوندەکانی بناری قەندیل سەردانی هێزەکانی زینی وەرتێیان کرد

نوێنەری گوندەکانی بناری قەندیل سەردانی هێزەکانی یەکێتی و هێزە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتیان کرد لە زینی وەرتێ، داوایان لێکردن، لەو ناوچەیە بکشێنەوە و دۆخی ناوچەکە ئارام بکەنەوە، هێزەکانی پێشمەرگەش بەڵێنیاندا داواکارییەکەیان بە بەرپرسانی سەرو خۆیان بگەیەنن.

ئەمڕۆ ۱۲ کەس لە پیاو ماقوڵ و کەسایەتی و ڕۆشنبیر و ژنانی بناری قەندیل بە نوێنەرایەتی گوندنشینانی بناری قەندیل، سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد لە زینی وەرتی و لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو هێزەکەوە دانیشتنیان ئەنجامدا، لە نامەیەکیشدا دواکاریی هاوڵاتیانی بناری قەندیلیان دایە ئەو هێزانە.

لە نامەی هاوڵاتیانی بناری قەندیل-دا هاتووە: ئێمە وەکو دانیشتوانی بناری قەندیل داواکارین لە هەر سێ لایەن، وەکو خاوەنی ئەزموونی شۆرش و خاوەنی هەزاران شەهید لە پێناو کوردستانی ئازاد و سەربەخۆ تێکۆشانتان کردووە ئێستاش ئەو بارودۆخە هەستیارە کە گەلی کورد تێیدا ژیان دەکات پێویستی بە یەکرێزی ناو ماڵی کورد هەیە، ئێوەی بەرێزانیش لە بەرامبەر دەستکەوتەکانی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانین و داوا دەکەین بە ئەرکی مێژوویی خۆتان هەستن.

لە درێژەی نامەکەدا هاتووە: هەڵقوڵاو لە خواست و ناڕەزایەتی جەماوەری و ڕای گشتی کوردستان و خەڵکی ناوچەکە و بە تایبەت خەڵکی بناری قەندیل، داواکارین سەرجەم هێزە چەکدارەکان لەسەر زینی وەرتێ پاشەکشە بکەن و بە زووترین کات بارودۆخی شوێنەکە هاوشێوەی بەر لە سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆرۆنا و هاتنی ئەو هێزە چەکدارانە ئاسایی بکرێتەوە.

هەر لە نامەکەدا هۆشداریی درابووە لایەنەکان ئەگەر پاشەکشێ بەو هێزانە نەکرێت، ئەوا دانیشتوانی بناری قەندیل کۆکن لە سەر ئەوەی فشاری جەماوەری بەرفراوان بۆ سەر زینی وەرتێ ڕێکبخرێت و فشاری جەماوەری و مەدەنی هێزە چەکدارەکان ناچار بە پاشەکشە بکرێن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پارێزراوی ناوچەکە لە مەترسی هەر بەریەککەوتنێکی چەکداری و پیلانگێری دەزگا هەواڵگرییە دەرەکییەکان.

دوای کۆبوونەوەکە و ڕادەستکردنی نامەکە سەلمان کۆچەری بە نوێنەرایەتی شاندەکە قسەی کرد و ڕایگەیاند: پەیامی ئێمە بۆ هەر سێ هێزەکە پەیامی ئاشتی و بڕایەتی و پێکەوە ژیان بوو، داوامان لەو هێزانە کرد لەو شوێنە بکشێنەوە و بارودۆخەکە بگەرێتەوە پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە هەموومان دەزانین ناوچەی زینی وەرتێ و دەوروبەری ناوچەیەکی ئارامە و پێویستی بە هێز نییە شوێنەکە نە سنووری ئێران و نە سنووری تورکیایە، بۆیە داواکارین سەرجەم هێزەکان تەبایی نێوانیان بپارێزن، یەک دەنگ بن هەر کاتێک تەبا بین داگیرکەران ناتوانن زەفەرمان پێ ببەن، ئەگەر ئەو تەبایی و یەک ڕیزییە نەبی بێگومان دوژمنان درز دەخەنە ناو یەک ڕێزیی و دواجار دوژمنان و بە تایبەت تورکیا سود لە ناکۆکی نێوانمان دەبینن.

کۆچەری لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لەکاتی سەردانی ئێمە بۆ لای هێزەکان پێشوازی باشیان لێکردین و داخوازییەکانی خەڵکی بناری قەندیلیان وەرگرت و پێیان ڕاگەیاندین کە پەیامی ئێمە بە سەرو خۆیان دەگەیەنن، بۆیە ئێمە وەک دانیشتوانی بناری قەندیل بریارمان داوە ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانمان نەدرێنەوە بە فشاری مەدەنی و جەماوەری زیاتر و چالاکی مەدەنی هەوڵەکانمان چڕتر دەکەین تا ئەو هێزانە ناچار بە کشانەوە دەکەین.

ز.ش