هاوسەرۆکانی هەدەپەی مێردین: چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن

ئەیلەم ئاماک و ساڵح کودای هاوسەرۆکانی هەدەپەی مێردین وتیان، چالاکییەکانیان بەردەوام دەبێت.

هاوسەرۆکانی هەدەپەی مێردین، ئەیلەم ئاماک و ساڵح کودای ڕایانگەیاند، لەدژی کودەتای قەیوم لەسەر ٣ شارەوانییە گەورەکانی ئامەد، وان و مێردین لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن.

ئاماک قەیومەکانی ٢٠١٦ی وەبیر هێنایەوە و وتی، ئەو کاتە بەهۆی هێرشە قورسەکان و قەدەغەی هاتووچۆ هەڵوێستێکی بەهێز درووست نەبوو، بەڵام ئەمجارە ڕای گشتی هەڵوێستی خۆی دیاری دەکات و ئەوە ٢٠ ڕۆژە گەل لە دەرەوەیە و لەسەر شەقامەکان ناڕەزایەتى دەردەبڕن.

ئاماک وتی: "گوشارێکی قورسمان لەسەرە"، سەرنجی ڕاکێشایە سەر دەستگیرکردن و زیندانیکردنەکان و وتی: "لەم مانگ و نیوەی دوایی گوشار و ئۆپەراسیۆن زۆر بوون تاوەکو قەیوم هاتن".

ئاماک وتی، گەلی مێردین وێڕای هەموو هێرشەکانیش، خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی دەکات و بەردەوام بوو، "گەلەکەمان کاتێک نوێنەرانی خۆی لە گۆڕەپانەکان دەبینێت، بەرخۆدانەکەی گەشاوەتر دەکات. ئێمەش دەزانین، ئەم حکومەتە هەرچەند هێرشیشمان بکاتە سەر، بەڵام ئەوان بە هی خۆیان نازانن و قبوڵیان ناکەن. ئێمەش بە چالاکی دانیشتن، بە چالاکی دیکەی هێمنانە، درێژە بە بەرخۆدانی خۆمان دەدین".

کودای وتیشی "قەیومیان تەنها بۆ سەر کورد نەهێناوە، هێناویانەتە سەر مۆزائیکە کەلتوورییەکە. ئەوە قبوڵ ناکرێت. ئێمە لێرە ئیرادەیەکمان ڕاگەیاند و ئێستا هەموو قەیومەکان بە نەبوو دەژمێردرێن و هیچ حسابێکیان بۆ ناکرێت".

کودای وتیشی، قەیوم دوژمنی کەلتوورەکانە، ئەوەی بیر هێنایەوە کە قەیومی پێشوو هێرشی دەکردە سەر شوێنی گەنجان، کەلتوور و هونەر، ماوەیەکی کورت پێش ئەوەی قەیوم بینن، ئەنستیتۆیان داخست. وتیشی، لەدژی ئەو هێرشە گشتییانە ئەوانیش، لەگەڵ گەلانی مێردین پێکەوە لە دژیان دەوەستنینەوە و بەرەنگارییان دەکەین.

ژ.ت