هاوسەرۆکی ئه‌نجومه‌نی بەڕێوه‌بەری كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) بەسێ هۆزات سەبارەت بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوا.
هۆزات باسی لەوە کرد، ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری شاره‌وانییه‌كان و خوولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی ئیسته‌نبووڵ له ٢٣ی حوزەیران، ناوی پڕۆسه‌یه‌كی نوێیه له توركیا. گوتیشی، «پێشکەوتن هەیە و بەردەوامیش ده‌بن. دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە دان به‌م ڕاستییه‌شدا نه‌نێت هیچ له ئەنجامه‌كه ناگۆڕێت. هەڵوەشانی ئەم دەسەڵاتە فاشیستە به‌خێرایی به‌رده‌وامه.»
«شكستی سیاسەتی دەرەوە بەهۆی دوژمنایەتیكردنی کورده»
هۆزات ڕایگه‌یاند، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە هەم لە سیاسەتی ناوخۆ و هەم لە سیاسەتی دەرەوە شكستی هێناوه. گوتی، «هەوڵ ده‌ده‌ن خۆیان بە بەهێزی و سەرکەوتوویی نیشان بدەن، بەڵام ڕاستییه‌كه‌ی بەم شێوەیە نییە. هۆکاری سەرەکیی کێشەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیاش، سیاسه‌تی دوژمنایەتیكردنی کورده له‌لایه‌ن ئاكه‌په. دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی دوژمنایەتیكردنی کورد بەڕێوە ده‌بات. هەموو هه‌وڵه‌كانی بۆ ئه‌وه‌یه پشتیوانیی ده‌ره‌كی به‌ده‌ست بێنێت بۆ سیاسەتی لەناوبردنی کورد.»
گوتیشی، «سیاسەته‌كانی دوژمنایەتیكردنی کورد له‌لایه‌ن توركیا، له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌ی ناوچه‌كه نایه‌ته‌وه. بۆیه ده‌بێته هۆکاری ئەوەی لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا، ئەورووپا و ناتۆ تووشی کێشەی جددی بێت. لەبەرئەوەی ئەو هێزە ڕۆژئاواییانە په‌یوه‌ندییان لەگەڵ کورد و سوودوەرگرتنیان لە کورد زیاتر له بەرژەوەندیی خۆیان ده‌بینن.»
«سەرچاوەی کێشەکانی توركیا لەگەڵ وه‌ڵاتانی ڕۆژئاوا، دوژمنایەتیكردنی کوردە»
به‌سێ هۆزات ڕایگه‌یاند، «تورکیا تاکو ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا و ناتۆ سیاسەتی هەرێمیی بەڕێوە برد. تاکو ئەو کاتە کێشەی زۆری نەبوو. په‌یوه‌ندیی ئاکەپە لەگەڵ داعش، ڕزگارکردنی کۆبانێ لە لایەن یەپەگە و یەپەژە لە ده‌ستی داعش و لەناوبردنی داعش بوو به هۆکاری دروستبوونی كێشه‌ی جددی له‌نێوان ئاکەپە و ئه‌مه‌ریكا. لەبەرئەوەی سەرکەوتنی کۆبانێ گورزێكی گه‌وره‌ی لە هاوکاریی ئاکەپە بۆ داعش دا. ئه‌مه‌ریكا و ناتۆ لەو كاته‌وه له دژی داعش جوڵانه‌وه و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان پشتیوانی‌یان له شەڕی هێزه‌كانی سووریای دیموکراتی (QSD) دژبه داعش كرد. گۆڕانی سیاسەتی ئه‌مه‌ریكا و ناتۆ به‌گوێره‌ی بەرژەوەندیی سیاسی و پارادایمی ئاکەپە نەبوو. ئاکەپە ویستی پشت به داعش ببه‌ستێت و لە سووریا و ناوچەکە ببێته هێزێکی ئیمپڕیالی داگیرکەر. ئەردۆغان خۆی وەک خەلیفەی داعش ده‌بینی.»
به گوته‌ی هۆزات، ئەو سیاسەته‌ی نوێ-عوسمانی كه له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه ناگونجێت، توركیای له سووریا و ناوچه‌كه خستووه‌ته دۆخێكی چه‌قبه‌ستوو.
گوتی، «دەوڵەتی تورک بە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، ده‌یه‌وێت سوود له هه‌لومه‌رجی جەنگی جیهانیی سێیەم، ناکۆکیی نێوان ڕێكخستنه كوردیه‌كان و پارچەبوونی کورد وەربگرێت و سیاسەتی لەناوبردنی کورد سه‌ربخات. ده‌یه‌وێت لە سەده‌ی ٢١دا نەهێڵێت کورد ببێتە خاوەن ستاتۆیەکی سیاسی. بۆ ئەوەی دەسکەوته‌كانی کورد هه‌میشه‌یی نەبن، لە هه‌موو پارچه‌كان بە شێوه‌یه‌كی هار هێرش ده‌كاته سه‌ر كورد. کێشە گەورەكانی لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا و ناتۆ قبوڵ کردووه و سیستمی موشەکی به‌رگریی ڕووسیا ئێس-٤٠٠ (s-400)ی وەرگرتووە. ئەمانه هەمووی پەیوەندی بە سیاسەتی دوژمنایەتیكردنی کوردەوە هەیە.»
به‌سێ هۆزات ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ڕووسیا بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خۆی ده‌چه‌سپێنێت، تورکیا ڕازی ده‌كات. ڕووسیا بۆ خۆی وەک سەرکەوتنێک ده‌بینێت کە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ و هاوپه‌یمانێكی ستراتیژی ئه‌مه‌ریكا بخاته دۆخێكه‌وه کە لەگەڵ ناتۆ و ئه‌مه‌ریكا له ناكۆكیدا بێت.
«تورکیا ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ناتۆ بێت»
هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌جه‌كه وه‌بیری هێنایه‌وه كه ناتۆ لە دژی ڕووسیای سۆڤیەت و سۆسیالیزم دامه‌زراوه. گوتی، «ئێستا ڕووسیا سۆڤیەت نییە، دونیایه‌كی پێكهاتوو له دوو دژبەریش نییە. دونیایه‌كی سەرمایەدار-ئیمپریالیستی جیهانگر هەیە. بۆیه بیانووی دامه‌زراندنی ناتۆ لاواز بووه. تورکیا ده‌یه‌وێت سوود لەم دۆخه‌ی ناتۆ وەربگرێت. دۆخه‌كه بەم شێوەیەش بێت ئێمە دواتر ده‌بینین کە ئایا ناتۆ ئەو هەڵوێستەی تورکیا چه‌نده قبووڵ ده‌كات کە بڕیاری تاکلایه‌نه ده‌دات و بنه‌ماكان پێشێل ده‌كات. ئەمە بەئاسانی قبووڵ ناکات. جیهانی ڕۆژئاوا کە تورکیای دروست کرد، بێگومان ده‌زانێت کە چۆن تورکیا بەکار بێنێت. وەکو دی، تورکیاش ئەو وڵاتە نییه کە ده‌ستبه‌رداری ناتۆ بێت. لەو شتانە ده‌ترسێت کە دوای دابڕان لە ناتۆ و جیهانی ڕۆژئاوا تووشی ده‌بێت. لەبەرئه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستای لەگەڵ ڕووسیا وەک هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بەکار دێنێت. به‌ڵام مومكین نییه ئه‌م دۆخه ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام بێت. ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لایه‌ن بەڕێوەی ده‌بات، مه‌یدانی جموجۆڵه‌كانی به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه. تورکیا تاکو دوژمنایەتی کورد بکات، له سیاسه‌تی ناوخۆ و دەرەوه‌یدا سه‌قامگیر نابێت. هه‌میشه کێشە ڕووبه‌ڕووی تورکیا ده‌بنه‌وه. سیاسەتی دوژمنایەتیكردنی کورد له كۆتاییدا ده‌بێته هۆی چه‌قبه‌ستنی توركیا و له‌ناوی ده‌بات.
«چارەسەر ڕزگاربوونە لە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە»
هۆزات ڕایگه‌یاند، هه‌تاكو لە تورکیا کێشەی کورد به شێوه‌یه‌كی دیموکراتی چارەسەر نەکرێت، ئەوا هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت. گوتیشی، چارەسەری دیموکراتیی کێشەی کورد و دیموکراتیبوونی تورکیا پێكه‌وه گرێدراون.
به‌سێ هۆزات گوتی، «بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە تورکیا، پێویستە كۆتایی به دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە بهێنرێت، سیاسەتێکی دیموکراتی بئافرێنرێت. ئه‌ركێكی سەرەکیی هێزە دیموکراتییه‌كانی تورکیا ئەوەیە ئەلتەرناتیڤی سیاسیی دیموکراتی بونیاد بنێن.
«ئەو شەڕەی لە باشوور ده‌كرێت شەڕی لەناوبردنی کوردە»
بەسێ هۆزات باسی لە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان و گوتی، دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە لە دژی کورد شەڕی لەناوبردن ده‌كات. هێرشی داگیرکاریی بۆ سەر باشوور بەشێکە لەمە. هه‌رچه‌نده هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز پیشانی ده‌ده‌ن كه شه‌ڕی باشوور شه‌ڕێكی قڕكردنه.ده‌وڵه‌تی تورك، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە ده‌یه‌وێت لە چوارچێوەی پیلانی میساقی میللی، باشوور داگیر بکات.
«بە تێگەشتنی نوێ-عوسمانی هەوڵ ده‌ده‌ن سوود لە هەلومه‌رجی شەڕی جیهانیی سێیەم وەرگرن و لەسەر لەناوبردنی کورد پیلانی میساقی میللی جێبه‌جێ بكه‌ن. پەکەکە لە به‌رانبه‌ر ئەم ئامانجەیان وەک به‌ربه‌ستێكی گەورە ده‌بینن. بۆیه بە هەموو شێوەیەك هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر په‌كه‌كه. هەموو کەس باش ده‌زانێت کە هۆکاری هەبوون و دامەزراندنی پەکەکە لە دژی ئەو هێرشانەیە کە ده‌یانه‌وێت کورد لەناو ببه‌ن، هه‌روه‌ها وەرگرتنی مافه دیموکراتییه‌كانی گەلی کورد. پەکەکە و گەلی کورد یەکن. هێرش لە دژی پەکەکە هێرشە لە دژی گەلی کورد. لەبەرئه‌وه هێرشه داگیركارییه‌كانی دژبه باشوور ته‌نها یه‌ك واتایان هه‌یه، ئه‌ویش قڕكردنی باشووره. لێدوانه‌كانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان (په‌ده‌كه) کە ڕەوایەتی ده‌ده‌نه ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا، هه‌ڵوێستی ئەوان لە بەرامبەر ده‌وڵه‌تی سه‌ركوتكار پیشان ده‌دات. ئەو هەڵوێستە زیان به بەرژەوەندییه نەتەوەییه‌كان کورد ده‌گه‌یه‌نێت. پێویستە په‌ده‌كه له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگه هەڵەیە بگەڕێتەوە.»
«هەوڵ ده‌دات له‌نێوان په‌ده‌كه و پەکەکە شەڕ هه‌ڵگیرسێنێت»
هۆزات ڕایگه‌یاند، «دەوڵەتی تورک بە ساڵانە سیاسەتێکی وه‌ها بەڕێوە ده‌بات کە کوردان لە یەکتر داببڕێت، ناکۆکی بخاته نێوانیان، به‌گژ یه‌كیاندا بكات، سوود له‌مه وه‌رگرێت و له‌پێناو قڕكردن سیاسەتی داگیركاری بەڕێوە ببات. ده‌یه‌وێت به‌م شێوه‌یه ببێته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م یەکێتیی دیموکراتیی کورد. دەوڵەتی تورک نایەوێت کورد یەک بگرێت، نایەوێت یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیی کورد دروست بێت. باش ده‌زانێت کاتێک کورد یەک بگرن ناتوانێت درێژه به سیاسەتی لەناوبردن بدات. بە شەڕی نێوان کوردان ده‌یه‌وێت درێژه به سیاسەتی نكۆڵی و لەناوبردن بدات. ئێستاش هه‌وڵێكی گەورە ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێوان په‌ده‌كه و پەکەکە، له‌نێوان پێشمەرگە و گەریلادا شەڕ هه‌ڵگیرسێنێت. پێویستە په‌ده‌كه نەکەوێتە ئەو هەڵەیەوە. ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە. پەکەکە مسۆگەریی دەسکەوتەکانی باشووری کوردستانه. هێزی سه‌ره‌كیی مانه‌وه‌ی په‌ده‌كه‌شه. هی ڕاست ئەوەیە کە لەم قۆناغه‌دا هەڵوێستێکی نەتەوەیی هاوبەش پیشان بدرێت کە یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی بئافرێنێت. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی کە ده‌ستكه‌وته‌كانی کورد ده‌پارێزێت و مافه‌كانی کورد مسۆگه‌ر ده‌كات، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یه. کات کاتی یەکێتیی نەتەوەییە. ئێستا قۆناغی ئه‌وه‌یه بە کۆنگرەی نەتەوەیی، یەکێتیی دیموکراتیی نەتەوەیی شكۆدار بكرێت. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه، ده‌بێته ئامرازێكی ڕژێمی قڕكه‌ر كه دوژمنی کورده.»
«هەڵوێستی گەلی باشوور گرنگه»
به‌سێ هۆزات گوتی، «ئەرکێکی گرنگ ده‌كه‌وێته سەر شانی گەله‌كه‌مان. گەلی کوردستان ئیدی ئەو گەلەی پێشوو نییه. بەقوورساییه‌وه بووه‌ته خاوەن هەست و هۆشمەندیی نەتەوەیی. گه‌یشتووه‌ته ئاستێک کە ئه‌و هێزانه‌ی كه‌وتوونه‌ته ناو خیانەت، بەئاسانی بیانهێنێتەوه سەر ڕێگه‌ی ڕاست. ئەگەر ڕۆشنبیر، نووسەر، هونەرمەند، هێزه دیموکراتی و کۆمەڵایەتییه‌كان، گەلی ئێمە لە باشوور ئیرادەی یەکێتیی نەتەوەیی خۆیان بە بەهێزی پیشان بده‌ن، لە دژی داگیرکاری فاشیستی تورک بە شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه بەرخۆدان بکەن، ئه‌وا پیلانه‌كانی قڕكردن شكست دێنن.»
«پەکەکە بۆ هه‌موو فیداکارییه‌ك ئامادەیە»
هۆزات ڕایگه‌یاند، «ئەگەر په‌ده‌كه هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌ی خۆی بگۆڕێت و بە شێوه‌یه‌كی نەتەوەیی مامەڵە بکات، ده‌توانێت بەئاسانی خۆی له پەکەکە نزیك بكاته‌وه، ڕێككه‌وتنی نەتەوەیی دیموکراتی دێته ئاراوه. بەو شێوەیەش ده‌كرێت کۆنگرەی نەتەوەیی دروست بێت و یەکێتی نەتەوەیی بئافرێت. پەکەکە ئێستا لە هەموو کات زیاتر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئامادەیە. ئەمڕۆ ئامادەی هه‌موو فیداکارییه‌كه.»
«ئاکەپە بە خێری ئیداره‌ی باشوور لەسەرپێ ماوه‌ته‌وه»
هاوسەرۆکی ئه‌نجومه‌نی بەڕێوه‌بەری کەجەکە بەسێ هۆزات له درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی لەوە کرد کە ڕژێمی ئاکەپە لە سایەی ئیداره‌ی باشووری کوردستان لەسەرپێ ماوه‌ته‌وه. گوتی، «جوگرافیای باشووری کوردستان دەڤەرێکی زۆر زه‌نگینه. هەرێمێکە کە دەرفەتی كشتوكاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵی زۆره. خاوەن بەروبومێکە کە ده‌توانێت خۆی تێر بکات. داهاتێكی زۆری هه‌یه. بەڵام لەبەرئەوەی بە شێوه‌یه‌كی ڕاست، پلانڕێژكراو و ماوه‌درێژ بۆ گەل بەکار ناهێنرێت، ئەو به‌هایه به‌بێ هۆکار لەناو ده‌چێت. پێشکەشی تورکیا ده‌كرێت. باشوور پێویستی بە تورکیا نییە، به‌ڵكوو تورکیا پێویستی بە باشوورە. ئەگەر یەک ڕۆژ سووته‌مه‌نی نەچێت بۆ تورکیا و تورکیاش شمه‌كه بێ نرخه‌كانی خۆی لە باشوور نەفرۆشێت، دەسەڵاتی ئاکەپە ناتوانێت یەک مانگ خۆی ڕاگرێت.»
ڕاشیگه‌یاند، «دەسەڵاتی ئاکەپە بە ساڵانە هەم لە ڕووی ئابوورییه‌وه هەم لە ڕووی سیاسییه‌وه بە پشتگیریی ئیداره‌ی باشوور لەسەر پێی خۆیەتی. ئەم شەڕی سه‌ركوتكردنه‌ش بە هاوکاری په‌ده‌كه ده‌كات. ئه‌گه‌رنا هاتنی بۆ خواكورك له‌لایه‌كه‌وه، ناتوانێت هه‌نگاوێكیش بێته نێو خاكی باشوور.»
بانگەوازێك بۆ یه‌نه‌كه
دەربارەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یه‌نه‌كه) به‌سێ هۆزات ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، یه‌نه‌كه لە دوای جەلال تاڵەبانی زۆر لاواز بووە. گوتی، «یه‌نه‌كه نه‌یتوانی هێڵی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی بپارێزێت. ئێمە یەنه‌كه به ڕێکخستنێکی دیموکراتی و وڵاتپارێز داده‌نێین کە له ئاست بەرژەوەندییه نەتەوەییه‌كان هه‌ستیاره. بەداخەوە ئێستا ناتوانێت ئەو هەڵوێستە پیشان بدات.»
هۆزات بانگی یه‌نه‌كه‌ی كرد کە خاوەنداره‌تی لە به‌هاكانی كاتی دامەزراندنی خۆی بکات. له‌وباره‌یه‌وه گوتی، «پێویستە یه‌نه‌كه لەسه‌ر هێڵی ئیبراهیم ئەحمەد بڕوا و لەم بابه‌ته‌دا هەڵوێستێکی بەبڕیار پیشان بدات. ئەوەی کە له یه‌نه‌كه ده‌وه‌شێته‌وه و ئه‌وه‌ی له یه‌نه‌كه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، هه‌ر ئه‌مه‌یه.»
«گۆشه‌گیری ناڕه‌وایه»
بەسێ هۆزات سەرنجی ڕاکێشایە سەر گۆشەگیریی سه‌ر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی، «لە ١٨ی حوزەیرانەوە هیچ دیدارێك ئه‌نجام نه‌دراوه. لە دژی ئەوە پێویستی بە ناڕەزایەتییه‌كی بەهێزی کۆمەڵگه هه‌یه. پێویسته گەلەکەمان به‌بێ ناوبڕ لە هەموو شوێنێک درێژه به تێکۆشانی خۆی بدات بۆ شکاندنی گۆشه‌گیری. پێویسته دۆستەکانی خۆی و ڕای گشتی دێموکراتی بخاته جووڵه و تێکۆشان. دەبێت ئەوە بزانرێت؛ ئەگەر گۆشەگیری بەردەوامیش بێت، به‌هۆی بەرخۆدانی گەورەی زیندان وەک پێشتر نابێت. بە تێكۆشانی کۆمەڵایەتی دەکرێت كۆتایی به گۆشگیریی سه‌ر ڕێبەر ئاپۆ بهێنرێت.»
«ڕێبه‌ری ئازاد، تورکیای دیموکراتی»
له به‌رده‌وامی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌یدا به‌سێ هۆزات ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، هێشتا سی پی تی (كۆمیته‌ی ڕێگرتن له ئه‌شكه‌نجه) ئەنجامی دیدار و لێکۆڵینەوەکانی له ئیمڕاڵی بۆ ڕای گشتی بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه. گوتی، «پێویسته سی پی تی ئەو ئەنجامانە به ڕای گشتی ڕاگه‌یه‌نێت و لە دژی گۆشه‌گیری هه‌ڵوێستی هه‌بێت. پێویسته پارتییه‌سیاسییەکان، هێزە دیموکراتییەکان، داموده‌زگه حقووقییه دیموکراتییه‌كان لەگەڵ ڕێكخراوه‌كانی کۆمەڵگه‌ی سیڤیل دژبه گۆشەگیری هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ و تێكۆشانێكی به‌هێز بكه‌ن. ده‌بێت هەر بۆچوونێكی ڕێبه‌رایه‌تی بۆ دیموکراتیی تورکیا و هیزە دیموکراتییەکان هێزێكی گه‌وره‌یه. ڕێبه‌ری ئازاد واته تورکیای دیموكراتی. پێویسته هەموو کەس گۆشه‌گیری وەکو گۆشەگیریی سه‌ر خۆی ببینێت، تێکۆشان بکات و خەباتی دیموکراتی به‌رفره‌وان بكات.»
بەردەوام دەبێت...
s.m