هاوسەرۆکى پەژاک: رژێمی داگیركاری ئێران لە لێواری مەرگدایە

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکى پارتی ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەى دوا پێشهاتەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێرانەوە و پێشهاتەکانى ناوچەکە و جیهانەوە شیکارییەکى خستەڕوو.

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکى پەژاک لە شیکارییەکەیدا رایگەیاند، شەڕ و ڕوبەڕوو بوونەوەی سەربازی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هیچ کاتێک لایەنێکی سەرکەوتووی نەبووە و هیچکام لە لایەنەکانی ئاڵۆزی و پێکدادان بەهرەیان لەم شەڕەنگێزییانە نەبردووە و تەنها گەلان و چین و توێژەکانی بندەست و چەوساوە لە نێوان برسێتی، هەژاری و خوێندا ژیانیان تێکچووە.

زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریكا که جێگیرکردنی ئاشتی و هەناردەکردنی دموکراسی بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئێرانیان کردووەتە بیانووی هاتن و مانەوەی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بێجگه لە تێکدانی ئارامیی ناوچەکە و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئارامیی ناوچەکە هەڵنەگرتووە و لە ئەساسدا مەبەستێکی بەو شێوازەشیان نییە.

ئەم هێزانە ئیسلامی توندئاژۆ و نەتەوە پەرەستی وەک ئامڕازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکار دەهێنن و لەم ڕێگایەوە سەردەستیی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین درێژ دەکەنەوە و بە سیاسەتی شەڕەنگێزی لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە سەردەستیی خۆیان بەردەوام دەکەن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران لە لایەن ئەمریكا، هەڵوێستی توندی دەوڵەتی ئێران و کاردانەوەی جیاوازی لە لایەن وڵاتانی دیکە لێکەوتەوە. ڕکابەران و دژبەرانی ئێران وەک ئیسرائیل، عەرەبستان و ئیمارات پێشوازییان لەم بڕیارەی ئەمریكا کرد و دژبەرانی ئەم بڕیارەش دەرئەنجامەکانی بە باش نازانن. پێوەندیەکانی ئێران و ئەمریكا لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ساڵی ١٣٥٧ تا ئێستا ناکۆک بووە و بە قۆناخی بەرز و نزمدا تێپەڕ بووە. دوای هاتنە سەر کاری ترامپ پێوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە زیاتر لە ڕابردوو ئاڵۆزی بە خۆیەوە بینی و دوای سەپاندنی دووبارەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران لە لایەن ئەمریكاوە پێوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتەی تووشی قەیرانێکی مەترسیدار کردووە کە ئەگەری پێکدادانی سەربازی و شەڕێکی گەورەی زیاتر کردووە و وەک ڕابردوو قوربانی ئەو شەڕە گەلانی ناوچەکە دەبن.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمریكا لەم بڕیارە و زیاترکردنی گوشار و گەمارۆ بۆ سەر ئێران، لاواز کردنی دەوڵەتی ئێران و کەمکردنەوەی دەستێوەردانەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا. ئەمریكا کێشەی هەیە لەگەڵ بەهێزبوون و کاریگەریی زیاتری ئێران لە ناوچەکە بەهۆی ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە دەکەوێتە مەترسیەوە.

سوپای پاسداران خۆی لەژێر ناوی وەک حەشدی شەعبی و حیزبوڵا، زەینەبیون و فاتمیون لە وڵاتانی ئێراق، سوریا و لوبنان، پاکستان و ئەفغانستان بەڕێخستن کردووە. بەهای هەبوونی ئێران لەم وڵاتانە لە بودجەی ساڵانەی خەڵک وەردەگیرێت و ئەوەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی و تووڕەیی خەڵکی ئێران لە بەرانبەر دەوڵەت و حکومەت بووە. لە کاتێکدا که دەسەڵاتدارانی ئێران بەدوای بەهێزکردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیانن لە ناوچەکە، خەڵکی ناوخۆی ئێران تووشی کێشە و گرفتی زۆر بوونەتەوە و نموونەی ئەم کێشە و گرفتانە لە لافاوە ویرانکارەکەی ئەم دواییانە دەبینین که جارێکیتر کەم کاری و کەمتەرخەمی دەوڵەتی ئێرانی سەبارەت بە خەڵکی ئەو وڵاتە نیشاندا. وێرانی سەدان گوند و ژێرئاو کەوتنی زەوی کشتوکاڵ بۆتە هۆکاری زیانی گەورە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی لافاو لێدراوە و کێشەی گەورەی بۆ ژیانی خەڵک ساز کردووە.

لافاو هەروەها پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵکی تووشی ئاستەنگ کردووە و تەنانەت دیمۆگرافیای شارەکانی گۆڕیوە و زۆربەی خەڵکی ناچاری کۆچبەری و بەجێهێشتنی ماڵەکانیان کردووە. بێجگە لە قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، قەیرانی ژینگە و وشکەساڵیش بەرۆکی خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی ئێرانی گرتووەتەوە. لە دەرەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی وەک دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر بەنداو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەی لە ڕووبار و گۆلەکان وشک بوون کە ئەمەش لە داهاتوودا ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی مەترسی و قەیرانی گەورە دەکاتەوە.

دیارە کە خەڵکی ئێران بەهای شەڕەنگێزی و دەسەڵاتخوازی بەرپرسانی ئاستی باڵای ڕژێمی ئێران دەدەن کە لە ماوەی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتداری ولایەتی فەقیهـ تەنها لەو کاتەدا دەنگی خەڵی بیستووە، کە خۆی کەوتووەتە تەنگانە و بە بانگەواز بۆ پاراستنی ئەوەشی وت، یەکگرتوویی وەڵامی داخوازەکانی خەڵکیان داوەتەوە، بەڵام قەت کێشەکانی خەڵکیان چارەسەر نەکردووە و کارنامەی ئەو ڕژێمە و بەرپرسەکانی بێجگە لە تاڵان و دزی و چەوساندنەوەی گەلان هیچیکی تێدا نابینرێ.

لە داهاتوویەکی نزیکدا کاردانەوەکانی گەمارۆ و بڕیارەکانی ئەمریكا لە بەرانبەر ئێران دەردەکەوێت، هەرچەندە پێناچێت ئێران لە بەرانبەر ئەم بڕیارانەی ئەمریكا بێدەنگ بمێنێت. لە سەرەتای قۆناخی یەکەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریكا، هەڵاوسان و گرانبوونی نرخی دراوە بیانیەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیان خەڵکی ئێرانی خستە دۆخێکی نالەباری ئابووری. لە لایەکی دیکە ناڕازی بوون و خۆپێشاندانی چین و توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا لە دژی ڕژێم و بۆ گەیشتن بە داخوازەکانیان بەردەوامە و دەوڵەت تائێستا وەڵامێکی گونجاوی نەداوەتەوە بە خەڵک و هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەری کێشەکانیان نەداوە.

سوپای پاسداران که خۆی بە " پارێزەری شۆڕش و دەستکەوتەکانی" پێناسە دەکات بازنەی کاریگەریی خۆی لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە پەرە پێداوە. ئەم ڕێکخراوە سەربازی و ئیدئۆلۆژیکەی ڕژێمی ئێران که لە هەموو بەشەکانی ئابووری، بەرهەمهێنان، گواستنەوە، سەرچاوە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت و گاز جێگای گرتووە و زیاتر لە نیوەی ئابووریی ئێرانی لە ژێردەستدایە.

بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و بیانووی پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش کاولکاری زۆری لێکەوتووەتەوە و بێجگە لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و ڕێکخستنی گروپی تیرۆریستی سەر بە خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە، لە ناوخۆی ئێرانیش بە دروست کردنی ناوەندی زانیاری، ئەمنی و دادگای سەربەخۆ بە هەزاران کەسی بێتاوانیان ئەشکەنجە داوە و بە ناوی دژبەری لەگەڵ خودا لەناویان بردوون.

سوپای پاسداران وەک دەوڵەتێکی هاوتەریب و شاراوە دەستی لە تیرۆر و کوشتاری زۆردا هەبووە و هێزی سەرەکییە لە پاکتاوکردنی دژبەران و ڕەخنەگرانی بەناو"شۆڕشی ئیسلامی" و بە هەموو شێوازێک هەوڵی کۆنترۆڵ و چاودێری لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵکی دەدات تا ڕێگا نەدات هیچ کەسێک لە بەرانبەر دەسەڵاتی ڕەهای وەلایەتی فەقیهـ ڕاوەسێت و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئیسلامی بکەوێتە مەترسیەوە که تەنها بۆ ئەوانە و هیچ سوودێکی بۆ خەڵک نەبووە.

لەگەڵ پەرەسەندنی گوشارەکان و بنبەستی سیاسی و ئابووری ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە، سیاسەتەکانی ئێران لە بەرانبەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەردەوام سەرکوتگەرانه بووە و ئەمە یەکێک لە نیشانەکانی کۆمەڵگایەکی بندەست و چەوساوەیە که ڕێگای ڕەخنەگرتن و ڕادەربڕینی پێ نادرێت و کۆمەڵگای مەدەنی ڕووبەڕووی گوشارێکی توند دەبێتەوە.  ڕژێمی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکاری خۆی هیچ کاتێک ڕێگای بە ڕادەربڕێنی ڕەخنەگران نەداوە و بۆ هەر ناڕازی و ڕەخنەگرێکی دەسەڵات، سزای توندی سەپاندووە.

بێجگە لە گوشاری ئابووری و سیاسی، ئێران ساڵانێکە به هۆی پێشێلکردنی مافی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان و سزای وەک سێدارە بەردەوام لە سەرووی وڵاتانی پێشێلکەری مافی مرۆڤ بووە و ئەمەش یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێرانە کە ڕووبەڕووی ڕەخنەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێت کە ماوەی دیکتاتۆری لە ئێران بەرەو کۆتاییە و ئیدی خەڵکی ئێران لە نادادپەروەری، هەژاری، بێکاری و کێشە کۆمەڵایەتیەکان بێزار بوون.

بەکارهێنانی زۆر و توندوتیژی لەسەر کۆمەڵگا تەنها لە پێناو ترساندن و بێدەنگ کردنی خەڵک لە بەرانبەر ستەمی دەسەڵاتە و پێویستە خەڵک ئەم بێدەنگییە بشکێنن و لە پێناو گەیشتن بە مافەکانیان تێکۆشان زیاتر بکەن. لەبەر ئەوەی لە هەموو ناکۆکی و ململانێی نێوان ئێران و زلهێزانی ناوچەکە و جیهان، خەڵک دەکەونە ژێر کاریگەریی نەرێنی ئەم تێکهەڵچوونە.

گەمارۆی ئابووری کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و دەرونناسی کۆمەڵگا داناوە و بەرزبوونەوەی توندوتیژی و ڕێژەی خۆکوشتنی گەنجان و بەتایبەت ژنان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵگا. بەو هۆیەوە بێدەنگی و چاوەڕوانی لە بەرانبەر ڕووداوەکان تەنها دەبێتە هۆکاری بەردەوامیی دەسەڵاتی دیکتاتۆر چەوسانەوەی گەلان و پێویستە هەڵوێستەکان لە دژی سیاسەتەکانی ڕژێم بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت.

مێژووی ئێران، بە تایبەتى مێژووی هاوچەرخی ئێران شایەتى جۆرێک لە خۆڕاگری و بەرخودانى رۆشنبیریى کۆمەڵگە بەرامبەر بە سەپاندنی نکۆڵیکردنی شوناسەکان بووە. بەوەش لە بەرامبەر ئیستیبداد و ملهوڕی و هەژمونگەریى حکومەتدا بەرگری و پارێزگارییان لە کۆمەڵگە کردووە. خەڵکی هۆشیاری ئێران بەهۆی نادادی، هەژاری، بێکاری، گرفتەکان و زیانە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە ژێر گوشارێکى زۆردان.

ڕوانگەی پەژاک که ستراتژیی هێڵی سێهەمی کردووەتە بنەمای تێکۆشانی خۆی ئەمەیە کە دەوڵەتی ئێران تا کاتێک که لە پێناو دیموکراتیزاسیۆن و گۆڕانکاری بنەمایی هەنگاو نەنێت هەر ڕۆژ هەنگاوێک زیاتر بەرەو هەڵدێر دەچێت و ئەگەر گوشار و هەڕەشەی دەرەکیش نەبێت خەڵک و کۆمەڵگا ئیدی بەردەوامیی ئەم دۆخە و ئاستەنگییەکانی ڕژێم قبووڵ ناکەن.

ناڕەزایەتی ناوخۆیی لە ڕێگای دیپلۆماتیک و پێشکەوتنی سیاسەتی دەرەوە چارەسەر نابێت، بۆیە قووڵایی کێشەکان لە ئێران گەیشتووەتە ئاستی قەیران و لە ئەگەری بەردەوامیی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران، ئاستی کاردانەوەکانی خەڵک بەرزتر دەبێتەوە. شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی که ئێران دیموکراتیک بکات و بۆ هەموو گەلانی ئێران وەک کورد، بەلوچ، عەرەب، لوڕ و هەموو دین و مەزهەبە جیاوازەکان ببێتە جێگای ئەمنیەت، ئازادی و یەکسانی پێویستی بە ڕێخستنکردنی بەردەوام و یەکێتی و هاودەنگی لە بەرانبەر زۆرداری و ستەم هەیە و بەم شێوازە دەکرێت داهاتوویەکی ڕوون بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابین بکرێت.

ر.م